ھەیفا  مەجید

ھەیفا مەجید

رووداوەکەی هوانە جیاوازییە جەوهەرییەکەی نێوان رەگەز و جێندەری دەرخست

ئەوەی لۆژیکییە هەموو ئامادەبووانی ڕووداوەکەی هوانە خاڵی هاوبەشیان هەیە لە ڕووی حەز و ئارەزوو و تەنانەت عەقڵییەتیشەوە، هەر ئەوەش کۆی کردوونەتەوە، بۆیە نابێ کومەڵگای کوردی و تەنانەت سلێمانیشی لەسەر قیاس بکرێ، هەرچۆن عەقڵییەتی سەردانیکەرانی چایخانەیم شەعب جیاوازن لە سەردانیکەرانی کافێی رێحانە،ئاوەهاش زۆنەکانی شاری سلێمانیش بە دەرەوە و ناوەوەی شاریشەوە لەڕووی چینایەتیی و توێژایەتیی و ئاستی هوشیاریشەوە جیاوازە. ئەنجا نە کتێبخوێن و نە ئیماندار و نە رۆشنبیر و پەروەردەکراو ئەو کارە قێزەونە ناکەن، چونکە ئەوان یان سەرقاڵی کتێب خوێندنەوە و کۆڕ و کۆبوونەوەی ڕۆشنبیرین ئەگەر ئیمانداریش بن لە مزگەوتن یان سەرقاڵی کار و رزقی حەڵاڵی خۆیانن، تەنانەت ئازاری ئاژەڵێکی بێ دەسەڵاتیش نادەن.

 ئەوانەی لەوێبوون هەمان ئەقڵییەتی شەقوەشێنەکانی ڕابردوو پەروەردەی کردوون، کە شەقیان لە مامۆستا و مامۆستای ئاینی و ڕۆشنبیر و میدیاکار و خۆپشاندەر هەڵدا. پەیوەندی بە ئاستی خوێندن و بڕوانامەوە نییە، خۆ ئەو ئەفسەرەی لەناو دادگای سلێمانیدا شەقی هەڵدا لەو ژنە، خاوەن بڕوانامەیە و پلەداریشە. کۆمەڵگای کوردی لەناو خۆماندا یەکترمان قبۆڵ نییە، جیاوازیمان قبووڵ نییە، خۆ (دوعا) رووت نەبوو، نەچووە ناو ئاپۆڕای نێرەکانەوە، و بە چ دڕندەییەک‌ کوژرا؟ ئەگەر دوعا لە ئاینەکەی خۆمان بووایە و ئاینەکەی بگۆڕایە بەشێکمان دەمانوت دەستی کەسوکاری خۆش بێت، با بڕوا بۆ جەهەننەم، کەوایە دەمارگیریی ئاینیی و هزری بۆ ئێمە بووەتە سەنگی مەحەک، نەک مرۆڤبوون و یەکتر قبووڵکردن، هۆکاریش ئەوەیە کە ئێمەی کورد گۆمەڵگەیەکی مەدەنی نین بە قۆناغە جیاجیاکانی مەدەنییەتدا تێنەپەڕیوین، بەڵکو لەدووای راپەڕینەوە بە کولەمەرگیی و شکاوییەوە ژیانمان بەسەر دەبرد، لەدوای پرۆسەی ئازادیشەوە پارەیەکی زۆر و ژیانێکی پڕ ڕەفاهیەت بۆ زۆربە فەراهەم بوو، لەم ساڵانەی دووایشدا گرانی و بێئیشی، ئەمە بووە هۆی تێکچوونی باری کۆمەڵایەتیی، بەچشنێک تاکی کورد نەک باوەڕی بە بارودۆخەکە نەماوە، بگرە باوەڕبەخۆبوونیشی لەدەستداوە.

کات و شوێن بۆ دروستبوونی رووداوەکان یەکلاکەرەوەن، بۆ نموونە: هەر لەو تەوقیتەدا و لەناو سەنتەری شاری سلێمانیدا (کە قەرەباڵغتریشە) هەزاران کچ دەسۆڕێنەوە هیچی وا روونادات، چونکە هێشتا زۆربەی کۆمەڵگەکەمان ناتوانن هەرسی جیاوازیی جێندەریی بکەن و ئامادەبوونی مێینە لە شوێنی کراوەی وادا قبووڵکەن، من پێموایە هۆکاری دەستدرێژییەکە جیاوازیی رەگەزی نەبوو، چونکە وەک وتم رەگەزی جیاواز لە شوێن وکاتی جیاوازدا هەیە، بەڵام ئەگەر مێینەیەک بچێت بۆ سەیری نمایشی ماتووڕ وەکو خولیایەک نابێت و بە تاوان دادەنرێت، چونکە ئاپۆڕاکە هێشتا پێیان وایە شوێنی ئەو هەر مەتبەخە و ئەوێش تەنها لەسەر ڕەگەزی نێر تاپۆکراوە، لەکاتێکدا ژنی کورد دەمێکە قۆناغی مەتبەخی تێپەڕاندووە، ئێستا شانبەشانی پیاوی پیاو ئەرکە پێسپێراوەکانی ئەنجام دەدات، هەر جێندەرناسیی خۆی کار بۆ ئەوە دەکات خولیاکان تایبەت نەبن بە ڕەگەزێکی دیاریکراوەوە، خۆ هەموومان دادوەرە ژنەکانی مۆندیالی قەتەرمان بینی، کە هەر خودی فیفا لە مۆندیالی پێشتردا دانی بە دادوەری ژندا نەدەنا، پرسی کچان و ژنان ئەقڵ دەیگەیەنێتە کەناری ئارام، ساڵ بە ساڵیش ئەقڵییەت دەگۆڕێت.

هەر ئەم رووداوە دەرخەری ئەو جیاوازییە جەوهەرییەیە کە لەنێوان زاراوەی ڕەگەز و جێندەردا هەیە، ئەو کچە بەو جلانەوە بە رۆژی رووناک لە بازاڕ و مۆڵەکاندا دەسوڕێتەوە یان کار دەکات هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵام پێشتر کێشەی هەبوو، چونکە ئەوکات نە بۆی بوو بخوێنێت نە کار بکات نە لەماڵ دەرچێت، دواتر قۆناغ بە قۆناغ توانی خۆی بسەلمێنێت و لە گشت بوارەکاندا کاریگەریی خۆی سەلماند، ئەمەی ئەمڕۆ روویدا 10 ساڵی دیکە روونادات، هەروەک چۆن دوو دەیە پێش ئێستا شۆفێری ژن کەمبوو، ژنی خاوەن کار کەم بوو، ئەم ئامادەبوونە تاکەی کچ و ژن لە شوێنێکی وادا دەبێتە شتێکی ئاسایی.

لە کۆتاییدا بێنە بەرچاوی خۆت ئەگەر هەموو ئاپۆڕاکەی هوانە کچ بوونایە و ئەم کوڕ ببووایە ئایا روویدەدا، بەدڵنیاییەوە نەخێر، چونکە هێشتا کۆمەڵگە کۆمەڵگەیەکی نێرسالارە.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan