چاوپێكەوتن

شەرمن محەمەد، خاتوونی وەفا و شەهیدی زیندوو

مەودا میدیا - سلێمانی |


شەرمن محەمەد، خاتوونی وەفا و شەهیدی زیندوو
مەودا میدیا-

وەفا؛ ئەو خەسڵەتەی ژنان قوربانیی زۆریان لەپێناو پاراستنیدا داوە، تەنانەت لەو کۆمەڵگەیانەشدا کە زۆر کەم وەفا بەرانبەر بە ژنان هەیە، ئەوان بەوەفا دەمێننەوە بۆ خاک و وڵات، خێزان و منداڵ، هاوسەر و عەشقەکەیان... 
لەم چاوپێکەوتنەماندا خاتوونێک دەدوێنین کە بەوەفا مایەوە بۆ پەیمانی خۆشەویستیی هاوسەرە شەهیدەکەی و هێدی هێدی لەگەڵ منداڵە باوکنەدیوەکانی و خەونە رەنگاڵەییەکانی تەمەن بە رێ دەکات... 

خاتوو شەرمن کچی کێیە؟ کەی و لە کوێ لە دایک بوویت؟
ناوی تەواوم (شەرمن محەمەد کەریم شەریف)ە، لە رێکەوتی 24ی ئایاری 1958 لە شاری کەرکوک لە دایک بووم.

باسی قۆناغەکانی خوێندنتم بۆ بکە... لە کوێ خوێندووتە و چیت تەواو کردووە؟
بەهۆی ئەوەی باوکم کەسێکی سیاسی بوو، شیوعی بوو، لە کۆمپانیای نەوتی کەرکوک کاری دەکرد و سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی کۆمپانیاکە بوو، تووشی دەردەسەریی زۆر دەهاتین؛ هەم بەهۆی کوردبوون و سیاسەتی بەعەرەبکردنی ناوچەکە و هەمیش بەهۆی بەشداربوونی لە چالاکییە سیاسییەکاندا.
تا پۆلی پێنجی سەرەتایی لە شاری سلێمانی خوێندوومە، کە پۆلی چوارم تەواو کرد گەڕاینەوە بۆ کەرکوک و پۆلی پێنج و شەشی سەرەتاییم لە شاترلوو و یەکی ناوەندیم لە رەحیماوا خوێند. پاشان لە ساڵی 1977 باوکم خۆی خانەنشین کرد و هاتینەوە بۆ سلێمانی، لە سلێمانی دواناوەندی و ئامادەیی خانەی مامۆستایانم تەواو کرد. 

دوای ئەوەی خوێندنت تەواو کرد، دامەزرایت؟
بەڵێ، یەکەم دامەزراندنم لە خەراجیان بوو، پاشان گواسترامەوە بۆ گۆپاڵە و دواتر بۆ تەکیە.

وتت باوکت شیوعی بووە و چالاکیی سیاسی دەکرد، ئەی سەبارەت بە دایکت چی؟ 
دایکیشم هەر کەسێکی سیاسی بوو، لە ئافرەتانی حزبی شیوعی کاری دەکرد، بەڵام گۆش کرابووین بە رۆحی کوردایەتی. دایکم هەر بۆ خۆشیی بۆی دەگێڕاینەوە کە جارێکیان لە کۆبوونەوەی ئافرەتاندا بووە، ژنێک هاتووە وتوویەتی ئەم کۆبوونەوەیە بۆ چییە؟ ژنێکی تر وەڵامی داوەتەوە وتوویەتی "یەژن تەڵاقی پیاو کەوتووەتە دەستی ژن".

جگە لە چالاکیی سیاسی هیچ کەسێکی خێزانەکەتان بەشداریی خەباتی چەکداری کردووە؟
بەڵێ، خاڵێکم (سەڵاح بەغدادی) لە ساڵی 1974 پێشمەرگە بوو، لە یەکەی تۆپهاوێژ بوو، لە شەوەکانی کۆتایی هەرەسی شۆڕش، لە ناوچەی دەربەندی رایات بە هاوەنی دوژمن شەهید بوو.

چۆن شەهید جمهورت ناسی؟
لە رێگەی چالاکیی قوتابیان و لە خۆپیشاندانەکاندا بەشدار دەبووین، خوێندنگەکانمان دراوسێ بوون، ئەویش گەنجێکی خوێنگەرم و چاونەترس بوو، من لای خۆمەوە سەرسامی بووم و ئەویش بە هەمان شێوە. "هاوسێکەی بەر پەنجەرە" پەنجەرەکەیان لەسەر حەوشەکەمان بوو، یەکترمان دەبینی، خانووی ئەوان پێش خانووەکەی ئێمە بوو، باوکی ئەویش شۆفێر بوو لە کۆمپانیای نەوت، بۆیە جۆرێک لە پەیوەندی دروست بووبوو کە تەنیا سەیرکردن بوو. پاشان ئێمە هاتینەوە بۆ سلێمانی و ئەویش لە موسڵ لە کۆلێجی ماتماتیک وەرگیرا، ئیتر لەیەکتر دابڕاین، ئەوکات تەلەفۆنیش نەبوو. هەشت ساڵ یەکتریمان خۆش ویست و بەیەکەیشەوە دەرچووین. ئیتر هاتن بۆ داوام، دایکم دەیزانی کە پەیوەندیمان هەیە، دەیانووت شیعەیە و باوکم حەزی دەکرد شوو بکەم بە کەسی خۆی، بەڵام دواجار رازیی بوو. 

ساڵی چەند بوو کە شووت کرد؟
لە ساڵی 1982 شووم پێ کرد، پێنجشەممە گواسترامەوە و شەممە رۆیشتەوە بۆ سەربازی. 

زۆر مایەوە لە سەربازی؟
سێ مانگ سەربازیی کرد و تەسریح کرا، دوایی دیسان داوایان کردنەوە و گەڕانەوە بۆ سەربازی، بەڵام لە ساڵی 1983 فیراری کرد.

گوزەرانتان چۆن بوو، ئەوکات شەهید جمهور کاری دەکرد؟
پێش ئەوەی بچێتە دەرەوە، لای خزمێکی کاری مقاولاتی دەکرد، لەبەر ئەوەی باری داراییمان باش نەبوو و قەرزدار بووین. ئەوکات شووبرایەکەم (کەمال عەجەم) لەسەر ماڵ بوو و ئەو مەسرەفی دەکرد. لە ماڵی خەزوورم لە یەک ژووردا دەژیاین، جگە لەوانەی کە باسم کردن، کوڕێکی تریشی لەسەر ماڵ بوو، ئەویش ژنی هەبوو.

شەهید جمهور کەی پەیوەندی کرد بە خەباتی پێشمەرگایەتییەوە؟
دوای ئەوە تۆڕی رێکخستنەکەیان لە کەرکوک ئاشکرا بوو لە ساڵی 1983، ئیتر پێیان وتبوو کە بڕواتە دەرەوە، بۆیە بڕیاری دا کە بچێتە دەرەوە.

 بە تۆی وت کە دەچێتە دەرەوە؟
سەرەتا هیچی پێ نەدەوتم، پاشان پێی وتم: "دێیت لەگەڵم؟" وتم: "نەخێر نایەم."

بۆ وتت نایەم؟
سکم هەبوو بە تاڤان، نەمدەتوانی بڕۆم. وتی: "باشە، رێک دەکەوین." رۆیشت و دوای چەند رۆژێک کوڕێکی مامی (شەهید موحسین)، کە لە کۆزەبۆرەی نزیک ئاغجەلەر بوو، ناردبووی بەدوامدا. پێی وتم: "خۆت بگوێزەرەوە بۆ خوێندنگەی کۆزەبۆرە". منیش رازیی بووم، بەڵام کە هاتمەوە بۆ سلێمانی، باوکم رێگر بوو. ئیتر چووم بۆ لای خەزوورم، بردمی بۆ لای بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و گواستمیەوە بۆ گوندی کۆزەبۆرە. 

لەوێ لە کوێدا دەژیان؟
 هەر لەوێ ژوورێک کە شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ بوو، چاکمان کرد بۆ خۆمان، هێندەی پاسێکی پۆڵۆنی دەبوو. پەناگەیەکی تێدا بوو، بۆیە لەوێ دەماینەوە. ژوورەکە لە ماڵی شێخ سەلامدا بوو کە ئەویش پێشمەرگە بوو.

ماوەی چەند لە کۆزەبۆرە مامۆستا بوویت؟
سێ مانگ لەوێ مامۆستا بووم، دواتریش جارێکی تر بوومەوە بە مامۆستای ئەوێ (کۆزەبۆرە) لەگەڵ مامۆستا رووپاک کە خزمی شەهید جمهور بوو و بەڕێوەبەری خوێندنگەکە بوو.

تاڤان لەوێ لەدایکبوو؟
نەخێر، تاڤان لە کەرکوک لەدایک بوو. ساڵی 1984 بۆ ماوەی مانگێک چوومەوە بۆ ناو شاری کەرکوک، بەڵام ئەوەبوو مفاوەزات لە تێکچووندا بوو، لەبەر ئەوە هەر زوو گەڕامەوە بۆ ناوچەکە. ئەوکات شەهید جمهور کاری کادیریی دەکرد و کادیرێکی لێهاتوو بوو، پاش ماوەیەکیش بوو بە رابەر سیاسی.

کاتێک مفاوەزات تێکچوو، چیتانکرد؟
یەکەم کار، شەهید جمهورمان رەوانەی دەرەوە کردەوە، دواتر خۆشم گەڕامەوە بۆ گوندی کۆزەبۆرە، دواتر چووینە گوندی گۆپتەپە، کە بارەگای سەرەکیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەوێ بوو. لەو کاتەدا کارەبای ئەو گوندە باش بوو و خوێندنگە و نەخۆشخانەشی لێ بوو و گوندەکەش گەورە بوو، بەڵام پاش ماوەیەک حکومەتی عیراق هێرشی کردە سەر گوندی گۆپتەپە. 

ئەو کاتەی حکومەت هێرشی کرد بۆ گۆپتەپە، چیتان کرد؟
من لەوێ نەبووم، بۆ چارەسەری خۆم گەڕابوومەوە بۆ سلێمانی لە ماڵی باوکم بووم.
شەو هەواڵ بڵاو بووەوە کە هێرش کراوەتە سەر گۆپتەپە، منیش دەبوو بەیانیی زوو بگەڕامایەتەوە، چونکە لە ئیخباریکردن دەترسام. باوکم خۆی بردمییەوە، لە سەیتەرەکەی (تەوەکەل) سەیرم کرد قیامەت هەستاوە، بە جەیش و جاش ئەو ناوە گیراوە.

لەوێ چۆن دەربازت بوو؟
وتیان رۆیشتن نییە، گۆپتەپە لەگەڵ زەوی تەخت کراوە، بەناچاری گەڕامەوە بۆ سلێمانی.

دواتر گەڕایتەوە بۆ گۆپتەپە؟
بەڵێ، نزیکەی دوای 20 رۆژێک شەهید جمهور دوو پیاوی ئەمینی گوندەکەی بەناوەکانی (خاڵە ئیبراهیم، خاڵە مەجید) نارد بەدوامدا، وتبووی بیری تاڤان دەکەم. ئیتر خۆم و کچەکەم گەڕاینەوە بۆ لای باوکی، چونکە بیری دەکردین؛ کە گەیشتمەوە گوندەکە، وێران کرابوو، شتێک نەمابوو ناوی ماڵ بێت، تەنانەت مریشکە کڕکەوتووەکەشیان بردبوو. حکومەتی عیراق بە سوپایەک کە لە چەندین هەزار جاش و سەرباز پێک هاتبوو، بە تانک و چەندین جۆر چەکی قورسی دیکە چواردەوری گوندەکەیان گرتبوو، ئەمە جگە لەوەی سێ تۆپی دوورهاوێژ لە ئاغجەلەرەوە بەردەوام تۆپبارانیان دەکرد لەگەڵ11 هێلیکۆپتەر کە لە ئاسمانەوە ناوچەکەیان مووشەکباران دەکرد. لەگەڵ ئەوەش، یەکەم رۆژ نەیانتوانیبوو گوندەکە کۆنترۆڵ بکەن بەهۆی شەڕێکی سەختی پێشمەرگە قارەمانەکانەوە.

کێ سەرپەرشتی هێزەکەی پێشمەرگەی دەکرد؟
وابزانم، مام رۆستەم و حاکم کەمال بوو، کە بەداخەوە لەو شەڕەدا بریندار بوو.

دواتر چیتان کرد؟
دوای وێرانبوونی گۆپتەپە، رۆیشتین بەرەو گوندی سەرچنار لە سنووری قەڵاسێوکە، دوای ئەوە ساڵی (1986) چووین بۆ گوندی (مەحمەخان) و ماوەیەکی کەم لەوێ بووین، دواتر چووینە گوندی (جەلەمورد) لە بناری چیای خاڵخاڵان. 
شەوێک حکومەتی عیراقی بە سەرکردایەتی (بارق) هێرشیان کردە سەر گوندی جەلەمۆرد، هەموو خەڵکی گوندەکە رایان کرد، منیش خەریکی کەپر دروستکردن بووم و ئاگام لەناو گوندەکە نەبوو. ژنێک هات پێی وتم: "خلە بار دەکا و بلە کەپر دەکا". ئینجا زانیم گوندەکە چۆڵ کراوە.

 ئەی شەهید جمهور لە کوێ بوو؟
شەهید جمهور بەپەلە گەڕایەوە و بردینی بۆ گوندی شێخان کە گوندێکی عاسی و شوێنێکی زۆر پەنا بوو. لە رێگە شیرین (ژنی شەهید سەید)مان بینی کە هەمووی 24 کاتژمێر دەبوو منداڵی بووبوو. ئیتر بەیەکەوە رۆیشتین تا گەیشتینە ناو شێخان. چوار منداڵمان پێ بوو، لە رێگە گوێدرێژێکمان بینی، منداڵەکانمان لە گوێدرێژەکە بار کرد. 

هاوسەرەکەت کەی شەهید کرا؟
دوای گەڕانەوەمان بۆ گوندی جەلەمۆرد، وەهابە کەچەڵ لە سەرکردایەتییەوە دابەزیبوو بۆ سنوورەکانی خاڵخاڵان بۆ ئەنجامدانی چالاکییەک، ئەو شەوە لە ماڵی ئێمە مایەوە، 15 پێشمەرگەی لەگەڵ بوو، دوای نانی نیوەڕۆ شەهید شوانی تەنسیق هات بەشوێنیاندا بۆ تاووتوێی شوێنی ئەنجامدانی چالاکییەکە (شەهید جمهور و پێشمەرگەیەک کە لەگەڵ خۆی بوو بە ناوی (خەبات)، لەگەڵ شەهید نەوزاد و شەهید شوان لە گۆپتەپەوە دەگەڕێنەوە بەرەو گوندی سەرچنار، لە رێگە (عوسمان و سابیر) دەبینن، سابیر پێشمەرگەی یەکێتیی بوو و بریندار کرابوو، (عوسمان)یش برایەکی قارەمانی شەهیدی یەکێتییە. بۆ ماوەی (20) خولەک لەگەڵ شەهید شوان و شەهید جمهور لەسەر رێگەکە و لە ئۆتۆمبێلەکەدا قسە دەکەن، شەهید جمهور پێیان دەڵێت: بڕۆن درەنگمان کرد. ماڵئاوایی دەکەن و شەهید شوان ئۆتۆمبێلەکە ئیش پێ دەکات و ئەوان (عوسمان و سابیر) لەدواوە بە کڵاشینکۆف بەر دەستڕێژیان دەدەن تا شەهید دەبن، تەنیا خەبات بە برینداری رزگاری دەبێت. دوو پیاوی گوندەکە لەسەر کێڵگە دەبن، گوێیان لە تەقەکان دەبێت و دەچن بەرەو رووی تەقەکە و دەبینن سێ پێشمەرگەی یەکێتیی لەوێدا شەهید کراون، کە ئەوانیش (شەهید شوان، شەهید جمهور، شەهید نەوزاد) بوون.

ئەو دوو پیاوە فریای خەبات دەکەون کە هێشتا بریندارە؟
بەڵێ، یەکسەر هەواڵی شەهیدبوونی ئەو سێ پێشمەرگەیە دەبەن بۆ لای کاک وەهاب بۆ ئەوەی بەخۆی و پێشمەرگەکانییەوە فریایان بکەون. دکتۆر دڵشاد کە پێشمەرگەی شۆڕشە، خێرا فریای خەبات دەکەوێت و چارەسەری بۆ دەکات. 

خەبات باسی چۆنیەتی شەهیدکردنی ئەو سێ پێشمەرگەیەیان بۆ دەکات؟
بەڵێ، هەر لەوێدا دەنگی خەبات تۆمار دەکرێت کە پرسیاری چۆنیەتی شەهیدبوونی ئەو سێ پێشمەرگەیەی تری لێ دەکرێت، خەبات ئێستاش لەژیاندا ماوە. 

چییان لە تەرمی ئەو سێ شەهیدە کرد، هەر لەوێ ناشتیانن؟

هەر لە گوندی سەرچنار گۆڕیان بۆ هەڵدەکەنرێت بۆ ئەوەی بیاننێژن، عادل شەریف کە پێشمەرگەیەکی قارەمان و دڵسۆزە و هاوڕێی نزیکی شەهید جمهورە، بە منی وت: با تەرمی شەهید جمهور ببەینە گوندی گۆپتەپە. منیش رازیی بووم و گواستمانەوە بەرەو گۆپتەپە و بە هاوکاریی هێزی پێشمەرگە و خەڵکی گوندەکە بەخاکمان سپارد.

شەهیدبوونی هاوسەرەکەت تا چەند کاریگەریی هەبوو لەسەرت؟
هەواڵێکی زۆر جەرگبڕ و دڵتەزێن بوو، زۆر زۆر بەداخەوە، هەرچەندە بەئێستاشەوە هەر لە دڵ و بیرمدایە و لای من و منداڵەکانیش زیندووە و تا ئێستاش من و منداڵەکان دەچینە سەر گۆڕەکەی لە گۆپتەپە، خەڵکی گوندەکە لە ئێمەش زیاتر خزمەتی گۆڕەکەی دەکەن.

بەردەوامیت لە کاری حزبی؟
لەدوای راپەڕینەوە بەردەوابووم لە چالاکیی حزبی و لە بواری جیاجیا خزمەتم کردووە. دوایین پلەی حزبیم، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووم.

دواوتەت چییە؟
زۆر سوپاسی هاوڕێیان و سەرکردایەتی یەکێتی دەکەم، چونکە لە پرسەی شەهید جمهوردا هەموو هاوبەش و هاوخەم بوون، هەروەها تا مردن مەمنوون و قەرزاری بنەماڵەی عادل شەریفین کە ماوەی (20) رۆژ هەموو ئەرک و ماندووبوونی پرسەکەیان خستە ئەستۆی خۆیان.
ئەو رۆژە، رۆژێکی زۆر ناخۆشی ژیانی من و منداڵەکانم بوو، بە ناخۆشترین و رەشترین قۆناغەکانی ژیانم دایدەنێم، بەڵام هەر فەخری پێوە دەکەین، چونکە لە رێگەی خاکی کوردستان خوێنی رژاوە. بۆ ئێمە کەلێنێکی گەورەیە، تاکو ئێستاش کاریگەریی دەروونیی لەسەر خۆم و کوڕەکەم (توانا جمهور – تۆڵە) بەپلەی یەکەم بەجێهێشتووە، چونکە توانا باوکی نەبینیوە، هەروەها لەسەر کچەکەشم (تاڤان)، کە هەرچەندە تاڤان تەمەنی سێ ساڵ بوو کە باوکی شەهید کرا، بەڵام لەو ماوەیەدا زۆر کەم باوکی دەبینی.

*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن