ئابووری

نوێترین زانیاریی لە بارەی فشارەکانی پەرلەمانتاران بۆ تەوتین

مەودا میدیا - سلێمانی |


نوێترین زانیاریی لە بارەی فشارەکانی پەرلەمانتاران بۆ تەوتین
مەودا میدیا-

دوای ئەوەی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاند "لەگەڵ نوێنەرانی بانکە فیدراڵییەکان (رەشید و رافیدەین) کۆبوونەوەیان کردووە و ئەوان ئامادەییان دەربڕیوە لە ئەنجامدانی تەوتین بۆ مووچەخۆرانی ھەرێم، بەو مەرجەی ھەرێم بە فەڕمیی داوایان لێ بکات"، ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عیراق دەڵێت "ئەوان وەک پەرلەمانتاران ھەر زوو فشاریان دروستکردووە و داوایان کردووە پرۆسەی تەوتین جێبەجێ بکرێت".

سەبارەت بەوەی بۆچی وەک پەرلەمانتارانی عیراق فشار لە سەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان دروستناکەن تاوەکو ئەو بانکانە دەست بە رێکارەکانی پرۆسەی تەوتین بکەن، چونکە ئەوە داواکاری زۆرێک لە مووچەخۆرانی ھەرێمە، د. دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ مەودا میدیا وتی "پەرلەمانتارانی کورد زۆربەی زۆری ھەر زوو لە عیراق  و لە پەرلەمان واژۆیان کۆکردەوە و داوایانکرد پرۆسەی تەوتین بەپێی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی دەستپێبکات".

وتیشی "بەڵام ھەرێم وەکو پێویست پابەند نەبوو، ئەگەرچی لە بڕیارەکەدا بە روونی ھەردوو حکومەتی ناچار کراون، ئەگەر زووتر جێبەجێ بکرایە مووچەخۆران کەمتر تووشی گرفت دەبوون تەنانەت بۆ مووچەی مانگی 12یش کە بەغدا مەبلەغێکی ناردووە و ھەرێم باس لەوەدەکات، کورتھێنانی پێ پڕ کردووەتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەمساڵیش کە 11 مووچە دراوە ھێزی دادگە بووە و ئەم بڕیارانەی دواییش بۆ تێپەڕاندنی بودجەش ھەنگاوی باشە، لە ئێستادا لە تازەترین بڕیاریدا دادگەی فیدراڵیی جەختی کردووەتەوە تەوتین بکرێت و ئەوەی باشە فەرمانبەر ناچار ناکرێت وەک رابردوو کە فشاریان لێ دەکرا کە ھەژمارێکی دیاریکراو ھەڵبژێرن، بەڵکو ئەوە زۆر گرنگە کە سەرپشک کراون لە چی بانکێکدا تەوتین بکەن".

ئەمە لە کاتێکدایە' لە دواینجاردا وەزارەتی دارایی عیراقیش داوای لە ھەرێم کردووە کە تەوتین دەستپێبکات.

پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan