ئەبوبەکر عەلی

ئەبوبەکر عەلی

پاپا لە ھەولێر چ شتێکی جیاواز دەبینێت؟

پێشتر رای خۆمان بەرانبەر ھاتنی پاپا بۆ عیراق دەربڕی وتمان: شتێکی وا لەدۆخی عیراقییەکان ناگۆڕێت.
 دەربارەی ھاتنیشی بۆ ھەرێم، دەخوازین  ھەندێ بە درێژتر لەسەری بووەستین وا ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بخەینە بەرچاوی ئەوانەی ئەرك و مەبەستیانە:

 یەکەم/ بەگوێرەی پڕۆتۆکۆڵ و ئیعتیباری تر، پاپا میوانێکی گەورەی کوردوستانە. بۆیە ھەرکارو گوفتارو رەفتارێك، پێچەوانەی  رێزگرتن لەمیوانێکی لەوجۆرەبێت،  بەگوئرەی پێوەرە شەرعی و سیاسی و ئەخلاقییەکان رێگە پێ نەدراوە. پێش ئەوەی دژی پاپاش بێت، دژ بەناوبانگی ئیسلامەتی کوردەواری گەل و ووڵاتەکەمانە. 
کەسانی تر بەکردەوە رێز لە شوێنکەوتەی ئایینەکانی ترناگرن و کەچی لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێکیان بەزمان ھیچیان نەھێشتۆتەوە،  نابێت ئێمە لەکاتێکدا  بەکردەوە ئەوە دەکەین و لێبوردەیی و پێکەوە ژیانی ئایینی لەمئژەوە تاکو ئێستا، بووە بەبەشێکی گرنگیی پێکھێنەری کلتوری ئاینی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیمان، بەقسەی ھەندێك بخرێتە ژێر پرسیارەوە.

دووەم/ پاپا یەکەم جارە دێتە ھەولێر، سەرنج و بینینەکانی یەکەم جاریش بە گشتی ، رۆڵی گرنگ لە وێناکردنی کۆی رابردوو  ئێستاو ئایندەی ئێمەدا دەبینن. بۆیە گرنگە ئەوە لای تیمی پێشوازیکار و سەرپەرشتیکاری پێشوازیەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەوە لەخۆیان بپرسن:  کە پاپا ھات، ھەر لەسەرەتاوە چی دەبینی و چاوی بەچی دەکاتەوە؟ گرنگی ئەم پرسەو ھەندێ مەسەلەی تریش، لەوەدایە، کورد لەسۆنگەی بێ دەوڵەتی و کەمتەرخەمی خۆشیەوە، ھێشتا لە قۆناغی خۆناساندایە بەجیھان. دەیەوێت بیسەلمێنێت ھەیەو جیاوازە کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، خاوەن پێگەی شایستە بەخۆی نیە لە جیھاندا. لەم روانگەوە و لەسۆنگەی ئەوەی پاپا رەمزی سەدان ملێون باوەردای کاسۆلیکە لەجیھاندا، لەھەموو جیھانەوە بەدواداچوون بۆ سەفەرەکەی و وێستگەکانی دەکرێت، لەکاتێکی لەم جۆرەدا دەرفەتە وێنای ھەرێمێ لە خۆنیشانبدرێت، کەلەکاتێکدا شانازی بەناسنامەی نیشتیمانی و ئایینی خۆیەوە دەکات، مەڵبەندێکی لێبوردەیی ئاینییە. ھەولێریش، بەنوێنەرایەتیی ھەرێم،  شایستەی ئەوەیە، نازناوی پایتەختی لێبوردەیی نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبیی خۆرھەڵاتی ناوەراستی پێ ببەخشرێت. ھەڵبەت  جیاوازی مامەڵەی ھەرێم لەگەڵ ھەندێ کەم و کورتیشدا، لەگەڵ شوێنکەوتەی ئایینەکانی ترو لەوانەش کریستیانەکان، خاڵی ھێز و گەشی ئێمەیە. بەڵام گرنگ ئەوەیە تاچەند ئەمە بۆ پاپاو فاتیکان دەکەین بەقەناعەت؟ چونکە گرنگ ئەوەیە بەرانبەرو خاوەن بەرژەوەندی قەناعەتی بۆچی ببێت کە ئێمە لەم رووەوە جیاوازین، نەك خۆمان، شایەتی دانی نوێنەرە نافەرمی و فەرمی پێکھاتەی مەسیحیش، لەم چوار چێوەدا، رۆڵی گرنگ دەگێڕێت.

سێ یەم/ بەدەر لەسەلماندنی جیاوازبوون لە سەر ئاستە ئایینییەکە، کەگرنگە، ئایە کاتێك پاپا دێتە ھەولێر و دیدار و چالاکییەکانی ئەنجام دەدات، ھەولێرێکی جیاواز لە بەغدا و  شارەکانی تری عیراق دەبینێت؟ قسەی جیاوازی گوێ لێ دەبێت؟  ھەست بەتێگەیشتن وھەڵوێستی جیاواز دەکات، واقیع و بەڵگەکان توانای پشت راستکردنەوەیان ھەبێت؟  بەدەر لەوە، ئەگەر ھەولێر ئاوەدانتر ھاتە پێش چاو، ئایە دەتوانیین بەو جیاوازیانە دڵ و عەقڵی پاپاو وەفدەکەی  پربکەین، کەدەربری تایبەتمەندیی کولتوریی و شێوە ژیان و خواستی ئێمەن؟ ھیچ  شتێك کراوە بۆ ئەمە.  ئەمە و زۆرشتی دیکە. چی دەبینێ وچی دەبیستێ، بۆ ھەرکەسێك  دەربارەی ھەرواقیع و کولتورێك گرنگە، چونکە رووی دووەمی ئەوەیە : چ تێگەیشتن و یاداوەریەکی بۆ دروست بووە؟ چ وێنەو ھەست وکەرەسەی خاوی بریارێکی ھێشتا نەدراو لەئایندەدا لەگەڵ خۆیدا دەباتەوە؟

چواەم/ نابێت چاوەکان تەنھا لەسەر پاپا و وەفدەکەی بێت، بەڵکو  دەبێت گرنگییەکی گەورەش  بەو لەشکرە لە رۆژنامەنووس و راگەیەنکاریش بدرێت، کە لەگەڵ پاپادا و رووماڵی سەردانەکە دەکەن.  ئایە ستاف و توانایەکی تایبەت بەئەمان و چۆنییەتی پێشوازیلێکردن و خزمەتکردن و سوود لێبینینێکی فراوانتر لە رووماڵێ سەفەرەکە، دەستنیشانکراوە؟ ناوەندێ ھەیە بۆ تۆمارکردنی زانیاری و دروستکردنی پەیوەندی و بەدوادا چون ؟
بەرنامەیەکی لەپێشتر دیاریکراو ھەیە بۆچۆنییەتی سود لێبینیان لەئێستادا؟

پێنجەم/ ئەوەی لەپێشەوە وترا، بە پلەی یەکەم، باس لە خۆنمایشکردن و جیاوازی نیشاندانە بۆ دەرەوەی خۆی و جیھان. ھەرچی پەیوەندی بەناوخۆمانەوە ھەیە، ئایە سەردانەکە لانی کەم زیاتر و لێپرسراوانەتر سەرنجمان بۆ ئەو شتانە رادەکێشێت، کەتیایاندا جیاواز نین و وێنەی لەبەرگیراوەی ئەزموونە حوکومڕانییە خراپەکانی ناوچەکەین؟  ئایا شەرمێکی تێکەڵ بەڕاچەنینی عەقڵ و ویژدان و توانای وەڵامدانەوە بەئاڵانگاریەکان بەواتا توینبییەکەی، داماندەگرێت، لەسەرئەوەی لەکاتێکدا داوا لە جیھان دەکەین وەك نەتەوە بمانبینن و دانمان پێدا بنێن و مامەڵەمان لەگەڵدا بکەن، کەچی خۆمان لەناوخۆدا بەوجۆرە مامەڵە لەگەڵ یەکترناکەین و کوردبوون و کوردستانی بوون زۆرکەم نەبێت ، توانای دروستکردنی ھەست و ناسنامە ھاوبەش و گیانی ھاوچارەنوسیان نەماوە، بەوجۆرەی  ھەر ناسیۆنالیزمێك لەدونیادا دەیخوازێت؟ ئایە.. ئایە.