راپۆرت

هاوینی 2014 چی روویدا؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


هاوینی 2014 چی روویدا؟
مەودا میدیا-             

هاوینی 2014، پێکهاتەكانی ئێزدی، كریستیان و شەبەك و ژمارەیەك هاوڵاتیی دیكە لە شنگال و موسڵ کەوتنە ژێر گەمارۆی چەكدارانی گرووپی تێرۆریستیی داعش؛ پاش ئەوەی ئەو گرووپە چەكدارە موسڵیان داگیركرد، لەژێر هەڕەشەی کوشتن و بەکۆیلەبردن و گۆڕینی زۆرەملێدا سەدان هەزار هاوڵاتی ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت.

وا مەزەندەدەكرێت لەماوەی چەند رۆژێکدا نزیکەی 10 هەزار ئێزدی کوژراون،  هەزاران ژن و کچ رفێندران و کراون بە کۆیلە، لە شاری موسڵەوە هەتا گوندە بچووکە ئێزدییەکانی دەوروبەری شنگال، کە داعش مەبەستی جینۆساید چووە ناوی، توندوتیژی باڵی بەسەر تەواوی ناوچەكەدا كێشا.


گەمارۆدانی چیای شنگال

دوای ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی 2014 داعش موسڵی گرت، دواتر توندوتیژییەکانی بەرامبەر پێکهاتە ئێزدییەکانی دەوروبەری چیای شنگال لە یەکەم رۆژەکانی مانگی ئابی 2014 دەستپێکرد، بەپێی راپۆرتی ناوەندی سیمۆن-سکجۆت، زیاتر لە 200 هەزار ئێزدی لە شارۆچکەکانیان هەڵهاتوون، لەگەڵ چوونی داعش بۆ ناوچەكانیان، هەندێکیان توانیان هەڵبێن بۆ ناو هەرێمی کوردستان، سوریا و تورکیا، بەڵام 50 هەزار ئێزدی هەڵهاتوو لە چیای شنگال گیریان خوارد بەهۆی گەمارۆی داعش و بێ خواردن و ئاو مانەوە.

7ی ئابی 2014 لەرێگەی هێرشی ئاسمانیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دژ بە داعش ئەنجامدرا و فڕۆکە ئەمریکییەکان خواردن و ئاویان هەڵدایە خوارەوە بۆ دەیان هەزار کەس کە لەسەر شاخەکە گیریان خواردبوو.

بە هاوکاریی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا، هێزەكانی پێشمەرگە توانیان رێڕەوێکی هەڵهاتن بۆ ئێزدییەكان دروستبكەن، بەپێی مەزەندەكان،  سەدان ئێزدی لە کاتی گەمارۆدانەکەدا بەهۆی برسییەتی و تینوویەتی گیانیانلەدەستدا. 


کۆمەڵکوژی لە کۆچۆ و شوێنەکانی دیكەی شنگال

لە کاتێکدا زۆرێک لە ئێزدییەکان توانیبوویان لەدەستی داعش هەڵبێن، هەندێکی دیکە لە گوندەکانیان گیریانخواردبوو کاتێک گروپەکە هێرشیکردە سەریان، لە کۆچۆ زیاتر لە هەزار ئێزدی کۆکرانەوە و کەلوپەلی بەنرخیان لێسەندرا،  بەسەر دوو گروپدا دابەشكران: پیاوان، و ژنان و منداڵان؛ نزیکەی 400 پیاو كۆمەڵكوژكران؛ سەدان ژن رفێندران  بەکۆیلەكران.
 

ژن و کچانی ئێزدی بەکۆیلەكران

زۆرجار لە کاتی کوشتنی بەکۆمەڵی داعشدا ژنان لە پیاوان جیا دەکرانەوە، براونەتە شوێنی نادیار و پاشان لە بازاڕە رەشەكانی ئەو گرووپە چەكدارە تێرۆریستە لە ناوچەكانی عیراق و سوریا مامەڵەی دژبە مرۆڤیان پێدەكرا و دەستدرێژییان كراوەتەسەر.

رزگاربووان باس لە ئاڵوگۆڕی کۆیلە ورد و سیستماتیک دەکەن، کە لە رێگەیەوە ژنانی ئێزدی کۆیلە چەندینجار فرۆشراون و چەندین جار رووبەڕووی دەستدرێژیی و لێدان و هەڕەشە بوونەتەوە.


پاکتاوکردنی ئایینی و نەتەوەیی

لە کاتێکدا ئێزدییەکان زۆرترین مەترسییان لەسەر بوو لەلایەن رێكخراوی تێرۆریستی داعشەوە، جیهادییەکان كریستیانە ئاشوورییەکان، سەبای-مەنداییەکان، موسڵمانانی شەبەک، تورکمان و کاکەییەکانیشیان کردەئامانج. هاوكات شوێنە ئاینییە کۆنەکانی سەر بەو ئاین و نەتەوانەش لەلایەن چەكدارانیانەوە خاپووركران.

هەر لە سەرەتای هێرشەكانەوە، پاش داگیركردنی موسڵ سەرەتا ئێزدییەكان لە چیای شنگال گەمارۆدران و بێ خواردن و ئاو مانەوە، سەدان ئێزدی بەوهۆیەوە لە برسییەتیی و تینوویەتیدا مردن، لە كۆجۆ و قینیە و ناوچەكانی دیكەی شنگال زیاتر لە 400 هەزار ئێزدی لە لانە و ماڵەكانیان هەڵهاتن.

لە پرۆسەی پاكتاوكردن و راگواستنی ئێزدییەكان بە دەستی چەكدارانی داعش، بەپێی ئامارە مەزەندەكراوەكان زیاتر لە 5000 پیاو و گەنجی ئێزدی بەدەستی تێرۆریستانی داعش دڕندانە كۆمەڵكوژكراون، زیاترلە 6000 ژن و كچ و منداڵ رفێندران و لە بازاڕەكانی داعش مامەڵەی دژ بە مرۆڤایەتییان پێوەكراوە. 

هەتا ئێستا و هێشتا نزیكەی 2000 ژن و منداڵ ژێردەستەن یاخود بێسەروشوێنن، هەزاران ئێزدیش ئاوارەی ناوخۆی ناوچەكانی هەرێمی كوردستانن و لە كامپەكاندا دەژین، پاش تێپەڕینی نزیكەی یەك دەیە بەسەر ئەو كۆمەڵكوژییەدا، هێشتا برینی جینۆسایدی كوردانی ئێزدی سارێژنییە.


 ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان