راپۆرت
رەتیکردەوە هاوسەرگیری بکات، خێزانەکەی بردیان بۆ نەخۆشخانەی دەروونی
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
مەی زیادە، نووسەر و وەرگێڕ و بەنەژاد فڵستینی-لوبنانی، كەسایەتیی و بەهرەكانی لەگەڵ ئەدەبی عەرەبیدا ئاوێتەبوون سەرنجی چەندین كەڵەشاعیر و نووسەری عەرەبی بۆ خۆی بردووە، بەڵام تەنها لەرێگەی نامە پەیوەست بوو بە یەكێكیان، هەتا مەرگ یەكتریان نەبینی و كۆتا رۆژەكانی ژیانی بە تەنها و بێكەس بەڕێكرد.
هەرگیز یەكدییان نەبینی و هەرگیز هاوسەرگیرییشی نەكرد
مەی زیادە بە قەڵەمە بەبڕشتەكەی بەناوبانگ بوو، زیاتر لە سەدەیەك لەمەوبەر لەگەڵ نووسەرە گەورەکانی عەرەب رکابەریی دەکرد، ساڵۆنێکی رۆشنبیریی لە ماڵەکەیدا کردەوە کە نووسەران تێیدا گفتوگۆیان دەکرد و زۆر لە شاعیران پێی سەرسام بوون، بەڵام ئەو تەنها جبران خەلیل جبرانی دەویست كە هەرگیز یەكدییان نەبینی و هەرگیز هاوسەرگیرییشی نەكرد.
شارەزای 9 زمانی جیاواز بوو، رێزی سەرجەم نووسەر و ئەدیبە گەورەكانی عەرەبی بەدەستهێناوە
كاتێك تەنها پیاوان لە كایەی نووسین و ئەدەبدا خاوەن دەنگ و سەنگ بوون، مەی زیادە پەپوولەی ئەدەبی عەرەبی بوو، شارەزای 9 زمانی جیاواز بوو، رێزی سەرجەم نووسەر و ئەدیبە گەورەكانی عەرەبی بەدەستهێناوە، نەک تەنها لەبەر جوانییەکەی، بەڵکو بەهۆی کەسایەتیی و رۆشنبیرییەكەشی.
زۆرێک لە شاعیرانی ئەو سەردەمەی خۆی چەندین شیعر و شانامەیان بۆ نووسیوە، نووسەر و شاعیرە گەورەكانی جیهانی عەرەبی وەك ئەحمەد شەوقی، ئەلرافعی، عوقاد و جوبران خەلیل جوبران بەتەواوی پێی سەرسام بوون، بەڵام ئەو تەنها یەكێكیانی ویست.
هەرچەندە تەنها بۆ یەك جاریش یەكیان نەبینی، مەی زیادە و نووسەری لوبنانی جبران خەلیل جبران ماوەی 19 ساڵ نامەیان بۆ یەك دەنووسیی هەتا ساڵی 1931 جبران خەلیل كۆچی دواییدەكات و مەی هەتا كۆتایی تەمەنی هاوسەرگیری ناكات.
مەی زیادە لە ساڵی 1886 لە شاری ئەلناسرە-ی فڵستین لەدایكبووە تاکە منداڵی باوکێکی لوبنانی و دایکێکی فڵستینییە و ساڵی 1908 لەگەڵ خێزانەکەی کۆچیان کرد بۆ میسر.
هۆڵێكی ئەدەبی لە ماڵەكەی خۆیدا كردەوە زۆر نووسەر و رۆشنبیری تێدابوو
لەوێ باوکی رۆژنامەیەکی بە ناوی "المحروسە" دامەزراند كە مەی دواتر كاری زۆری تێداكرد، ساڵی 1912 هۆڵێكی ئەدەبی لە ماڵەكەی خۆیدا كردەوە زۆر نووسەر و رۆشنبیری تێدابوو.
ناوبانگ و لێهاتووییەكەی وایکرد لە بازنەکانی ئەدەبیدا زۆر بناسرێت، زۆرجار ناوی لە بزووتنەوە رزگاریخوازەکانی ژناندا هەبووە و هەمیشە نیگەرانیی خۆی لە پرسی بێدەنگیی ژنانی عەرەب دەربڕێوە.
دوای ئەوەی لە نێوان ساڵانی 1928 بۆ 1932 هەریەك لە باوكی، دایكی و جبران خەلیل كۆچی دواییان كرد، مەی تەواوی ئازیزانی لەدەستدا و تەندروستی تێکچوو، پاشان گەڕایەوە بۆ لوبنان.
توانی بیسەلمێنێت نەخۆش نییە و دەروونی دروستە
لە لوبنان بەشێک لە خزم و كەسەكانی بە "شێت" لەقەڵەمیاندا و بەمەبەستی دەستبەسەرداگرتنی سامانەكەی بردیان بۆ نەخۆشخانەی دەروونی، بەڵام دواتر توانی بیسەلمێنێت نەخۆش نییە و دەروونی دروستە.
پاش ئەوە گەڕایەوە میسر و لە ساڵی 1941 لە نەخۆشخانەیەكی قاهیرە کۆچی دواییکرد و هەمان رۆژ لە گۆڕستانێكی ئەو شارە بەخاكسپێردرا، لە مەراسیمی بەخاكسپاردنەكەیدا ژمارەیەكی كەم كەس ئامادەبوون.
شادان ع.ع