راپۆرت

كوردێك لە ئاوارەییەوە چۆن بۆ دووەمجار بووە باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا

مەودا میدیا - سلێمانی |


كوردێك لە ئاوارەییەوە چۆن بۆ دووەمجار بووە باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا
مەودا  میدیا-

یەكەمین كوردە پێگەی باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكان وەربگرێت و یەكێكە لە كەمینە موسوڵمانەكانیش كە لە كابینەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پۆستی پێدرا، كاتێكیش گەڕایەوە بۆ كوردستان، فیلمێكی دۆكیومێنتاری لەسەر ژیانی بەرهەمهێندرا بە ناوی (هێرۆی ئەمەریكی).

هێرۆ قادر موستەفا، ئەو خانمەی بە ئاوارەیی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەستی بە ژیان كرد و ساڵانێكە پۆستی باڵا لەو وڵاتە وەردەگرێت، ساڵی 1973 لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان لەدایكبووە، بەهۆی ئەوەی باوكی چالاكوانێكی سیاسیی دژ بە رژێمی سەدام حسێن بوو، ساڵی 1976 بەرەو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئاوارە بوون.

هێرۆ و خێزانەكەی لەلایەن كڵێسای زایۆن لوسێرن-ەوە گەیەندرانە باكووری داكۆتا لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و دوو ساڵ لە كامپی پەنابەران مانەوە، بەڵام ئەم خانمە كوردە، هەر لەوێ خوێندنی تەواوكرد و لە بەشەكانی "ئاسایشی نەتەوەیی" و "پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان" و "سیاسیەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" بڕوانامەی بەدەستهێنا و دەرچووی زانكۆی پرینستن-ە.

ساڵی 1999 هێرۆ موستەفا پەیوەندیی كرد بە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و وەك بەرپرسی سیاسیی بۆ مافەكانی مرۆڤ و پێشێلكارییەكان لە ئەسینا دەستبەكاربوو.

دواتر وەك راوێژكار لە بەیروت و لە واشنتنیش لە سەردەمی دەستبەكاربوونی ئێڵیۆت ئەیبرامس وەك بەرپرسی كاروباری ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی كاریكردووە.

لە كاتێكیشدا كۆندۆلیزا رایز وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بوو، بووە یاریدەدەری تایبەتی ئەو خانمە دێپلۆماتكارە، لە عیراق و لە سەردەمی پاوڵ بریمەر حاكمی عیراق تایبەت بە هاوپەیمانیی دەسەڵاتی كاتی پاش كەوتنی رژێمی بەعس، هێرۆ مستەفا وەك رێكخەری كارەكانی نەینەوا كاری دەكرد.

هێرۆ ساڵی 2017 بۆ ماوەی هەشت مانگ باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بوو لە پۆرتوگال، ساڵی 2019ش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەو كاتەی ویلایەتە یەكگرتووەكان وەك باڵیۆزی وڵاتەكە لە بولگاریا دەستنیشانیكرد و هەتا 2023 لە كارەكەی بەردەوامبوو.

ئازاری 2023 بەربژێركرا بۆ پۆستی باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە میسر و 11ی تشرینی دووەمی هەمان ساڵ بە فەرمیی بووە باڵیۆزی ئەمەریكا لە میسر، ئەم خانمە بەنەژاد كوردە، هەریەك لە زمانەكانی كوردی، ئینگلیزی، عەرەبی، توركی، ئیسپانی و یۆنانی دەزانێت، هاوسەرگیریی لەگەڵ راڤنیش گارگ ئەنجامداوە كە بەنەژاد هیندییە و خاوەنی دوو كچە بە ناوەكانی ئاریانا و ئاشنا.

 

دەق؛ شادان ع.ع

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان