نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

پیسبوون بە دەنگ (ژاوەژاو)

پیسبوونی ژینگە بە ژاوەژاو (Noise Pollution)، یەکێکە لە گرنگترین کێشەکانی سەردەمی ئەمڕۆ کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستی مرۆڤ و ژینگە هەیە. ژاوەژاو، وەک هەر دەنگێکی ناخۆش یان نەخوازراو پێناسە دەکرێت کە دەبێتە هۆی شێواندنی سیستمی دەنگی سروشتی و تێکدانی سیستمی ژیان. بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ژاوەژاو بە یەکێک لە مەترسیدارترین پیسکەرەکانی ژینگە دادەنرێت لە دوای پیسبوونی هەوا و ئاو.

سەرچاوەکانی ژاوەژاو:

1. هاتوچۆ: ئۆتۆمبێل، فڕۆکە، شەمەندەفەر و هۆکارەکانی تری گواستنەوە، بە سەرچاوەی سەرەکیی ژاوەژاو دادەنرێن. بەپێی توێژینەوەکان، نزیکەی لە سەدا هەشتای ژاوەژاوی شارەکان، لە ئەنجامی هاتوچۆوە دروست دەبێت.
2. پیشەسازی: کارگەکان، کانەکان و چالاکییە پیشەسازییەکان، سەرچاوەیەکی گرنگی دیکەی ژاوەژاون. هەروەها ئامێرە قورسەکان، مۆتۆڕەکان و پرۆسەکانی بەرهەمهێنان، کە دەنگی بەرز دروست دەکەن.
3. بیناسازی: چالاکییەکانی بیناسازی، وەک تەقاندنەوە، هەڵکەندن، بەکارهێنانی ئامێر و ئامرازە قورسەکان، دەنگی نەخوازراو دروست دەکەن.
4. ژاوەژاوی ناوماڵ: ئامێرەکانی ناوماڵ، وەک تەلەڤزیۆن، رادیۆ، جلشۆر و گسکی کارەبایی و ئامێرەکانی تر، هەروەها قیژە قیژ و هاتوهاواری منداڵان، لە سەرچاوە گرنگەکانی ژاوەژاوی ناوماڵن.
ژاوەژاو کاریگەری نەرێنیی زۆری لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی مرۆڤ هەیە. دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی پەیوەست بە بیستن و خەو و فشاری تەندروستیی بەگشتی، بۆ نموونە؛ بەرکەوتنی بەردەوام بە ژاوەژاوی بەرز (زیاتر لە 85 دیسیبڵ) دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە خانەکانی بیستن و کەڕبوونی هەمیشەیی. هەروەها لە رووی دەروونییەوە، دەبێتە هۆی خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، سترێس، سەرئێشە، دەمارگیری و بەردەوام هەستکردن بە ماندووێتی... بەوەش بەرهەمی کارامەیی کارکردن کەم دەبێتەوە و ئەگەری ئەوەی هەیە بە تێپەڕبوونی کات لێکەوتەی ترسناک بەدوای خۆیدا بهێنێت.

ژاوەژاو تەنیا کاریگەریی نەرێنی لەسەر مرۆڤ نییە، بەڵکوو کاریگەری لەسەر ژینگە و ئاژەڵانیش هەیە، بۆ نموونە؛ دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوتی ئاژەڵان، وەک: تێکدانی شوێنی نیشتەجێبوون، گۆڕینی رێگەی کۆچکردن و کەمبوونەوەی توانای بەرهەمهێنانی وەچە... هەروەها کاریگەری لەسەر ژینگەی دەریاییش هەیە، کە لە ئەنجامی هاتوچۆی کەشتی و کار لە بەنداو و پرۆژەکانی دەریاییدا ژاوەژاو دروست دەبێت و کاریگەریی نەرێنی لەسەر زیندەوەرانی دەریایی هەیە، بەتایبەت نەهەنگ و دۆلفینەکان کە پشت بە دەنگ دەبەستن بۆ پەیوەندی و دۆزینەوەی خۆراک.
پیسبوون بە ژاوەژاو، پەیوەندیی بە پێشکەوتنی شارستانیەتەوە هەیە و بووەتە تایبەتمەندییەکی سەرەکیی شارە گەورە قەرەباڵخەکان و لە ناوشار بە دووەم جۆری پیسبوون ئەژمار دەکرێت دوای پیسبوونی ئاو.

 جۆرەکانی پیسبوونی ژاوەژاو
پیسبوونی درێژخایەن: بەرکەوتنی بەردەوام بە سەرچاوەیەکی ژاوەژاو، کە لەوانەیە ببێتە هۆی لەدەستدانی بیستنی هەمیشەیی.
پیسبوونی کاتی: زیانی فیسیۆلۆژیی هەیە، بەهۆی بەرکەوتنی دەنگ بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بە سەرچاوەیەکی ژاوەژاو روو دەدات، وەک بەرکەوتن بە دەنگی تەقەمەنی کە ئەگەری ئەوەی هەیە گوێی ناوەڕاست بریندار بێت یاخود زیانی بەر بکەوێت، ئەمە لە سەردەمی پێشمەرگایەتی زۆر رووی دەدا.
پیسوونی ژاوەژاوی کاتیی بەبێ زیان: بەرکەوتنە بۆ ماوەیەکی سنووردار بە سەرچاوەیەکی ژاوەژاو، وەک: ژاوەژاوی شەقام، شوێنی قەرەباڵخ یان وەرشە کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی بیستنی کاتی و دوای ماوەیەکی کورت ئاسایی دەبێتەوە.
پێوەری ژاوەژاو، بە دیسیبڵ دەپێورێت، بۆ نموونە؛ قسەکردنی کەسێکی ئاسایی بە 50-60 دیسیبڵ دەخەمڵێنرێت. ئەو ژاوەژاوەی بەهۆی هۆڕنی ئۆتۆمبێلەوە دروست دەبێت، یەکسانە بە 100 دیسیبڵ. جووڵەی کەلوپەل و دەنگی جلوبەرگ دەگاتە 20 دیسیبڵ، دەنگی تەقەی فیشەک و هەڵسانی فڕۆکە یەکسانە بە 140 دیسیبڵ، دەنگی ئاگاداکردنەوەی زەنگی مەترسی یەکسانە بە 125 دیسیبڵ، دەنگی ماتۆڕسکیل و فشاری کارەبا 95 دیسیبڵ. 

 رێگەکانی کەمکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی ژاوەژاو 
چەندین رێگە هەن بۆ کەمکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی ژاوەژاو:
لەسەر ئاستی تاکەکەسی: بەکارهێنانی کەرەستەی پاراستنی گوێ، وەک هێدفۆنی دژە ژاوەژاو، بەکارهێنانی پەنجەرەی دەبڵ جام، دیواری عازل و کەرەستەی دژە دەنگ بۆ کەمکردنەوەی ژاوەژاوی دەرەوە... هەروەها پەروەردەکردنی منداڵ بەشێوەیەک کە لە بەکارهێنانی ئەو یارییانە دوور بکەونەوە کە دەنگیان بەرزە، قاووقریشک نەکەن و لە نزیک گوێوە دەنگە گەورەکان بەکار نەهێنن.
لەسەر ئاستی کۆمەڵگە: دانانی یاسا و رێنمایی بۆ سنوورداکردنی ئاستی ژاوەژاو لە شوێنە گشتییەکان، پیشەسازییەکان و هاتوچۆ، بۆ نموونە؛ دەرکردنی یاسای تایبەت بە چۆنیەتی بەکارهێنانی هۆڕنی ئۆتۆمبێل و بڵندگۆ، هەروەها دانانی ئامێری تۆمارکردنی رادەی ژاوەژاو لە شەقامەکانی شار و قاوەخانە و دوکانەکان، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ لە ئامێر و ئامرازی کەمدەنگ، ئۆتۆمبێلی کارەبایی و ئامێری دۆستی ژینگە، زیادکردنی رووبەری سەوزایی بە چاندنی درەخت و دروستکردنی پارک و باخچەی گشتی، کە وەک بەربەستی سروشتی دژی ژاوەژاو کار دەکەن، بڵاوکردنەوەی مەترسییەکانی ژاوەژاو لە رێگەی دەزگاکانی راگەیاندنەوە. ئەمانە و چەندین رێنمایی تر، کە هەموویان گرنگن بۆ کەمکردنەوەی ژاوەژاو.

پیسبوونی ژینگە بە ژاوەژاو، کێشەیەکی جیهانییە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستی مرۆڤ و ژینگە هەیە. بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم کێشەیە، پێویستە هەموو لایەنەکان، هەر لە حکومەت و کۆمپانیاکانەوە تا تاک بە تاکمان بەشداری بکەین. لە رێگەی زیادکردنی هۆشیاری، دانانی یاسا و رێنمایی گونجاو و بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای نوێ، دەتوانین ژینگەیەکی باشتر و تەندروستتر بۆ ئێستا و داهاتوومان دابین بکەین.

ر.س

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan