راپۆرت

چی روودەدات ئەگەر ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەكانی توركیا بیدۆڕێنێت؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


چی روودەدات ئەگەر ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەكانی توركیا بیدۆڕێنێت؟
مەودا میدیا-

14ی ئایاری 2023 دەنگدەرانی تورکیا تەنها سەرۆکی داهاتوویان هەڵنابژێرن، بەڵکو ئەندامانی پارلەمانی وڵاتەكەشیان هەڵدەبژێرن هەتا وەك نوێنەریان دەنگیان هەبێت لەناو پارلەمان.

لەكاتێكدا ژمارەیەكی بەرچاوی كۆمپانیاكان تایبەت بە راپرسیی بۆ پێشوەختە پێشبینیكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەردەوامن لە كارەكانیان، بەڵام دەرەنجامی راپرسییەكانی رۆژ لەدوای رۆژ جیاوازن.

چاودێرانی سیاسیی چەند سیناریۆیەك دەخەنە پێشچاو لەئەگەری بردنەوە یان دۆڕانی حزبی داد و گەشەپێدان بە سەرۆكایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، كە ماوەی 20 ساڵە هەتا ئێستا دەسەڵاتداری توركیان، لێرەدا پرسیارێك دێتەپێشەوە؛ چی روودەدات ئەگەر پارتی دەسەڵاتدار لە هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی توركیا بیدۆڕێنێت؟

چی روودەدات ئەگەر ئەردۆگان بیدۆڕێنێت

چاودێرانی سیاسی لەبارەی ئەگەری دۆڕانی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا پێشبینیدەكەن وڵاتەكە رووبەڕووی "سەختیی" ببێتەوە دوای 20 ساڵ لە دەسەڵاتی ئەردۆغان، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی پەرتبوون و جەمسەرگیریی لەمیانی هەوڵدان بۆ گۆڕینی سیاسەت لە وڵاتدا.

جگە لەوەی ئەو گۆڕانکارییە سیاسییانەی هاوپەیمانیی ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆکایەتیی جەهەپە  و کەمال کڵچدارئۆغڵو بەنیازن ئەنجامیبدەن، گۆڕانكاریی بنچینەییە و ئەنجامدانی سەختدەبێت.

بەپێی پێشبینییەكان لەئەگەری دۆڕانی ئەردۆغان گرنگترین ئاڵنگاریی بەردەم ئەو كاندیدەی سەركەوتوودەبێت كە پێشبینییەكان لەئێستادا ئاماژە بۆ كەمال كڵچدارئۆغڵو دەكەن، چارەسەرکردنی دۆخی هەڵاوسانی ئابووریی توركیایە.
هاوكات گۆڕانكاریی سیاسی لە مێژووی مۆدێرنی تورکیادا دیارترین هەنگاو دەبێت، چونکە ئەردۆغان، لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا، هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەتی خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە ئەوەش لە ئەگەرێكدایە ئۆپۆزسیۆنی ئێستا لە ئەگەری بردنەوەی لە هەڵبژاردنەكان "پێکهاتەیەکی حوکمڕانیی یەکگرتوو"ی هەبێت.

یەكێك لە بەڵێنەكانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا لەئێستادا گۆڕینی سیستمی بەڕێوەبردنە لە سەرۆكایەتییەوە بۆ پارلەمانیی، كە ئەو كارەش لەكاتێكدا دەبێت ئۆپۆزسیۆن لە هەردوو سیستمی سەرۆكایەتیی و پارلەمانیی سەركەوتوو بێت.
لە هەمانكاتدا، گۆڕینی رەوتی سیاسەتی توركیا پێشبینیكراوە لە ئەگەری دەرنەچوونی ئەردۆغان و پارتەكەی، بەتایبەت بابەتە كۆمەڵایەتییەكان و بابەتەكانی پەیوەست بە ژنان، بەپێی ماڵپەڕی ئەلجەزیرەی عەرەبی، ژنان لەناو خۆیاندا دابەشبوون بەسەر هەردوو ئاراستەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆرەوە زۆرینەی دەنگەکانی ژنان بۆ کەمال کڵچدارئۆغڵو دەبن، چونکە لە سەردەمی ئەردۆغاندا توندوتیژیی دژی ژنان زیاتر بووە.

یەكێكی دیكە لە ئەگەرەكان ئەوەیە ئەردۆغان لەئەگەری دۆڕانیدا ئەنجامەكان رەتبكاتەوە، چونكە پێشتر ئەو کارەی کردووە کاتێک پارتەکەی لە ساڵی 2019دا سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئیستانبوڵی لەدەستدا، بەڵام  ئەوەش وایكرد دانیشتوانی ئیستانبوڵ بە ژمارەیەكی زۆرتر دەنگبدەن دژ بە كاندیدی پارتەكەی ئەردۆغان.

لەگەڵ ئەوەی لەمیانەی دیدارێكدا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە ئەگەری دەرنەچوونی لە هەڵبژاردنەكاندا وتی "من بە دەنگی خەڵك هاتووم و رێز لە رای گەلی توركیا دەگرم"، هاوكاتی هێرشیكردە سەر ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەی و وتی "ئەوان لە ئەگەری دۆڕانیاندا پشێوی دەنێنەوە"، بەڵام چاودێران دەڵێن "لەئەگەری دۆڕانی ئەردۆغان، بەئاسانیی دەرەنجامەكان پەسەندناكات".

بەگوێرەی پێشبینیی چاودێرانی سیاسیی تایبەت بە سیاسەتی توركیا، تاکە گەرەنتی بۆ رادەستكردنی دەسەڵات بە ئاشتییانە لەلایەن ئەردۆغانەوە، رێككەوتنی حکومەتی داهاتووە لەگەڵ ئەردۆغان و بنەماڵەکەی هەتا پارێزبەندییان پێبدرێت و بەڵێنیان پێبدرێت زیانیان پێنەگەیەندرێت، ئەوەش بەو مەرجەی دەستوەرنەدەن لە پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ بۆ وڵاتەكە.


شادان ع.ع

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان