کوردستانی
لە ئەمساڵدا 501 کەس لە شاری عەفرین رفێندراون
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
ناوەندی تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان، راپۆرتێکی لەسەر تاوانەکانی کوشتتن و رفاندن لە عەفرین بڵاوکردەوە.
ناوەندی تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان، رایگەیاند "تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سوریا لە ئەمساڵدا 501 هاوڵاتییان لە سنووری عەفرینی داگیرکراو رفاندووە".
ئاماژە بەوەشکراوە "رێژەی توندوتیژی و تاوان و رفاندن و تەقینەوە و کردەوەی تیرۆرکردن، لە سنووری عەفرین و سەرجەم ئەو ناوچانەی سوریا لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی تورکیادان زیادیکردووە".
باس لەوەشکراوە "هێزەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکان رۆژانە هەڵدەکوتنە سەر ماڵان و هاوڵاتیان دەڕفێنن بۆ وەرگرتنی فدیە".
ناوەندی تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان راشیگەیاندووە "کە پەیوەندییان بە بنەماڵە ڕفێنراوەکانەوە کردووە، دەرکەوتووە رووداوەکانی رفاندن، پشت نابەستێت بە فەرمانێکی داواکاری گشتی و بە شێوەیەکی نایاسایی دەستگیرکراون".
لە راپۆرتەکەدا هاتووە "زۆرێک لە هاوڵاتییانی رفێندراو، چارەنووسیان نادیارە،و ئەو تاوانانەی دراوەتە پاڵ رفێندراوەکان بێ بەڵگە و ساختەن".
ئەمەش لە کاتێکدایە، شەش ساڵ پێش ئێستا و لە (2018/3/20) دوای 58 رۆژ لە شەڕو پێکدادان، سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکان شاری عەفرین و گوندەکانی دەوروبەریان لە رۆژئاوای کوردستان داگیرکرد، هەر لەگەڵ داگیرکردنی شارەکە، هێزەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکان دەستیان کرد بە تاڵانکردنی ماڵ و موڵکی هاوڵاتیانی کورد و پاشان گۆرینی دیموگرافیای شاری عەفرین و نیشتەجێکردنی هەزاران خێزانی عەرەب و تورکمانی هاوردە بۆ شارەکە، و هێنانی سەدان خێزانی ئاوارەی فەلەستینی و نیشتەجێکردنیان لە شارەکە.
ب ح