عارف قوربانی

عارف قوربانی

یەکێتی و پارتی بۆ وادەکەن؟

پێشتر بەپێى زانیاریی دزەپێکراوى ناو کۆبوونەوەکان و هەندێ لێدوانى ناڕاستەوخۆى بەرپرسانى پەیوەندیدار لەنێو هێزى پێشمەرگە، هەست بەوە دەکرا کە هاوپەیمانان و وڵاتانى دۆستى کوردستان نیگەرانن لەوەى نەتواندراوە هێزى پێشمەرگەى کوردستان لە هێزێکى حزبییەوە بکرێتە هێزێکى نیشتمانى. ئەوەش دەوترا نیگەرانییەکانیان گەیشتووەتە ئاستى ئاگادارکردنەوەى دەسەڵاتدارانى هەردوو حزبەکە کە ئەگەر بەو شێوازە هەر بەردەوامبن، کاریگەریى لەسەر پشتیوانییەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانى دەبێت بۆتان.

روونە کورد گوێى بە هۆشدارییەکانیان نەداوە بۆیە سەرەتای ئەم هەفتەیە لە ئاستێکى باڵادا و بە دەنگێکى بەرز و لەپێش چاوى راى گشتى جیهانى ماتیو مکفارلن، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژى داعش، کورد واتەنى داى لە بنى کولەکەکە و بە راستەوخۆ ئەوەى راگەیاند، ئەگەر حکومەتى هەرێمى کوردستان نەتوانێت چاکسازییەکانى و پابەندییەکانى خۆى بەگوێرەى یاداشتنامەکە جێبەجێ بکات، وەزارەتى بەرگریى ئەمەریکا ناتوانێت لە پێشکەشکردنى هاوکارییە سەربازی و ئەمنییەکانى بەردەوام بێت.

فەرماندەکەى هاوپەیمانان لە لێدوانە رۆژنامەوانییەکەیدا وتى، نەبوونى وەزیرى پێشمەرگە دامەزراوەکەى لاوازکردووە و پرۆسەى یەکگرتنەوەى هێزەکانى پێشمەرگەى وەستاندووە. بۆیە هانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەدەین وەک نیازپاکى و پابەندییەکانیان وەزیرێک بۆ وەزارەتى پێشمەرگە دەستنیشان بکەن.

نەک هەر جێگەى پرسیارە، بەڵکو مایەى سەرسوڕمانیشە، پارتى و یەکێتى بۆ وادەکەن؟ لەکاتێکدا ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانى چەک دەدەن بە پێشمەرگە، مەشق و راهێنانیان پێدەکەن و مووچەى بەشێک لە پێشمەرگەیش دەدەن. لە بەرانبەردا داوایەکى قورسیان لە پارتى و یەکێتی نییە، پێیان دەڵێن ئەو هێزە چەکدارەى هەتانە و سەر بە ئۆرگان و بەرپرسە حزبییەکانى ناو حزبەکانتانن، بیانخەنە سەر حکومەتەکەى هەردوولاتان و سەر بە بەرپرسە حزبیەکانى ناو حکومەتەکەتان بن. کەچى ئەم دوو حزبە ئامادەنین ئەوەبکەن. یەکێتى حزبى ماڵى مام جەلالە، کوڕى مام جەلال سەرۆکى تیمى یەکێتییە و جێگرى سەرۆکى حکومەتە، بەڵام یەکێتی ئامادە نییە هێزە چەکدارەکەى بخاتە ژێر فەرمانى ئەوەوە. پارتى حزبى ماڵى بارزانییە و کوڕى بارزانى سەرۆکى تیمى پارتى و سەرۆکى حکومەتە، کەچى پارتى ئامادە نییە هێزە چەکدارەکەى بخاتەژێر فەرمانى ئەوەوە. کار گەیشتبێتە ئەوەى ئەمەریکا پێیان بڵێت، ئەگەر ئەمە نەکەن هاوکارییەکانتان دەبڕین و رەنگە پشتتان تێبکەین، کەچى گوێ بە هۆشدارییەکان نادەن.

هەر بەڕاستى نەک جێى تێڕامانە، بەڵکو مایەى ئەوەیە گومان بکرێت هۆکارى شاراوە لەپشتى ئەم هەڵوێستانەوە هەن. لەکاتێکدا هەردوولا دەزانن بە تێکەڵکردنى پێشمەرگە و یەکخستنیان لە چەند لیوایەکى هاوبەشدا، ماناى ئەوە نییە هێزە چەکدارەکەیان لەدەستچووە. لە سەرەتاى نەوەتەکان بەشێک لە هێزەکانیان تێکەڵکرد و لیواى هاوبەشیان پێکهێنابوو، بەڵام ئەو رۆژەى بۆ شەڕى دژ بە یەکدی پێویستیان پێبوو بە نیو سەعات لە بەریەک هەڵوەشانەوە. تەنانەت دواى پرۆسەى ئاشتى و دواى تێکەڵکردنەوەى حکومەت و رێککەوتنى ستراتیژیى نێوانیشیان، ئەو هێزانەى لەژێر چاودێریی هاوپەیمانانیش یەکخرابوون و بۆ شەڕى داعش پڕچەککرابوون، لە 16ی ئۆکتۆبەردا بینیمان چەند بەخێرایى لەیەک جیاببنەوە.

ئێستاش ئەگەر لەژێر هەر گوشارێکدا و لەژێر هەر ناوێکدا هێزە چەکدارەکان تێکەڵکەن، لە هەر چرکەساتێکدا ناکۆکییان بگاتە ئاستێک کە هەست بە هەڕەشە و مەترسى بکەن بۆ سەر یەکدی، هێزەکان دەچنەوە ماڵەباوان. تێناگەم لەبەرچى ئەم بابەتەیان کردووە بە کێشە، کێشەیەک کە خەریکە ئاکامەکەى بە پشتتێکردنى دۆستەکانى کورد بشکێتەوە. ئایا رەوا نییە گومانى ئەوە بکرێت ئامانج لە دروستکردنى ئەم کێشەیە لە بنەڕەتدا بۆ ئەوەیە ئەمەریکا و هاوپەیمانان وردەوردە لە کوردستان نائومێد بن؟

وەزیرى پێشمەرگە نە دەستى لەکارکێشاوەتەوە، نە متمانەى لێوەرگیراوەتەوە، بەڵام وا بۆ دوو ساڵ دەچێت دەوام ناکات، وەک دەوترێت "رێگەى پێنادەن بچێتەوە سەر کارەکەى". هەفتەى رابردوو لە میدیاکان بڵاوکرایەوە کە وەزیرى کاروبارى کۆمەڵایەتى کە لەسەر پشکى بزووتنەوەى گۆڕانە لە حکومەت ماوەى سێ هەفتە پشووى وەرگرتووە و هەمان رۆژ وەزیرى دارایى کە لەسەر پشکى هەمان حزبە بەوەکالەت ئەو وەزارەتەشى وەرگرت. نەدەکرا وەزارەتى پێشمەرگەش بەوەکالەت بەڕێوەببرێت و نەبێتە سەرچاوەى نیگەرانیی هاوپەیمانەکان لە هەرێمى کوردستان.

هەرچەندە پێدەچێت ئاستى نیگەرانى و نائومێدبوونى ئەمەریکا و ئەو وڵاتاتەى کۆمەک بە هێزى پێشمەرگە و هەرێمى کوردستان دەکەن لەسەر خراپەکارییەکانى دیکە بێت و ئەمەى پێشمەرگەیان کردبێت بە پاساو. ئەگینا خۆشیان دەزانن ئەم هێزە چەکدارەى لە کوردستان هەیە بنەماى ئەوەى نییە بکرێتە هێزێکى نیشتمانى، چونکە لە بنەڕەتەوە لەسەر بنەمایەکی حزبى و بۆ حزب دروستکراوە، نەک بۆ نیشتمان. پێشتر زۆر هەوڵدرا و سەرکەوتوو نەبوو. هاوپەیمانەکانیش بەشێوەى فەرمى لە دەستپێکى شەڕى داعشەوە بە چەک بە مەشق و راهێنان و تەنانەت بە کۆمەکى دارایش هاوکاریى ئەم هێزە دەکەن، لە دەستپێکى ئەم پرۆسەى پشتیوانییەوە لە هەوڵى ئەوەدان ئەم هێزە چەکدارە لە دەستى حزب دەربهێندرێت و بخرێتە دەستى حکومەت، بەڵام هەوڵەکانیان بێئاکام بووە. تەنانەت ئەگەر لەبەر دڵ و لەسەر داواى ئەوانیش تێکەڵ بکرێن، لە چرکەساتە هەستیارەکاندا بە نامەیەکى مۆبایلى بەرپرسێکى حزبى لەیەک جیادەبنەوە و دەبنەوە ئامرازى دەستى حزبەکان.

 ئەگەر هاوپەیمانان خوازیارى ئەوەبوون لە هەرێمی کوردستان هێزێک هەبێت سەر بە حزب نەبێت، تەنیا ئەو کۆمەکە دارایى و چەک و پێداویستییە سەربازییانەى ئەمەریکا داویەتییە هەرێمی کوردستان بەس بوو بۆ ئەوەى لە دەرەوەى ئەم دوو هێزە حزبییە هێزێکى نیشتمانى دروستبکرێت، بەڵام هاوپەیمانان ئەوەیان نەکرد، لە رووى چەکدارییەوە هەر ئاویان کردووەتە ئاشى بەهێزکردنى پارتى و یەکێتییەوە. ئاگایان لە هەموو وردەکارییەک هەیە، ئەوەش دەزانن چەند لەو چەک و کەرەستە سەربازییانەى داویانە بە هێزە هاوبەشەکانیش چەندیان لەلایەن هەردوو حزبەکەوە براون، بەڵام هەر گوێیان پێنەداوە و بەردەوام بوون لە پشتیوانیکردنى پێشمەرگە.

هەرێمى کوردستان دووجار کەوتووەتە بەردەم هەڕەشە و مەترسى راستەقینەوە، (شەڕى ئەنسار ئیسلام و شەڕى داعش)، لە هەردوو ئەو مەترسییەدا ئەمەریکا و هاوپەیمانەکان بە فریاى کوردستان کەوتوون. ئەگەر بە کۆمەک و پشتیوانیی ئەوان نەبووایە پێشمەرگە بە تەنیا نەیدەتوانى رووبەڕووى ئەو هەڕەشانە ببێتەوە. ئێستاش ئەگەر لە ترسى ئەمەریکا و هاوپەیمانان نەبێت، هێزە هەرێمایەتییەکان هەر رۆژە و هێز و گرووپێک دژ بە کوردستان دروستدەکەن و دەینێرنە سەرمان. واتا هێشتا ئەوەى سەقامگیری و ئارامیی کوردستانى راگرتووە، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانین، بۆیە نابێت رێگەبدرێت ئەگەر لە بێباکییانە یان هەر هۆکارێکى دیکە، ئەم دوو هێزە ببنە هۆکارى پشتتێکردنى ئەم دۆستانەى کورد.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan