ھەیفا  مەجید

ھەیفا مەجید

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان و کاندیدکردنی ژنان

ئاشکرایە کە هەموو پارتە سیاسییەکان لە هەر لیستێکدا کاندیدی ژنی هەبوو، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەوڵ و ماندووبوونەی رەوانشاد مام جلال کە جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ژن لە پەرلەمانی کوردستاندا کۆتای خۆی هەبێ و ببێتە خاوەنی رێژەیەکی دیاریکراو، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هۆشمەندیی مام جەلال و خوێندنەوەی تاکی کورد و کۆمەڵگەی کوردیی کە هەرگیز بڕوای بە توانای ژن نەبووە؛ مەگەر کەمینەیەک نەبێت.

ژن و کایەی سیاسی دووانەیەکی لەیەک دانەبڕاون نەک هەرئێستا لە دێر زەمانەوە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ هەریەک لە حەبسەخانی نەقیب و ئەو ژنانەی کە لە کایە جیاوازەکانی ژیانی کوردەوارییدا جێی خۆیان کردووەتەوە وەکو کایەی سیاسی، سەربازی و کۆمەڵایەتی، هەر ئەو نموونەیەش دەبێتە بەڵگەی بەشداریکردن و بەشداری پێکردنی ژن لە کایە جیاوازەکاندا.

با بێینە سەر هەڵبژاردانی ئەم جارەی پەرلەمان، راستە هەموو حزبەکان ژنیان کاندید کردووە، ئایا ئەم حزبانە بەڕاستی دەیانەوێ پاڵپشتی ئەم ژنانە بکەن کە لە کۆی هەموو لیستەکاندا ٣٦٨ ژن کاندید کرابوو یان دەیانەوێ ژن بکەنە کەرەستەیەک بۆ بەدەستهێنانی کورسی کۆتا و بەدەستهێنانی کورسی زیاتر بۆ حزبەکەیان؟ بێگومان ژنیش وەکو پیاو نوخبە و کەسی بەناوبانگ و لێهاتووی تێدایە کە حزبەکان هەوڵدەدەن لە رێگەیانەوە زۆرترین دەنگ بۆ خۆیان زامن بکەن، لەگەڵ ئەوشدا و بەهۆی میکانیزمی هەڵبژاردنی کوردستان کە شێوەی نیمچە داخراوە حزبەکان دەتوانن بە خواستی دڵی خۆیان بەربژێر دابنێین، چونکە لە کۆتاییدا دەنگەکان دەچنە کیسەی هەمان حزبەوە، هەندێک حزب دەستیبرد بۆ ژنە بەناوبانگ و لێهاتووەکانی کوردستان، هەندێکیش بێگوێدان بە توانا و کارامەیی ژنەکان تەنها چاوی لە کورسی کۆتا بوو، ئەگەر بێنەوە سەر حزبەکان و یەکێیتی بە نموونە وەربگرین؛ یەکێتی هەمیشە ئەو حزبە بووە کە پاڵپشتی ژنان بووە و کارامەیی و لێهاتوویی ژنان و تواناکانیان لەبەرچاو دەگرێت، چونکە ئەمە پەیڕەو و بەرنامەی مام جەلال بووە و لەئێستاشدا هەر لەسەر ئەو پلان و پڕوگرامە دەڕوات، راستە دەنگدەری کورد و بەتایبەتیی گەرمیانییەکان بەگشتیی زۆر بە کەمی دەنگ بە کاندیدی ژن دەدەن، لەوەش سەیرتر دەرکەوتووە کە دەنگدەری ژن کەمتر دەنگ بە کاندیدی ژن دەدات، دیارە ئەمەش پێویستیی بە شیکارییەکی دەروونی و سیاسی هەیە کە نامەوێ خۆمی تێ هەڵقورتێنم و جێی دەهێڵم بۆ پسپۆڕان.

لە کۆتایدا گەرەکمە بێژم کە هەڵبژاردن نابێتە پێوانە بۆ کاندیدان و هەر کەسە و بۆ خۆی کەسایەتیی دۆست و نەیاری خۆی هەیە، ئەنجا ئەوەش جێی دڵخۆشییە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رابەرایەتی سەرۆک بافڵ کەوتووەتە سەرپێی خۆی و دەنگی نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە، چاوەڕوانی زیاتریش دەکرێت لە داهاتووشدا بەشداری ژن زیاتر و کاریگەرتر دەبێت. 

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan