نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

ئایا مێگەرایی (فێمینیست – مێنیست) تیۆری سیاسییە؟

پێش وەڵامدانەوەی پرسیارەکە، باس لە مانای تیۆری سیاسی دەکەین، تیۆری سیاسی: کۆمەڵێک چەمک و ئایدیای هارمۆنیی سیستماتیکییە، ئامانجی روونکردنەوە و پێناسەکردنی شێوەکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، هەروەها خەسڵەتی تاکەکانە. تیۆری سیاسی؛ سیستمی سیاسی، فەلسەفەی سیاسی، زانستی سیاسی، ئەنترۆبۆلۆژیا، تیۆری دەوڵەت و حوکمڕانی و... هتد، لەخۆ دەگرێت.

بەپێی ئەم پێناسەیە، مێگەرایی دەچێتە بواری تیۆری سیاسییەوە، کە بوارێکی تازەی هاوچەرخە و لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی پێشوو سەری هەڵداوە. دەشتوانین بڵێین: مێگەرایی تیۆرییەکی سیاسییە کە لەسەر بنەمای یەکسانیی بەندە. تێیدا داوای ئەوە دەکرێت کە: ژنان مافە یاسایی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان وەربگرن کە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی لێی بێبەش کراون. هەروەها هەوڵ دەدات و جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە دەوڵەت و سیاسەتە گشتییەکان و دامودەزگاکان لەسەر پەیوەندی نێوان هەردوو رەگەزی (نێر و مێ) کار بکەن. ئەم تیۆرییە، کە شیکاری "سیاسەتەکان و کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو رەگەز دەکات، هۆکارێکی گرنگە بۆ شیکارکردنی سیستمی حوکمڕانی و زانستی سیاسی بەشێوەیەکی گشتی".

تیۆریستەکان و مێگەراکان هەوڵیان داوە پەیوەندی نێوان ئایدیاکان و بزووتنەوە سیاسییە مێگەراکان بدۆزنەوە تاوەکوو پێناسەی تیۆرییە سیاسییە باوەکان و خەسڵەتەکانی تیۆری مێگەرایی پێ بکەن و دواتریش ببنە "رێنیشاندەری چالاکی و خەسڵەتی سیاسیی ژنان بەگشتی و بزووتنەوەکانی ژنان بەتایبەتی". ئەمەش لەپێناو دەربازبوون لەو حاڵەتی ملکەچی و چەوسانەوانەی ژنان رووبەڕووی دەبنەوە، هەروەک بۆ نەهێشتنی هەستکردن بە نادادپەروەری و پاشکۆیەتی و نایەکسانی، هەروەها زەمینەخۆشکردن و بەرچاوڕوونیی لە چۆنیەتی و شێوازەکانی کودەتاکردن بەسەر کولتوور و دابونەریتە باوەکاندا کە سیستمی پیاوسالاریی لە: ماڵ، دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندن، شەقام و شوێنی کار و گشت سێکتەرەکانی ژیان بەزۆر سەپاندوویانە.

لەگەڵ ئەمانەش، چەندین بۆچوونی جیاواز هەن لەسەر شێوازی روونکردنەوە و شیکارییەکان بۆ تیۆری مێگەرایی لەلایەن ئایدۆلۆژیا جیاوازەکانەوە، بۆ نموونە؛ مارکسییەکان، سۆسیالیزمەکان، لیبراڵەکان، رادیکاڵەکان، بوونگەراکان، کەنیسە و ئایینەکان... هتد. 

بەو هەموو بۆچوونە جیاوازەشەوە توانراوە وا بکەن چیتر دەوڵەت وەک جاران تیۆری مێگەرایی فەرامۆش نەکەن و پشتگوێی نەخەن، کە جاران لە بنەڕەتدا دەوڵەت پیاوسالاریی بوو، بە هەمان شێوەش هەمان کاریگەرییان هەبووە لە دامودەزگا و دامەزراوە حزبییەکانیشدا، بەپێی هەندێک جیاوازیی ناوچە، وڵات و نەتەوە... هتد. رۆژ بە رۆژیش کاریگەریی زیاتر دەبێت و بەرچاوڕوونییش دەربارەی زیاتر دەبێت.
 
* ئەم وتارە، دەستپێکی زنجیرەیەک وتارە کە نووسەر لە بارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan