میهرەبان حسێن

میهرەبان حسێن

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

دیاردەی کوشتنی مێینە هێشتا تاوانی دووبارەبووەوەیە، لە ئەنجامی بێدەنگی و قبوڵکردنی کۆمەڵایەتی و یاسایی، بەتایبەت کاتێک وەک تاوانێکی پێشوەختە و بەئەنقەست نەسەلمێنرێت، بەڵکو وەک تەقینەوەی توڕەیی و کردەیەکی دیسپلینی ئەو خێزانانەی کە بە پاساوێک رێگە بە خۆیان دەدەن کە ئەنجامی بدەن بەبێ هیچ سزا و لێپرسینەوەیەک کە هەندێکجار لەژێر ناوی شەرەف کردەکە ئەنجامدەدرێت.

دیاردەی ژن کوژی لە تەواوی جیهاندا بەربڵاوە و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک (پەتای جیهانی) ئاماژەی پێدەدەن، وەک دەبینین لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا دیاردەکە زیاتر و زۆرتر بەرچاو و گوێمان دەکەوێت، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە زیاتر نەریتین و ئاستی وشیارییان کەمترە، ئەگەر وردبینەوە رێژەی مردنە جۆراوجۆرەکانی پیاوان زۆرترە، بەڵام هێندەی مردنی ژنێک سەرنجمان نابەن، ئەوەش لە رووی سایکۆلۆژیاوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کەلەبەشی نائاگاییماندا بە زوڵمێک تەماشای دەکەین کە بەرانبەر بە میینەیەک دەکرێت، بەڵام شعورمان درک بەو تووندوتیژی و نادادپەروەرییە ناکات کە دژیان ئەنجام دەدرێت، نەستمان پێمان دەڵێت کە خودا مێینەی بە هەست و سۆز و خۆشەویستییەوە دروستکردووە تاژیان بەردەوام بێت.

ئەگەر تەماشابکەین لە یەکەم ساتی هاتنە دونیایەوە بە لەدایکبوونی وەک لە کۆنەوە وتراوە لەدایکبوونی کۆرپەیەکی کچ رسق و رۆزی روو لەو خێزانە دەکات، لەمانگەکانی سەرەتای تەمەنیشیاندا بەگروگاڵ و جوڵە ناسکەکانیان دڵی هەمووان بۆ خۆیان دەبەن، هەربۆیە دەوترێت ئەگەر کچێکت نەبوو تامی باوکایەتیت نەکردووە، کاتێک ئەم مێیینەیە گەورە دەبێت ئاوەدانی و خۆشەویستیی قەرەباڵغی روودەکاتە خێزان، کە دەشبێت بەهاوسەری پیاوێک دایدەمەزرێنێت و وەک دەڵێن نیوەی ئیمانی تەواو دەکات، کۆتا شت دەبێتە دایک کە سەختترین و قورسترین بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرێت، منداڵەکەی پێویستیی بەو سۆزەیە کە لەلایەن یەزدانەوە پێبەخشرواە.

لێرەدا مەبەستمە بڵێم هۆکار چییە کە ئەو هەستە سروشتییەی مێینەیەک بەئاڕاستەی خراپدا دەروات؟ رووبەڕووی هەڵەی روونیان دەکاتەوە؟.

یەکێک لەو هۆکارانە ئەوەیە کە منداڵێک لە خێزانێکی شپرزە و شێواوەوە دێتە بوون و بەشێوەیەکی نادروست و تووندوتیژ پەروەردە دەکرێت و گەورە دەکرێت ودواتر کە دێتە کۆمەڵگاوە بەو هەموو بۆشاییە رۆحییەیەوە تینوی پڕکردنەوەی فەراغی هەستەکانیەتی کە دەکرێت هەرکەسێک لە دەرگای دڵییان بدات و قەبوڵی بکەن، دۆخەکە زیاتر بۆی دژوارتر دەبێت کاتێک دوای تێپەڕینی وەها ژیانێک خۆی لە پرۆسەیەکی هاوسەرێتیی سەختدا ببینێتەوە، کە دیسان هەست بە نائارامی رۆحی خۆی بکات، لەو کاتەدا ژنێک دەیەویت هەڵەیەک بە هەڵەیەکی تر پڕبکاتەوە و بڕیاری چەوت بدات و رووبەڕووی خیانەت بێتەوە.

دیسان دێمەوە و دەپرسم، ئایا مرۆڤەکان هەڵەناکەن؟ دەکرێت هەریەکە و لە سوچێکەوە بۆ جارێک لە ژیانی خۆی بڕوانێت تا ببینێت چەندین نهێنی نەوتراو و هەڵە و تاوان لە ژیانیدا بوونی هەیە و نایەوێت کەس درکیان پێبکات؟.

ئەمە سروشتییە چونکە دەبنە ئەزموون و فێری ژیان دەبین، بەڵام ئەم بیرکردنەوەیە بەرانبەر مێیینە دروست نییە و بۆ ئەوان نییە هەڵە بکەن چونکە بۆ هەر هەنگاوێک سزای سەخت وەردەگرن، لەکاتێکدا دەزانین و بیستومانە کە ئادەم و حەوا لەبەر هەڵەیەک پەروەردگار نێردراونەتە سەر زەوی.

دەکرێت لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنانەوە بۆ کەمکردنەوەی ئەم پەتا جیهانییە بە ئەرکێکی قورس لێی بڕوانن، لە کاتێکدا چارەسەرێکی زۆر سادەی هەیە، کە هۆکارەکانی دەبینین، گەورەترین هۆکاری ئەم دیاردەیەش فەراغی خۆشەویستییە، کاتێک ئەم چەمکە بە دروستیی ئاڕاستەی خۆی وەردەگرێت و کچێک لە خێزانەکەیدا پێی ببەخشرێت و باوەشی میهرەبانیی بۆ دەکرێتەوە و لە خێزانێکی سەقامگیری وشیار و رۆشنبیرەوە پەروەردە دەکرێت و دواتر لە ژیانی هاوسەرێتیدا هەست بە گرنگیپیدان و بەختەوەریی دەکات کە لەلایەن مێردەکەیەوە بۆی فەراهەم دەکرێت و ژیانە نوێیەکەی دوورە لە کێشە و دەستتێوردان، ئەو کاتە کۆمەڵگەش هەست بە سەقامگیریی دەکات.

لەلایەکی ترەوە، ناکرێت بۆ هەر هەڵەیەک پەنا بۆ بڕیاردانی رەها ببرێت، پێویستیە بۆ هەر گرفتێک گفتوگۆ و گوێگرتن هەبێت، ئەوەش کاتی دەوێت کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا واز لە نەریتی تووندوتیژیی بهێنرێت لە کاتی چارەسەرکردنی کێشەکاندا، چونکە هەرتاکێک لە ئەنجامدانی هەر رەفتارێکی هۆکارێکی تایبەتیی خۆی هەیە و پێویستە خیزان پشتیوانیی ئەندامەکانی بێت و گرفتەکانیان بۆ چارەسەربکەن، بۆ ئەوەش دەبێت باوکان و براکان ببنە هاوڕێی کچ و خوشک و هاوسەرەکانیان لە بری نیشاندانی ترس و هێز میهرەبانیان نیشان بدەن، ئەو کات گەر هەڵەیەکیش ئەنجامبدرێت بەو ڕادە گەورە نابێت کە کاربگاتە سەر دیاردەی کوشتن.


* مامۆستای زانکۆ

 

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan