کوردستانی

بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت، پرسی هەژماری من کۆتایی هاتووە

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت، پرسی هەژماری من کۆتایی هاتووە
مەودا میدیا -

بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئەو حکومەتەی دروستدەکرێت هی خەڵک دەبێت نەک لایەنێکی دیاریکراو، قۆناغی داهاتووش بریتی دەبێت لە چەسپاندنی دادپەروەری.

ئەمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لەدیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت  رایگەیاند "یەکێتی بەپەرۆشییەوە لە پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و تەندروست دەڕوانێت"

وتیشی "حکومەتێک رەنگدانەوەی خواستەکانی خەڵک بێت و هیچ لایەنێک نەتوانێت مەرام و ویستەکانی خۆی بسەپێنێت و دامەزراوە حکومییەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاربهێنێت". 

ئاماژەی بەوەشکرد "بەپشتیوانیی خەڵک کۆتاییان بە تاكڕەوی هێناوە و ناهێڵین چیتر ئەم حوکمڕانییە چەوتە درێژەبکێشێت، قۆناغی داهاتووش بریتی دەبێت لە چەسپاندنی دادپەروەری و دوورکەوتنەوە لە جیاکاری".

باسی لەوەشکرد"کە هیوادارە هەموولایەنەکان خۆیان لەگەڵ ئەم پرەنسیپە بگونجێنن، چونکە ئەو حکومەتەی دروستدەکرێت، هی خەڵک دەبێت نەک لایەنێکی دیاریکراو.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، لەبارەی چاکسازییەکانی ناو ریزەکانی پێشمەرگە و یەکخستنەوەی هێزەکان لەچوارچێوەی هێزێكی نیشتمانی، راشیگەیاند "هەموو هەوڵێک لە دەرەوەی رێککەوتنەکان وەک لێدان لەم پرۆسە نیشتمانییە دەبینن، بۆیە هیوادارن هەمووان بەرپرسانە مامەڵە بکەن هاوکاریی دۆستەکان لەوپێناوەدا، بەرز دەنرخێنین".

لەبارەی پرۆسەی 'هەژماری منەوە سەرۆکی یەکێتی وتی، "ئەم پرسە کۆتاییهاتووە، ئەوەی خەڵک دەیەوێت ئەوان جێبەجێی دەکەن و لەو چوارچێوەیەشدا پاڵپشت بە یاسا کار بە 'تەوتین' دەکەن کە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆراندایە نەک لایەنێکی دیاریکراو".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan