نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

ژن لە کەرتی پیشەسازیدا

ژنان خاوەنی توانا و بەهرەی زۆرن، بەڵام دەرفەتی گونجاویان نەبووە بۆ ئەوەی بتوانن لە کەرتی پیشەسازیدا بەتەواوی بەکاریان بهێنن. دەکرێت ژنان لە گەشەپێدانی ئەم کەرتەدا بەشدار بن، ئەم لایەنەش وەک بوارەکانی تر پێویستی بە ستراتیژێکە بۆی دابڕێژرێت بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەو بۆشاییە جیاوازییە جێندەرییە و زیادکردنی رۆڵی ژنان لەم کەرتەدا. یەکەم هەنگاویش، لە پەروەردەوە دەست پێ دەکات بە راهێنانی کچان بە هەمان شێوەی کوڕان لە بوارەکانی زانستی تەکنەلۆژی و جۆرەکانی تری زانستە پیشەییەکاندا.

لەگەڵ خێرایی شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم، پێویستە ئایندەی کەرتی پیشەسازی بەشێوەیەکی هەمەلایەنە دابڕێژرێت، کە دڵنیا بین لەوەی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بواریان بۆ بڕەخسێت تا بتوانن لە داهاتوودا رۆڵێکی گرنگ لەم کەرتەدا ببینن.

ئەزموونی دامەزراندنی ژنان لەم کەرتەدا، سەلمێنەری ئەوەیە کە ژنان دەتوانن هاوشێوەی پیاوان بەرهەمەکانیان بەدەست بهێنن و هەندێک وەبەرهێنیش پێیان وایە ژنان لە بواری پیشەسازیدا بەتواناترن لە پیاوان بەهۆی شارەزاییان لە کار، پابەندبوونیان بە کات، مکوڕی و پشوودرێژییان.

زۆربەی بوارەکانی پیشەسازی لەم سەردەمەدا، پێویستی بە جەستەی بەهێز نییە، ئەمەش لە ئەنجامی پەرەسەندنی بوارەکانی تەکنەلۆژیا. هەروەها کارگەکانی جلوبەرگ و پێڵاو، کەلوپەلی ناوماڵ و نووسینگە، بەرهەمی پێستە و چەرم، پیشەسازیی جوانکاری، هەندێک جۆری پیشەسازیی خۆراک... زیاتر پشت بە ژنان دەبەستن. 

هەندێک پیشەسازیی قورسیش هەن، کە ئێستا ژنان بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە رۆڵیان تێدا دەبینن، بۆ نموونە؛ پیشەسازیی ئۆتۆمبێل، 200 ساڵە بە بوارێکی پیاوانە دادەنرێت. بەشێوەیەکی نەریتی، پیاوان زۆربەی پۆستەکانی سەرکردایەتی کۆمپانیا زەبەلاحەکانیان داگیر کردبوو، بەڵام لەم چەند دەیەیەی رابردوو، ژنان دەستیان کردووە بە شکاندنی بەربەستەکان و بە هەنگاوی گەورە بەرەوپێش دەچن. چەندین ژنە پێشەنگ لە پیشەسازیی ئۆتۆمبێلدا پیشانیان داوە کە رەگەز بەربەست نییە لەبەردەم سەرکەوتن ئەگەر هەمان دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت. لەو ژنانە؛ ماری بارا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای جەنەراڵ موتۆرز، لیندا جاکسۆن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سیترۆن، گوین شۆتویل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سپەیس ئێکس، بریتا سێگەر، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای دایملر ئەی جی و مارسیدس ئەی جی، هێل نیس، شۆفێری ئۆتۆمبێلی پێشبڕکێی فەرەنسی... لەم نموونانە زۆرن، کە پێشەنگن و سەلماندوویانە ژنبوون رێگر نییە، ئەوەی رێگرە، بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان و نەریتی نێرسالارییە.

پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا هۆکارێکی گرنگە و رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە زیادبوونی ژمارەی ژنان لە پیشەسازیی ئۆتۆمبێلدا، چونکە تەکنەلۆژیا فاکتەرێکی نموونەییە بۆ دەرفەتی یەکسانی. ئێستا زۆربەی کارەکان بە ئامێری پێشکەوتووی تەکنەلۆژی ئەنجام دەدرێن، بۆیە ژنان دەتوانن جگە لە شۆفێری، کار لەسەر چاککردنەوە و خزمەتگوزارییەکانیش بکەن، یاخود نووسینگەی فێرکردنی شۆفێری بکەنەوە، هەرچەندە ناوبەناو دەبینرێن، بەڵام دەکرێت ژمارەکان زیاتر بکرێن. هەروەها دەتوانن کۆمپانیای تاکسی و بەکرێداری ئۆتۆمبێل، بەنزینخانە، شوێنی شووشتن و فرۆشتنی پارچە و پێداویستیی ئۆتۆمبێل بکەنەوە، یاخود کاریان تێدا بکەن. 

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan