زوڵفان غەریب

زوڵفان غەریب

بێنەزیر بۆتۆ؛ تەوارێكی ئەفسوناویی

لە زۆربەی كۆمەڵگەكانی جیهاندا، كاتێك كەسایەتییەكی سیاسی یاخود سەركردەیەكی شۆڕشگێڕ ‌و هەندێكجاریش هونەرمەندان‌ و ئەدیبانیش دەبنە پاڵەوانی مێژوویی‌ و سەرگوزەشتەی پاڵەوانێتی، لەدوای خۆیان بە زیندوویی‌ و درەوشاوەیی مێژووی ژیانیان تۆماردەكەن، ئەمەش وادەكات ناو ‌و ناوبانگیان سنوور تێپەڕێنن‌ و جیهان داگیربكات ‌و تەنها وەكو سەرمەشقی یەك نەتەوە‌ و خاك نامێننەوە، بەڵكو زۆرجار دەبنە ئەفسانەی چیرۆك‌ و مێژووی داستانە شۆڕشگێڕییەكان.

بەشێك لە سیاسی‌ و چالاكەوان ‌و هونەرمەندان دەیانەوێت لەسەر شێوازی ئەوان هەڵسوكەوت ‌و چالاكیی كاركردنیان رێچكەبگرن‌ و لە بەرگی ئەم كەسایەتیانە رەنگدانەوەیان هەبێت ‌و هەندێكجاریش لەسەر شێوازی جلوبەرگ‌ و تۆن ‌و ئەدای گفتوگۆش لەم كەسایەتیانە وەربگرن.

لە جیهاندا كەم نین ئەو مرۆڤانەی كە دەیانەوێت ببنە پاڵەوانی چیرۆكەكان، بەڵام تەنها هەندێك لە مرۆڤەكان بە پرشنگداریی لە لاپەڕەی پەرتووكەكان تۆماردەكرێن، چونكە ئەم مرۆڤانە دەبێت قوربانی بدەن لەپێناوی رزگاركردنی كۆمەڵگە لە داگیركاری ‌و چەوساندنەوە‌ و دواكەوتوویی ‌و هەژاری.

ئەوەی دەمانەوێت لێرەدا بە گرنگی دەزانین تیشكی بخەینە سەر تەوارێكی ئازا ‌و نەترس ئەویش خاتوو بێنەزیر بۆتۆیە كە خەڵكی وڵاتی پاكستانە ‌و سەرۆك وەزیرانی پاكستان بوو ‌و ریشەیەكی كوردیشی تیادابوو، ئەو تەوارە تەنها ژن بوو لەو وڵاتە كە ئەم پۆستە وەربگرێت، ناوبراو لە ساڵی (1953) لە شاری كەراتشی لە هەرێمی سند لەدایكبووە ‌و كچی زولفەقار عەلی بۆتۆیە، کە سەرۆكی پێشووی پاكستان بوو‌ و دایكی ئێرانی بووە‌ و ئەم خاتوونە تەوارێك بوو لە بێشەیەكی پڕ مەترسی‌و ئاڵنگاریی هاتبووە دەرێ‌.

هەر خۆی لە بنەڕەتدا گیانی سەركردایەتی ‌و بەرەنگاربوونەوەی بەقووڵی تیادا چێنرابوو ‌و سەركردەیەكی هەڵكەوتوو بووە، چالاكەوان‌ و سیاسەتمەداربووە.

هەركاتێك كە لە شەقامەكانی پاكستان دەردەكەوت ئەو تەنها وەك خانمێك یان سەركردەیەك مامەڵەی نەدەكرد، بەڵكو ئەو خاتوونە لە خەمی دواكەوتوویی‌ و هەژاری ‌و داگیركاریی ئایدۆلۆژیا بەسەرچووەكان خەباتی دەكرد‌ و بەرەنگاریی تاریكپەرستی دەبووەوە‌ و بەهەشتی ئەوروپا ‌و بەریتانیای جێهێشت بۆ ئەوەی لەناو گەل ‌و خاكەكەی خەبات بكات.

ئەوەی بۆ من جێگەی سەرنج بوو جارێكیان لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا رەوانشاد سەرۆك مام جەلال وتی "خاتوو بێنەزیر بۆتۆ پێی‌ وتم نەنكم كوردە"، ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێ‌ ژنانی كورد وەك تەوار لە هەر كۆمەڵگەیەك بن لە سەرجەم سێكتەرەكانی ژیان دەتوانن توانای خۆیان دەربخەن، ئەم خاتوونە چەندین بەرپرسیارێتیی لەماوەی كاركردنی وەرگرتووە، وەكو كارەكتەرێكی سیاسیش لەناو حزبەكەی دەردەكەوت‌ و لە ساڵانی (1993 تا 1996) سەرۆكی شارەوانی بووە‌ و هەمیشە وەكو ئەستێرەیەكی گەشاوە لە مێژووی خەباتدا دەدرەوشێتەوە، بەڵام سەد مەخابن تاریكپەرستان‌ و تێرۆریستان نەیانهێشت ئەم تەوارە پاكستان لە دواكەوتوویی‌ و هەژاری رزگاربكات ‌و لە كردەوەیەكی تێرۆریستی شەهیدیان كرد ‌و هەگبەی پڕ لە خەم ‌و خەونی گەلەكەی لەگەڵ خۆیدا لەژێر گڵ نا.

خ.غ
 

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan