راپۆرت

پارتى ده‌یه‌وێت سه‌قامگیریى هه‌رێمى كوردستان تێكبدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


پارتى ده‌یه‌وێت سه‌قامگیریى هه‌رێمى كوردستان تێكبدات

مه‌ودا میدیا-

پارتیی دیموكراتیی كوردستان ده‌زانێت ئه‌گه‌ر به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى كوردستان بكات تووشى شكستى گه‌وره‌ ده‌بێت، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت له‌ رێگه‌ى به‌شدارینه‌كردنى هه‌ڵبژاردن سه‌قامگیریی هه‌رێمى كوردستان تێكبدات.

هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى 11 كورسى پێكهاته‌كان كه‌ له‌ خزمه‌تى پارتى بوون، هاوكات به‌ڕێوه‌بردنى هه‌ڵبژاردن له‌ لایه‌ن كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنى عیراق، ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌ى چوار بازنه‌یی، پارتى تووشى ته‌نگه‌تاوى كردووه‌ و ده‌زانێت به‌و حاڵه‌وه‌ ناتوانێت ساخته‌كارى بكات و به‌ ویستى خۆى یارى به‌ده‌نگ و سندوقه‌كانى ده‌نگدان بكات.

بۆ ئه‌وه‌ پارتى نایه‌وێت به‌شدارى هه‌ڵبژاردن بكات، ئه‌گه‌رچى ماوه‌ى دووجاره‌ كۆمسیۆن به‌هۆى راده‌ستنه‌كردنى كاندیده‌كانى ئه‌و حزبه‌ ماوه‌ى خۆتۆماركردنى درێژكرده‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كى باڵا له‌ناو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ مه‌ودا میدیاى راگه‌یاند "پارتى ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ هه‌ڵبژاردنى شكستى خۆى ده‌زانێت، نایه‌وێت به‌شداربێت چونكه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌نگى راسته‌قینه‌ى ده‌رده‌كه‌وێت و بۆ هه‌موو كه‌س ئاشكراده‌بێت ئه‌و حزبه‌ چ پێگه‌یه‌كى بچوكى هه‌یه‌ به‌راورد به‌و كاته‌ى كه‌ به‌ ویستى خۆى یارى به‌ ده‌نگ ده‌كرد".

وتیشى "به‌شدارینه‌كردنى پارتى له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتووى هه‌رێمى كوردستان ئاشكرایه‌ پارتى ده‌یه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ى شكستى خۆى بشارێته‌وه‌، په‌نا بۆ تێكدانى سه‌قامگیریی و ئارامى هه‌رێمى كوردستان ده‌بات".

باسى له‌وه‌شكرد "پاراستنى هه‌رێمى كوردستان و مانه‌وه‌ سه‌قامگیریی هه‌رێمى كوردستان به‌نده‌ به‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام پارتى له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌دا تێكدانى هه‌رێمى پێ باشتره‌".

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ مه‌ریوان حه‌یده‌ر، چاودێرى سیاسیی به‌ مه‌ودا میدیاى راگه‌یاند "پارتى رووبه‌ڕووى دۆخێكى قورس بووه‌ته‌وه‌، ده‌زانێت ئه‌گه‌ر به‌شدارى هه‌ڵبژاردن بكات به‌ته‌واوى قه‌باره‌ى خۆى بۆ ئاشكرا ده‌بێت ،چونكه‌ چه‌ندین ساڵه‌ پارتى وه‌ك میزه‌ڵان فوى له‌ قه‌باره‌ى خۆى كردووه‌ نه‌ك قه‌باره‌ى راسته‌قینه‌ى خۆى".

باسى له‌وه‌شكرد "به‌ڕێوه‌بردنى هه‌ڵبژاردن له‌ لایه‌ن كۆمسیۆنى عیراق هیچ رێگایه‌ك بۆ ساخته‌كارى و گۆڕینى سندوق له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ ناهێڵێته‌وه‌، پارتیش به‌شدارى هه‌ڵبژاردنێك ناكات پاك بێت و ئه‌و هه‌میشه‌ به‌دواى ساخته‌كارییه‌وه‌یه‌".


Qaiwan
Qaiwan