نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

ژن لە بواری پەرستاریدا

چاودێریی تەندروستی و پەرستاری بەگشتی، زیاتر بە کاری ژن ناودەبرێت. کارێکی لەمێژینەی ژنانە، بەتایبەتییش لە کاتی جەنگە گەورەکانی جیهاندا، خانمانی پەرستار رۆڵی دیار و بەرچاویان هەبووە و لە بەرەی پێشەوەی جەنگەکاندا بوون. پەرستاری یەکێکە لەو پیشانەی زۆرترین داواکاریی لەسەر بووە بۆ ژنان، ئەویش بەهۆی لێهاتوویی، پشوودرێژی، رۆحیەتی مرۆڤدۆستانە، دڵنەرمی و بەسۆزی، بەخشین و خۆشەویستی، کە ئەم خەسڵەتانە لە ژندا زۆر بەهێزن. 

پیشەی پەرستاری چەندین جۆرە و بەپێی بڕوانامە و شارەزایی کارەکانیان ئەنجام دەدەن. 

لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەهۆی قوربانیدان و ماندووبوون و بەتەنگەوەهاتنی نەخۆشەکان و دڵسۆزی نواندن، لە سەرتاسەری جیهاندا پەرستاران نازناوی (هێڵی یەکەمی بەرگری)یان بەدەست هێنا.

پیشەی پەرستاری لە چاودێریی تەندروستیدا زۆر گرنگە، بەتایبەتییش بۆ ئەو کەسانەی کە دەستیان ناگات بە پزیشک یاخود نەخۆشخانەکان دوورن لێیانەوە. هەروەها بۆ چاودێریی دایکان و منداڵبوون، یاخود منداڵی تازە لەدایکبوو و چارەسەرە سەرەتاییەکان و تیمارکردن، بەتایبەتی لە گوندەکان و شوێنە دوورەدەستەکاندا، کە دەستگەیشتن بە پزیشک قورس و گرانە. 

لەگەڵ ئەوەی پیشەی پەرستاری پیشەیەکی مرۆییانەیە بۆ ژن و پیاو، بەڵام هێشتا ئاڵنگاریی قورس و گەورە لەبەردەم ژناندا هەیە بۆ ئەم کارە، بەهۆی نەبوونی هۆشیاری دەربارەی چەمکی پیشەی پەرستاری و گرنگییەکەی لە تەندروستیی گشتیی هاوڵاتیاندا.

وەک هەر پیشەیەکی تر، ژنانی پێشەنگ و رێچکەشکێن لە بواری پەرستاریشدا رۆڵ و کاریگەرییان هەبووە لە گۆڕینی بیرکردنەوە و تێڕوانینە هەڵەکان، لەوانە: 
خاتوو فلۆرێنس نایتینگڵ (1820–1910): بە "خاتوونی چرابەدەست" یاخود "خاتوونی رووناکی" ناسراوە، ئەویش بەهۆی ئەو رۆڵە گرنگەی کە بینی لە چارەسەرکردنی بریندارانی شەڕی کریمیا لە ساڵانی 1854 - 1856 کە شەوان چرایەکی بەدەستەوە دەگرت و چاودێریی بریندارەکانی دەکرد. هەروەها دامەزرێنەری پەرستاریی مۆدێرنە و لە ساڵی 1860 یەکەم خوێندنگەی پەرستاری بەناوی (قوتابخانەی پەرستاریی نایتینگڵ) لە نەخۆشخانەی سانت تۆماس لە لەندەن. 12ی ئایار هەموو ساڵێک کە رۆژی لەدایکبوونی خاتوو فلۆرێنسە، رۆژی جیهانیی پەرستارانە.

کلارا بارتۆن (1821-1912): ئەویش بە "فریشتەی مەیدانی شەڕ" ناسراوە بەهۆی ئەو کارە گرنگانەی لە کاتی شەڕی ناوخۆی ئەمەریکادا ئەنجامی داون. خاتوو کلارا لە ساڵی 1881 رێکخراوی خاچی سووری ئەمەریکی دامەزراندووە و تا ساڵی 1904 سەرۆکی ئەو رێکخراوە بووە. هەروەها دەیان خاتوونی پەرستاری تر کە ناوەکانیان لە مێژوودا تۆمار کراوە و پێگەی بەرزیان هەیە لە خزمەت بە مرۆڤایەتی لەو بوارەدا.

ساڵی 2023 لە گۆڤاری (WORLD)ی ئەمەریکیدا ئاماژە بەوە دراوە کە عیراق لە کۆی ئەو 193 وڵاتەی زۆرترین پێویستییان بە پەرستار و مامان هەیە؛ پلەی 72یەمینی جیهانی هەیە، هەروەها پلەی یازدەیەمینییش لە وڵاتانی عەرەبیدا. بە گوێرەی گۆڤارەکە، عیراق بۆ هەر دە هەزار کەسێک 22.56% پەرستار و مامان هەن.

تا ئێستاش روانگەی کۆمەڵگە بەرانبەر بەم پیشە مرۆییە باش نییە و هەوڵی ناوزڕاندنیان دەدرێت، ئەویش بەهۆی سروشتی کارەکانیان کە بەرکەوتنیان لەگەڵ پیاوان زیاترە. لە لایەکی تریشەوە زۆرێک لە مافە پیشەییەکانیان دەستەبەر نەکراوە وەک کارمەندێکی گرنگی بواری تەندروستی. 

عەقڵیەتی دواکەوتوو و دابونەریتی نەخوازراو و دەمارگیریی ئایینیی، رۆڵیان هەیە لە ناشرینکردنی زۆرێک لەم جۆرە پیشانەدا. 

خ.غ


Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan