ئابووری
داڕمانی گەورە لە بازاڕی بۆرسەی جیهانی روودەدات
مەودا میدیا - سلێمانی |
هەفتەی رابردوو داڕمانی گەورە لە بازاڕەكانی بۆرسەی جیهانیدا روویدا و چاوەڕێی داڕمانی زیاتریش دەكرێت، ئەمەش لە ئەنجامی ترسی نوێ لە خاوبوونەوەی ئابووری لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و رووداوە نوێیەكانی جیهان.
ماڵپەڕی ئەلنەشرەی عەرەبی بڵاویكردووەتەوە، پاش هەستكردن بە نیگەرانی وەبەرهێنەران بەتایبەت دوای بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری و كوژرانی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسی حەماس و ترس لە هێرشی پێچەوانەی ئێران، دۆخێكی ئاڵۆز هاتووەتە ئاراوە كە بووەتە هۆی دابەزینی بەهای پشك و دراوەكان لە جیهاندا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، بەهۆی ترسی وەبەرهێنەران لە پاشەكشەی ئابووری ئەمریكا، بەهای پشكی كۆمپانیاكان بە تەواوی دابەزیوە و هەموو ئەو وڵاتانەش كە راستەوخۆ پەیوەندییان بەم كۆمپانیایانە و پشكەكانیانەوە هەیە، هەمان كاریگەرییان لەسەر دەبێت.
ماڵپەڕەكە باسی لەوەشكردووە، لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی زێڕ بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە كە هۆكاری سەرەكی ئەو دابەزینی نرخە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵسوكەوتی ئەو وەبەرهێنەرانەی كە مەیلیان بۆ فرۆشتنی زێڕ هەبووە، بەڵام پاش ماوەیەكی كەم نرخی زێڕ دیسان بەرزبووەوە.
ئەوەشی ئاشكرا كردووە، ئەگەر دۆخەكە بەو شێوەیە بەردەوامبێت، ئەوا داڕمانی گەورەتر لە بۆرسەی جیهانیدا روودەدات.
ئ.پ