کوردستانی
حكومهتى ههرێم راگهیهندراوێكى نوێى بڵاوكردهوه
مەودا میدیا - سلێمانی |
مهودا میدیا-
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان كۆبووهوه و رایگهیاند "داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکهن هەرچی زووە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێم بۆ هەردوو مانگی پێنج و شهش خەرج بکات".
ئهمڕۆ چوارشەممە 10ی تەمموزی 2024، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێم، سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکان کە لە 2024/7/1 لە بەغدا کرا، لە لایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ خرایەڕوو.
لە کۆبوونەوەدا، جەخت لە پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور، کرایەوە.
ئەنجومەنی وەزیران، پشتگیریی خۆی بۆ لیژنەی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی ورایسپاردن کە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا بەرکارەکان، درێژە بە گفتوگۆ لە گەڵ حکومەتی فیدراڵ بدەن و لیژنەیەکی یاسایی پسپۆڕیشی راسپارد بۆ رێککەوتن لە سەر داڕشتنی میکانیزمی هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکان تاوەکو یاسای تایبەت بە دەستەی دەروازە سنوورییەکان هەموار دەکرێتەوە.
پاشان، لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران بەدواداچوونی بۆ بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی گشتیی و بە تایبەتیش مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش كرد، کە بەداخەوە وەزارەتی دارایی فیدراڵیی تا ئێستا، مووچەی مانگی 5 و6 ی خەرج نەکردووە سەرەڕای ئەوەی کە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە پێشکەش بە تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کراوە بۆ وردبینی و پێداچوونەوە، لەمبارەیەوە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری راپۆرتێکی وردی خستەڕوو.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، دوا پێشهاتی بابەتی وردبینی و پێداچوونەوەی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدراڵی تاوتوێ کرا و جەختکرایەوە لە بەردەوامیی ئاسانکاریی وەزارەتەکان بۆ پرۆسەی وردبینی؛ هەروەها گفتوگۆ لەبارەی کارەکانی تیمی هاوبەشی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ سەبارەت بە پرۆسەی هاوبەشی یەکخستنەوەی رێکارە داراییەکان و رێکارەکانی وەرگرتنی باج لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کرایەوە بە رەچاوکردنی دەسەڵاتە دەستوورییەکان و بە ئاراستەی برەودان بە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی دارایی.
ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای جەختکردنەوە لە هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە خوازیاری چارەی راستەقینەی سەرجەم بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵە، لەم رووەوە، دامەزراوەکانی هەرێم پابەندییەکانی خۆیان بەجێ گەیاندووە و ئەرکی حکومەتی فیدراڵیشە کە شایستەکانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات هاوتای ناوچەکانی دیکەی عیراق و چیتر خەرجکردنی مووچە دوا نەکەوێت.
ئەنجومەنی وەزیران، داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات هەرچی زووە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێم بۆ هەردوو مانگی 5 و 6 خەرج بکات. هەروەها داوا دەکات شایستەکانی دیکەی هەرێم لە تەرخانکراوەکانی تەشغیلیی و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان خەرج بکات کە لە خشتە پەسەندکراوەکانی بودجەی عیراق بۆ ساڵی 2024 پارەیان بۆ تەرخانکراوە کەچی تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ هەرێم خەرج نەکردووە و لە سەرەتای 2024 یشەوە، هەرێمی کوردستان بەشی گەنجینەی فیدراڵیی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی بە کاش بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ ناردووە و مانگانەش لیستی مووچەی مووچەخۆران و تەرازوویی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجی سەرجەم وەزارەتەکان، بە شێوەیەکی روون و شەفافانە ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کراوە.
پ ح ع