نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

ژینگە

 بۆ ئەوەی دەربارەی پرسە ژینگەییەکان وردتر زانیاریمان هەبێت، پێویست دەکات ئەو چەمکانەی بەکاریان دەهێنین بۆ باسکردنی پرسە ژینگەییەکان، بەوردی روون بکرێنەوە، بۆ نموونە؛ کە دەڵێین ژینگە، مەبەستمان لە چییە؟ لە رووی زمانەوانییەوە ژینگە لە دوو بڕگە پێک هاتووە؛ بڕگەی یەکەم (ژین)، دووەمیش (گە)، واتە ئەو شوێن و جێگە سروشتییەی مرۆڤی تێدا دەژی و سەقامگیر دەبێت و بەیەکەوە کارلێک دەکەن.

لە رووی زانستییشەوە، ئەو زانایانەی کە لە بواری زانستە بایۆلۆژی و سروشتییەکاندا کار دەکەن، پێیان وایە ژینگە دوو چەمکی تەواوکەری یەکترین، یەکەمیان ژینگەی (بایۆلۆژی)یە و هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە کە پەیوەندییان بە خودی ژیانی مرۆڤەوە هەیە، لەوانە: زاووزێ، بۆماوەیی و پەیوەندییان بە بوونەوەرەکانی تری وەک: ئاژەڵ و رووەک کە کاریگەرییان بەسەر یەکەوە هەیە... دووەمیشیان ژینگەی سروشتییە، واتە فیزیکی، وەک: ئاو، خاک، بەرگەهەوا، پاکی یان پیسبوون و تایبەتمەندییە سروشتییەکانی تری ژینگە.

لەبەر ئەوە، ژینگە زاراوەیەکە مانایەکی ئاڵۆزی هەیە، بەڵام زانایانی بابەتە جۆراوجۆرەکان و زمانەوانەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە دەڵێن: ژینگە ئەو ناوەندەیە کە تێیدا دەژین، واتا ئەو کۆمەڵە توخمانەن کە بە دەوری بوونەوەرەکان و زیندەوەرەکانەوەن و ژیانیان رێک دەخەن، وەک: ئاو (Hydrosphere)، بەرگەهەوا (Atmosphere)، خاک (Lithosphere)، بوونەوەر و زیندەوەرەکان (Biosphere)... یەکێک لەو بوونەوەرانەش؛ مرۆڤە، کە لە هەموو بوونەوەرەکانی تر بەهێزتر و کاریگەرتر کارلێک لەگەڵ ژینگە دەکات.

ئەم چوار پێکهاتەیەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێ کردن، لەگەڵ وزەی خۆر و کێشکردنی زەوی، هەموو بەیەکەوە سەرچاوەکانی ژیانن و پێویستن بۆ گەشەکردن و بەردەوامبوون. 
لەبەر رۆشنایی ئەو پێشکەوتن و شارستانیەتەی کە جیهان رۆژ لەدوای رۆژ بەخۆیەوە دەبینێت و ئەزموونی دەکات، دەتوانین ژینگە بەسەر سێ جۆردا دابەش بکەین کە پەیوەندییان بە پێشکەوتنی مرۆڤەوە هەیە:

1.  ژینگەی سروشتی: هەوا، ئاو، خاک، زیندەوەر و بوونەوەر.
2.  ژینگەی کۆمەڵایەتی: ئەو کۆمەڵە یاسا و رێسایانەن کە پەیوەندییە ناوخۆییەکانی تاکەکان، دامەزراوەکان، ئۆرگانەکان و رایەڵە کۆمەڵایەتییەکان رێک دەخەن.
3.  ژینگەی دەستکرد: بە واتای ئەو شتانەی مرۆڤ دروستی کردوون، وەک: گوند، شار، کێڵگە، کارگە، تۆڕەکان...هتد.

بە هەمان شێوە توخمەکانی ژینگەش بەسەر سێ توخمدا دابەش دەبن:
یەکەم: توخمە زیندووەکان:
1.  توخمە بەرهەمهێنەرەکان، وەک: رووەک.
2.  توخمە بەکاربەرەکان، وەک: مرۆڤ و ئاژەڵ.
3.  توخمە شیکەرەوەکان، وەک: کەڕوو، بەکتریا و هەندێک لە مێرووەکان.
دووەم: توخمە نازیندووەکان: ئاو، هەوا، خاک و خۆر...
سێیەم: ژیان و ئەو چالاکییانەی کە لە چوارچێوەی ژینگەدا ئەنجام دەدرێن.

سیستمی ژینگە (ئیکۆسیستم)؛ بریتییە لە فەزایەکی سروشتی کە بوونەوەر، زیندەوەر، رووەک و ئاژەڵ، هەروەها مادە نازیندووەکان، واتا فیزیاییەکانی وەک: کەشوهەوا، خاک، چڕیی مادە خۆراکییەکان و مادە کیمیایی و فیزیاییەکان تیایدا بەیەکەوە دەژین و لەگەڵ یەکتری لەو ژینگە دیاریکراوانەدا بە سیستمێکی زۆر ورد و هاوسەنگ کارلێک دەکەن تاکوو بەیەکەوە دەگەنە حاڵەتێکی سەقامگیر. 
ئیکۆسیستم، رەنگە گۆمێکی بچووک، زەریایەکی گەورە، دارستانێک یاخود بیابانێکی گەورە بێت. هەر ناهاوسەنگییەک لە ئیکۆسیستمدا پەیدا ببێت، لەوانەیە ببێتە هۆی تێکدان و لەناوچوونی سیستمەکە.
هەندێک زانا و لایەن، ئیکۆسیستم بە یەکەیەکی سەرەکی لە ئیکۆلۆژیدا ئەژمار دەکەن. هەسارەی زەوی بەگشتی، زنجیرەیەک ئیکۆسیستمە و بەیەکەوە گرێ دراون، لە هەر شوێنێک بپچڕێت و تێک بچێت، کاریگەریی لەسەر کۆی گشتیی ئەڵقەکانی تر دەبێت. چەندین جۆری ئیکۆسیستم هەیە، لەوانە: دارستان، لەوەڕگە، دەریا و زەریا، ئاوی شیرین، بیابان، تەندرا (ناوچە بەستەڵەکەکان)...
ئیکۆلۆژی؛ بە واتای زانستی ژینگە. بەشێکە لە بەشەکانی زانستی بایۆلۆژی، ئەو زانستەیە کە لێکۆڵینەوە لە کارلێکەکانی نێوان زیندەوەر و بوونەوەر و ژینگەی بایۆفیزیکییەکان دەکات، کە هەردوو بوونەوەر و زیندەوەر و پێکهاتە نازیندووەکان لەخۆ دەگرێت. هەروەها چەند بابەتێکی گرنگتری وەک: جۆرە بایۆلۆژییەکان و دابەشبوونیان بەسەر ناوچە جوگرافییەکاندا لەخۆ دەگرێت.
سەدان بابەتی پڕ بایەخ هەن، رۆژ بە رۆژیش بەپێی پێشکەوتن بابەتی نوێ پەیدا دەبێت.

خ.گ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan