نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

خاک، یەکێکە لە کۆڵەکەکانی پێکهاتەی ژینگە. خاک، ژینگەیەکی ئاڵۆزە، چەندین پێکهاتەی تێدایە، وەک: مادە ئۆرگانییەکان، کۆمەڵگەی زیندەوەرە بچووکەکان، کونیل و تونێلی هەوا، ئاو و کانزاکان... خاک لە سێ تایبەتمەندیی سەرەکی پێک هاتووە، ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک لەو پێکهاتانەدا دروست بێت، ئەوا کاریگەری لەسەر تەندروستیی خاک دروست دەکات. ئەو تایبەتمەندییانە بەم شێوەیەن:
تایبەتمەندییە فیزیاییەکان: بریتییە لە پێکهاتەی خاک، سەقامگیریی تەنەکان، چڕی و فشەڵی، رەقی و زبری و وردیی پێکهاتەکانی خاک،کونیلەکان و تونێلەکانی ناو خاک...
تایبەتمەندییە کیمیاییەکان: پێک هاتووە لە مادە کیمیاییەکان و لە کردارە کیمیاییەکان کە لە خاکدا لە نێوان پێکهاتە کیمیاییەکاندا روو دەدەن، بۆ نموونە؛ مادە خۆراکییەکان، رادەی ترشی (PH) و خوێ و تفتی...
تایبەتمەندییە بایۆلۆژییەکان: بریتییە لە زیندەوەرە وردیلەکانی وەک: کرمی زەوی، کرمی شریتی، مۆرانە، کەڕووەکان... ئەمانە بە چالاکی و دەرهاویشتەکانیان کاریگەرییان لەسەر خاک هەیە.
هەموو ئەو پێکهاتانە بەشێوەیەکی داینەمیکی کارلێک دەکەن و بەیەکەوە تەندروستیی خاک پێک دەهێنن و دەیپارێزن و سوودیان بۆ یەکتری هەیە، هەر ئەوانیش بەیەکەوە کاریگەرییان لەسەر گلدانەوەی ئاو هەیە و ژینگەیەکی گونجاو بۆ زیندەوەرە وردیلەکان فەراهەم دەکەن. هەر لایەنێکیان کێشەی بۆ دروست بێت و تێک بچێت، ئەوا کوالێتیی خاک تێک دەچێت.

لەگەڵ ئەوەش، خاک لە سێ چینی یەک لە دوای یەک پێک هاتووە:
چینی یەکەم: خۆڵی رووی زەوی، ئەم چینە، رووی زەوی دادەپۆشێت و قووڵاییەکەی لە چەند سانتیمەترێک زیاتر نییە. هەموو مادە ئۆرگانییەکانی تێدایە، زۆربەی زیندەوەرە وردیلەکان و کرم و مێرووەکانی تێدا دەژین. ئەم چینە، زیاتر تووشی داخوڕان دەبێت و تێک دەچێت.
چینی دووەم: راستەوخۆ دوای چینی رووکەش دێت. کەمتر بتمۆس و زیندەوەری تێدایە بەراورد بە بەشی سەرەوەی.
چینی سێیەم: بەردەڵانە، ئەوەش چینە بنەڕەتی و رەسەنەکەیە و پێی دەوترێت چینی دایک، کە خاک و خۆڵی لێ دروست دەبێت و کەمتر رووبەڕووی کاریگەرییەکانی گەرما و شێ و با دەبێتەوە.

مەبەست لە تێکچوونی خاک چییە؟
تێکچوونی خاک، واتە تێکچوونی کوالێتیی فیزیایی و کیمیایی و بایۆلۆژی، کە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤ یاخود پرۆسەی سروشتییەوە روو دەدەن. ئەو گۆڕانکارییانەی کە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە دروست دەبن، ئەمانەن: 
پەستانی خاک: پەستانی خاک زیاتر بەهۆی بەکارهێنانی ئامێرە قورسەکانەوەیە، بۆ نموونە؛ دروستبوونی پەستان لەسەر خاکی بیابانەکانی عیراق، لە رێگەی ئامێرە سەربازییەکانەوە لەو ناوچانە، بەتایبەتی لە کاتی رزگارکردنی عیراق لە ساڵی 2003 و ساڵانی دواتر. هەروەها نەمانی رووەکی بیابانی لەو ناوچانە، زیادەڕۆیی لە کێڵان و بەجێهێشتنی خاک دوای کێڵان، یاخود زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانیدا وەک لەوەڕگە... خاکی پەستراو بۆشایی نێو خاکەکەی کەم دەبێتەوە کە پێویستە بۆ جووڵەی هەوا و ئاو بۆ رەگی رووەک و درەختەکان.
داڕووتان و داخوران: داڕووتان و داخورانی توێژی سەرەوەی خاک بە رێژەیەکی خێراتر لە دروستبوونی، کێشەیەکی گەورە بۆ خاک دروست دەکات، چونکە ئەم توێژە، بەشە بەپیتەکەی خاکە بۆ گەشەی رووەک. داخورانی خاک، دوای کێڵان یاخود بڕینەوەی دارستان دروست دەبێت.
پیسبوونی کیمیایی: بەشێوەیەکی گشتی، هۆکارەکەی بەکارهێنانی مادە قەڵاچۆکەرەکانی مێرووەکان و بەکارهێنانی زبڵی کیمیایی و پاشەڕۆ کیمیاییەکانی کارگەکان و شوێنە پیشەسازییەکانە... ئەم پیسبوونە، کاریگەریی نەرێنی لەسەر زیندەوەرەکانی خاک دروست دەکات و جۆر و رێژەی زیندەوەرە بنەڕەتییەکانی خاک کەم دەکەنەوە، یاخود لەناویان دەبەن، بەمەش بەپیتیی خاک کەم دەبێتەوە. 

کێڵانی خاکیش بەقووڵی، دەبێتە هۆی دەرچوونی رادەیەکی زۆری دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بۆ ناو هەوا، کە هۆکارە بۆ قەتیسبوونی گەرما و لاوازبوونی خاک و بەشێوەیەکی گشتی بەشدارە لە گۆڕانکاریی کەشوهەوا.

بە تێکچوونی خاک، کوالێتیی خاک لە رووی مادە خۆراکییەکانی رووەکەوە تێک دەچێت و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی خۆراک و کەمبوونەوەی رووەکە سروشتییەکان.

چۆن دەتوانین خاک بە تەندروستی بهێڵینەوە؟ 
لەکاتێکدا کشتوکاڵ هۆکارێکە بۆ کەمبوونەوەی کوالێتیی خاک، بەڵام چەندین شێوازی کشتوکاڵکردن هەیە کە دەتوانن ئەو رەوتە پێچەوانە بکەنەوە و یارمەتی تەندروستیی خاک بدەن. گرنگترین شێوازی گونجاو و تەندروست بۆ کشتوکاڵکردن؛ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی مادە کیمیاییە قەڵاچۆکەرەکان و زبڵی کیمیاییە، لەجیاتی ئەوانە، دەتوانن مادە ئۆرگانییەکان بۆ دروستکردنی زبڵ، وەک بتمۆس بەکار بهێنن، کە کوالێتی پێکهاتەی خاک دەپارێزێت، بەمەشرادەی ترشەڵۆکی خاک و پلەی گەرمی و ئاڵۆگۆڕی هەوای ناو خاک و چالاکیی زیندەوەرەکانی خاک زیاتر دەبێت و خۆراکی سەرەکی بۆ گەشەی رووەک پەیدا دەبێت و نەخۆشییەکانی خاک کەم دەبنەوە و هەڵمژینی ئاو باشتر دەبێت، ئەمە جگە لەوەی پارێزگاری لە بەهەڵمبوون دەکات و رێگە لە داخورانی زەوی و نەمانی چینی بەپیتی زەوی دەگرێت. هەروەها پەستانەوەی خاک و ئیدارەدانی و بەکارهێنانی ئاو و زبڵ، بە شێوازی زانستی پەیڕەو بکرێت. 

لە لایەکی ترەوە، پێویستە دەوڵەت و رێکخراو و کۆمپانیاکان چاودێریی چڕیان هەبێت بۆ فڕێنەدانی مادە کیمیاییەکان بۆ ناو خاک، ئەمانە و چەندین رێگەی تر.

پارێزگاریکردن لە خاک، ئەرکی هەموو لایەنێکە و ئێستا بزووتنەوەیەکی جیهانیی بەرفراوان هەیە بۆ پارێزگاری لە خاک و بەردەوامبوونی. خاکی تەندروست، بەردی بناغەی گەشەی بەردەوامە. وڵاتانی جیهان سیاسەت و پراکتیکی سەردەمییانەیان گرتووەتەبەر بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی خاک،هەوڵی هاوبەش هەیە لە نێوان حکومەتەکان و رێکخراوە ناحکومی و نێودەوڵەتی و کەرتە تایبەتەکان و زانکۆکان لەسەر پێشخستنی توێژینەوە و دیراسات دەربارەی ئەو روانگەیەی کە پارێزگاریی لە خاک؛ بەردەوامی بە ژیان دەدات و ئاسایشی خۆراک بۆ نەوەکانی داهاتوو فەراهەم دەکات و ژینگە دەپارێزێت، کە خۆشی یەکێکە لە کۆڵەکەکانی ژینگە.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan