ئەبوبەکر عەلی

ئەبوبەکر عەلی

ئیمپراتۆریەتی ساسانی بەرانبەر ئیسلام شایستەی بەرگری لێکردنە؟

بەداخەوە لەناو کورددا کەسانێك ھەن، رووخانی ئیمپراتۆریەتی ساسانی لەسەر دەستی لەشکری موسڵمانان، وەك کارەسات وێنادەکەن! لەوەش خراپتر، ئەم پرسە دەکەن بە پرسێکی ئێستای نێوماڵی کوردی و خەڵکی لەسەر پۆڵێندەکەن بەگژ یەکیاندا دەدەن و ھەستی موسڵمانی گەلەکەیان بریندار دەکەن! 

بوغزو کینە بڵاودەکەنەوەو بەدگومانی و رق بەرانبەر یەکتر لە کۆمەڵگەدا  پەرەپێدەدەن! بە جۆرێکی ئیستیفزازیانەش مەسەلەکە تەرحدەکەن وەك ئەوەی موسڵمانانی ئێستای کوردستان لێپرسراوی دۆخە مێژووییەکە بن؟!
 لێرەشەوە گرنگە بزانین واقیع و حەقیقەتی ئەو ئیمپراتۆریەتەی ھەندێك بەم جۆرە کوێرانەو لە سۆنگەی بوغزی ئایدۆلۆژی و ھەژاری مەعریفی و کەم ئاگایی مێژووییەوە بەرگری لێدەکەن، لە کۆتاییەکانی و سەروبەندی رووخانیدا چۆنبووە؟
بۆ ئەمەش، حەزدەکەم وێنای واقیعی سیاسی و دینی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئیمپراتۆریەتەکە لەسەر زاری ناسەرێکی سکیۆلاری کوردەوە بگوازمەوە بخەمەڕوو، کەتۆمەتی ئەوەی لەسەر نییە لە دیدی ئیسلام و ئیسلامییەکان سەیری مەسەلەکە دەکات و رێز لە راستیە مێژووییەکان ناگرێ. نووسەری ناوبراو (١) لەم بارەوە نووسیویەتی:
لەو زەمانەدا ،واتە سەرھەڵدانی مەزدەك، کە ھاوکاتبووە لەگەڵ کۆتاییەکانی ئیمپراتۆریەت و رووخانیدا (سیستمێکی چینایەتی زاڵمانە ھەبوو)، ھەروەھا مۆبدان و پیاوانی ئایینی زەردەشتی لە خزمەتی ئەو سیستمەدا بوون. ئایینەکە خۆی لەگەڵ ئەو چینانەدا گونجاندبوو، زیاتریش خۆی لەگەڵ بەرژەوەندی کۆمەڵایەتی و ماڵی موبەدەکان (واتە پیاوانی ئایینی زەردەشتی) و ستەم و زۆرداری و فەسادی ساسانیدا رێکخستبوو.
لە مێژوودا ئەو قۆناغە بەناوبانگە کە ئیمپراتۆریەتی ساسانی لە خراپترین بارودۆخدا بوو، جوتیاران، پیشەوەری شار، جەنگاوەران و خەڵك بە گشتی، لەژێر چەوساندنەوەیەکی وەھادابوون، کە بواری بەردەوامبوونی ژیان زۆر کەم بووبۆوە. گرانی و قات و قڕی ھەموو گوندو شارەکانی گرتبۆوەو برسێتی بڵاوبووبۆوە.لە ھەمان کاتدا، خەرافە پەرستی لە ھەموو کات زۆرتر بوو. کاربەدەستان و دەسەڵاتدارانی ساسانی لەگەڵ موبەدەکان لە گەندەڵیدا رۆچووبوون. لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە فەساد گەیشتبووە ئەوپەڕی خۆی وەك دەگێڕنەوە شیرازەی خێزانەکان و مرۆڤەکان لێکترازابوو، بە جۆرێك دروستکردنی خێزان و ھاوسەرگیری کارێکی زۆر سەخت بوو.لە بەرانبەر ئەوەدا، کاربەدەستان و فەرمانڕەواو موبیدەکان لە ژینێکی خۆشدابوون و حەرام سەرایان ھەبوو! 
لێرەدا چەند پرسیار سەرھەڵدەدەن لەوانەش:
ئەگەر ئەمە واقیعی دینیی و سیاسی و ئابووری و کۆمەلایەتیی ئیمپراتۆریەتی ساسانی بووبێت، ئایا ھیچی پێمابوو بۆ ژیان و مرۆڤ و گرووپە مرۆییەکان ناوی بیبەخشێت؟ یاخود بوو بوو بە بارو مەینەتی و دێوزمە بەسەر شانی زۆربەی کۆمەڵگەوە؟
ئایا ھیچ پاساوێکی ئەخلاقی بۆ بەرگریکرن لە واقیع و سیستمێکی لەو جۆرە بوونی ھەیەو لە ئارادایە؟
واتە، ئایا شایستەی بەرگریلێکردنە؟

ئایا پێش دەرکەوتنی ئیسلام و موسڵمانان لەسەر گۆڕەپانی مێژوو، ھەلومەرجەکانی رووخان لەناوخۆیدا پێنەگەیشتبوو؟
 ھەروەھا دەبێت چ پاڵنەرێك وا لە زۆرینەی کۆمەڵگە و لەوانەش کورد کە بە گشتی بەشێك بووە لە چینە رەنجبەر و پێخوستکراوەکەی کۆمەڵ بکات، بەرگری لە مانەوەی دۆخێکی پڕ مەینەتی لەم جۆرە بکات؟ بە تایبەتیش بەرانبەر ھەڵگرانی ئایینی، واتە (ئیسلام)، کە بانگەشەی رووخاندنی ئەو سیستمە ستەمکارە چینایەتیەو لابردنی جۆرەھا باج و رووتاندنەوەی  دەکرد.

 بە حوکمی ئەوەی لەڕوانگەی ئەوەوە، ھەروەك مامۆستا ھەژار دەڵێت: موسڵمانان ھەموو بران، رەش و بۆرو سپی و مۆروزەر لە ئارادا نییە، ئایینی تازە دەیانکات بە بەشێك لە زۆرینەیەکی نوێ و ھەست بە بێکەسیان لادەڕوێنێتەوەو ھەستدەکەن ستەمیان لێناکرێت (٢). ئەوەش وایکرد بە وتەی مێژوونوسی گەورەمان (ئەمین زەکی بەگ) ھەستکەن ئایینە نوێکە وەڵامی بانگی ویژدانیان دەداتەوە(٣). ئەوانەشیان لەسەر ئایینی خۆیان دەمانەوە له سۆنگەی ئایەتی (لا اكراه في الدين) و ئەو فەرمودەی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) کە دەربارەی زەردەشتییەکان دەفەرموێت: ھاوشێوەی ئەھلی کیتاب و خاوەن پەیامەکان مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن(٤).  بەرانبەر باجێکی دیاریکراو ئازادی ئایینیتان بۆ دەستەبەردەکرا و زۆریان لێنەدەکرا واز لە ئاینەکەیان بھێنن.
پەراوێزەکان:
١- سەرۆقادر،بارزان مێژووی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی کوردستان، ٢٠٢٠، لا٥٦ ، ٥٧ ھەڵبەت چەندین تێبین جۆراوجۆرم لەسەر کتێبەکە ھەیە کەئەوەیان بابەتێکی ترە.
٢- ھەژار موکریانی، پێشەکی شەرەفنامەی شەرە فخانی بتلیسی،١٩٧٢،لا ٣١
٣- محەمەد ئەمین زەکی، مێژووی، کوردوکوردستان، وەرگێڕانی عەبدولکەریم محەمەد سەعید،١٩٩١، لا١٢٣
٤- فەرموودەکە لەزۆر سەرچاوەدا ھاتووە لەوانەش مەوتیئی پێشەوا مالك.

وتارەکانی تری نووسەر

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan