راپۆرت

مووچەخۆران: ئەم مووچانەی وەری دەگرین نانی مامۆستایە ئێمە دەیخۆین

مەودا میدیا - سلێمانی |


مووچەخۆران: ئەم مووچانەی وەری دەگرین نانی مامۆستایە ئێمە دەیخۆین
مەودا میدیا-

ئەم مووچانەی وەری دەگرین نانی مامۆستایە ئێمە دەیخۆین، ئەمە ئەو قسەیەیە کە ھەر مووچەخۆرێکی بەشخوراوی ئەم ھەرێمە لە کاتی وەرگرتنی مووچەکەیدا دەیڵێت و بەھۆی ئەو ھەڵوێستانەی مامۆستایان کە ماوەی چەندین ساڵە دژی دواکەوتن و پاشەکەوتکردنی مووچەکانیان گرتوویانەتەبەر و بە بایکۆتی دەوام و رژانە سەرشەقامەکان لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان، تا ئەو رادەیەی کونەمشکیان لە حکومەتی ھەرێم کردووە بە قەیسەری.

ژمارەی مووچەخۆرانی کوردستان دەگاتە زیاتر لە ملیۆنێک و 250 ھەزار لە سەرجەم وەزارەتە جیاوازەکاندا، بەڵام تاکە وەزارەت کە دەنگی بڵندە لە ئاست فەوتانی مووچەکانیاندا چینی مامۆستایانە و ھیچ وەزارەت و فەرمانگەیەکی تر ھێندەی مامۆستایان ناڕەزایەتییان دەرنەبڕیوە و بەردەوامییان پێنەداوە، ئەوەی شایەنی باسە ژمارەی فەرمانبەران لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە جیاوازەکاندا زۆر زیاترن لە مامۆستایان، ئەوەش بووەتە مایەی سەرسووڕمان کە بەو ژمارە زۆرەوە ئەوەندە بێدەنگن لە ئاست مووچە خوراوەکانیاندا.

فریاد محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی شارەزوور بۆ مەودا میدیا وتی "مامۆستا ھیچ منەتێکی بە سەر مووچەخۆرانی وەزارەت و فەرمانگە جیاوازەکانەوە نییە، بەڵکو ئەوان ئەرکی سەرشانی خۆیان بەجێھێناوە و پێویست بوو زیاتریشیان بکردایە، بەڵام ئەگەر بۆ یەکجاریش بووایە تەواوی مامۆستایان یەکگرتوو بوونایە و لە ھەولێر و دھۆکەوە تا خانەقین بە یەک دەنگی ھەڵوێستێکیان ھەبووایە، ئێستا ھەموو شتێکیان بۆ کرابوو، وە کۆتاییان بەو گاڵتەجاڕییە ھێنابوو کە دەسەڵات بەسەر مووچەخۆراندا دەیھێنێت".

وتیشی "پێویستیان بە یەکدەنگی و قوربانی دانی بەردەوام ھەیە تاوەکو ئەو ھەموو زوڵم و نادادپەروەرییە بیوەستێنن، بەجۆرێک بەدەر لە ئینتیمای حزبی، ھەڵوێستی گرنگ دەرببڕن بۆ رێگریکردن لەو داھاتەی دەبرێت بۆ دەسەڵاتی حزبی، نەک وەک بەم جۆرەی ئێستا مانگێک و دوو مانگ بایکۆت بکرێت و دواتر بگەڕێنەوە دەوام".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەوان سوپاسی سەرجەم مووچەخۆران دەکەن کە پێیان وایە مامۆستایان پێشەنگن، بەڵام ئەوە ژیانی کەسمان ناگۆڕێت، بۆیە داوامان وایە و پێویستە ئەوانیش وەک ئێمە، بێنە سەرخەت و داوای مافەکانیان بکەن، ئەو بێدەنگییە راکردنە لە بەرپرسیارێتی".

پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan