عەتا مەحمود
ناوی خوازراو
لە مێژووی رۆژنامەگەریی کوردیدا، بەتایبەت لە دەیەی هەشتاکاندا، نووسین بەناوی خوازراوەوە، یەکێک بووە لە دیاردەکان، هەڵبەت (خۆ نەناساندنی خاوەن بابەت) دوو جۆرە:
- ناوەڕۆکی بابەتەکانیان، رەنگدانەوەی بیروباوەڕێکی رامیاری بووە، لەبەر بارودۆخی ئەوکاتە، وا پێویستی کردووە، بەناوی خوازراوەوە یاخود بە نووسینی پیت لە جیاتی ناوی نووسەرەکە، بابەتەکانیان بنێرن بۆ گۆڤار و رۆژنامەکان، بەتایبەت ئەو گۆڤار و بڵاوکراوانەی لە شاخ چاپ و بڵاودەکرانەوە، نووسەرەکان لە شارەکان و لەژێر دەسەڵاتی رژێمدا بوون، لەبەر سەلامەتییان، مافی خۆیان بووە، خۆیان ئاشکرا نەکەن.
یاخود هەندێکجار لە شیعر و چیرۆک و شانۆگەریدا، باسی شۆڕش و بەرگری و راپەڕین و شەهید و داگیرکەریان دەکرد، بۆ ئەوەی تووشی سەرئێشە و بێنە و بەردەی دەزگا ئەمنییەکان نەبن، یاخود بابەتەکانیان لە ژێر دەستی لیژنەی سانسۆر تێبپەڕێت و رەزامەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی وەربگرێت، ئاماژەیان بە کێشەی فەلەستین و ڤێتنام… دەکرد، ئەمەش بیانوویەکی باش بووە، هەم بۆ خۆدەربازکردن و هەم بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتەکانیان.
- نووسین، لەسەر بەرهەمی نووسەرانی تر، بەناوی خوازراوەوە، بەتایبەت لە بواری ژانەرە ئەدەبییەکاندا، چ لە میدیایی ئەلکترۆنی بێت یاخود کاغەزی، دیاردەیەکی ناشیرین و نا پەسندە؛ بۆ دەبێت کە رەخنەت هەبێت لەسەر بەرهەمی نووسەرێک، ئەوەندە جەرائەت و ئازایەتیت تێدانەبێت بەناوی خۆتەوە و بە ئاشکرا رای خۆت بڵێیت؟! کەسێک کە دەزانێت نووسەرێک بە هەڵەدا چووە و بابەتەکەی کەم و کوڕی تێدایە، ئەگەر مەبەستی گفتوگۆی مژاری ئەدەبییە، بۆ بە نهێنی و بەناوی خوازراوەوە لەسەری دەنووسێت؟! پێویستە بە ئاشکرا قسە بکات و بەرگری لە بیروڕا و بۆچوونەکانی خۆی بکات، ئەگەر خۆی ئاشکرا نەکات، لە دوو حاڵەت بەدەرنییە:
بڕوای بە بۆچوونەکانی خۆی نییە، وەک بابەتێکی سەرپێی قسەیەکی فڕێداوە، ئیتر مەبەستی نییە قسەکانی تا کوێ بڕ دەکەن و چ ئامانجێک بەدیدێنن، لەوەش دەترسێت کاتێک وەڵامیان دایەوە، وەڵامێکی لۆژیکی بێت و سەرلەبەری بۆچوونەکانی ئاوەژوو بکەنەوە، لەم حاڵەتەشدا، خۆی ناکات بە خاوەنی و کەس نازانێت کە لەگەڵ ئەمیانە، وەک پەندە کوردییەکە دەڵێت: زانیت ئەزم، نەتزانی دزم.
یان، بابەتەکەی تووند و زبرە و پێی شەرمە بەناوی ئاشکرای خۆیەوە ئەو گێچەڵە بکات، لە کاتێکدا شەرم ئەوەیە: ئەو قسەیەی نەتوانیت لە بەرەو روو بیڵێیت؛ لە پاشملە بیڵێیت؛ شەرم ئەوەیە، کە مرۆڤ (دوور لە رووی خوێنەر) دووڕوو بێت.
لە دەیەی رابردوودا، بەهۆی بەکارهێنانی بەرفراوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ئەم دیاردەیە لە سۆشیاڵ میدیادا، زۆر بە خراپتر بەردەوامی هەیە، لە رێگەی ئەکاونت و پەیجی نەناسراو و فەیکەوە، کێیان بووێت دەیدەنە بەر نەشتەری قسەکانیان. ئەگەر ساڵانی زوو، لە گۆڤار و رۆژنامەکاندا رێگە بە تەشهیر و ناو زڕاندن نەدراوە و تاڕادەیەک رەخنەکان لە چوارچێوەی گفتوگۆیەکی ئەدەبیدا بووە، ئێستا لە سۆشیال میدیادا ئەو فلتەرەش نییە، جێگەی سەرسوڕمانە، کەسانی دی بەبێ ئەوەی هەڵسەنگاندنیان هەبێت بۆ بابەتەکە، بەشداریدەکەن و دەکەونە مەدح و سەنا و دەستخۆشی! لە کاتێکدا ئەم جۆرە بابەتانە تەنها بۆ گێچەڵکردنە و هیچ پانتاییەکی رەخنە و گفتوگۆ فراوان ناکات.
خ.غ