راپۆرت

لۆرێل و هاردی.. کۆمیدیا و هاوڕێیەتییەکی ناوازە

مەودا میدیا - سلێمانی |


لۆرێل و هاردی.. کۆمیدیا و هاوڕێیەتییەکی ناوازە
مەودا ميديا-

هاردی: دەمەوێت هاوسەرگیری بکەم.

لۆرێل: لەگەڵ کێ؟

هاردی: باشە دیارە لەگەڵ ژنێک... تا ئێستا بینیوتە کەسێک هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکدا بکات؟

لۆرێل: بەڵێ.

هاردی: کێ؟

لۆرێل: خوشکەکەم!

هاردی: پێم وایە شیری بزن بۆ تۆ باشە.

لۆرێل: بزنی نێر یان مێ؟

هاردی: ئای گەمژە! ئایا بزنی نێر شیریش دەدات؟

ستان لۆرێل "لاوازەکە" و ئۆلیڤەر هاردی "قەڵەوەکە" دوو کەسایەتی کۆمیدی بەناوبانگی جیهانیی دەیەی بیست تا پەنجای سینەمای ئەمه‌ریکین، سه‌ره‌تا به‌ جیا كاری هونه‌رییان ده‌كرد، لۆرێل لە زیاتر لە 50 فیلمدا ڕۆڵی بینیبوو، هەروەها وەک نووسەر و دەرهێنەر کاری کردبوو، هاردی لە زیاتر لە 250 فیلمدا بەشداری کردبوو، بێجگه‌له‌وه‌ى وه‌ك میوانیش له‌ چه‌ندین فیلمدا رۆڵیان بینی بوو، به‌ڵام بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ساڵی 1927 بەرێکەوت کەوتنە فیلمێکی هاوبەشەوە و ئیتر لەو فیلمە سەرکەوتوەوە شەراکەتێکی مێژووییان دەستپێکرد کەبەرهەمەکەی 30 ساڵی کاری هاوبەش و 107 فیلمی کورت و درێژ بوو.

ستان لۆرێل لە 16ی حوزەیرانی ساڵی 1890 لە شاری ئۆلڤێرستن لە ئینگلتەرا لە خێزانێکی شانۆیی لەدایکبووە، لە تەمەنی شانزە ساڵیدا یەکەمجار لەسەر شانۆی گلاسکۆ دەرکەوتووە، هاوکات ئۆلیڤەر هاردی لە 18ی کانوونی دووەمى 1892 لە شاری هارلم لە ویلایەتی جۆرجیا لە ئەمه‌ریکا لە خێزانێک لەدایک بووە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە بواری شانۆ و هونەرەوە نه‌بووه‌، كه‌ دوای ماوەیەکی کورت لە خوێندنی یاسا، ئۆلیڤەر پێی باشتر بوو ئاراستەی خۆی بەرەو شانۆ بگۆڕێت، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ تا کۆتایی تەمەنی هەرزەکاری، گۆرانیبێژێکی شانۆیی بەناوبانگ بوو.

ئەوان لە سەردەمی سینەمای بێدەنگ دەستیان بە کاری خۆیان کردووە، ئەو جووتە ناوبانگێکی نێودەوڵەتییان بەدەستهێنا بەهۆی نمایشكردنى کۆمیدیای ناوازه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ئه‌گه‌رچى  به‌ڵام لە نێو خەڵکی جیهاندا هەوادارێکی زۆریان هەبوو، کۆمیدیاکانیان لە تەمەنی ژیانیاندا هەرگیز سەرنجی ڕەخنەگرانیان ڕانەکێشا، تەنیا فیلمی لیبرتی لە ساڵی 1929 خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێنا.

لە جیهانی سینەمادا باو و ئاساییە کە هاوڕێیەتی نێوان ئەکتەرەکان شاشە تێپەڕێنێت تا لە ژیانی گشتیدا بەرجەستە بێت. لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا جیهان شایەتحاڵی یەکێک لە هاوڕێیەتییە بەناوبانگەکانی نێوان دوو کەسایەتی دیاری جیهانی کۆمیدی بووە.

وردە وردە ستان لۆرێل و ئۆلیڤەر هاردی بوون بە هاوڕێی نزیک، هاوڕێیەتییان لە دەرەوەی ستۆدیۆ درێژبووەوە بۆ ژیانی ڕۆژانە.

لە ساڵی 2005 لە ڕاپرسییەکدا کە لەلایەن کۆمیدییە پیشەگەرەکانەوە لە بەریتانیا ئەنجامدرا، ئەو جووتە وەک حەوتەم گەورەترین کۆمیدیکارانی هەموو سەردەمێک دەستنیشانکرا.

هاوڕێیەتی لۆرێل و هاردی نزیکەی سێ دەیە لە 7ی ئابی 1957 کۆتایی هات، کاتێک ئۆلیڤەر هاردی لە تەمەنی 65 ساڵیدا دوای ئەوەی تووشی جەڵتەی مێشک بوو، کۆچی دوایی کرد، لە گۆڕستانی پارکە یادگارییەکانی ڤالهالا لە باکووری هۆلیوود لە لۆس ئەنجلۆس بە خاک سپێردرا، بە بیستنی ئەو هەواڵەش، لۆرێل کە لەو کاتەدا ئەوەندە نەخۆش بوو، نەیتوانی بەشداری لە پرسەی هاوڕێکەیدا بکات و وتی «ئۆلیڤەر تێدەگات".

ستان لۆرێل تا کۆتایی ژیانی نەیتوانی بەرگەی هەواڵی مردنی هاوڕێکەی بگرێت، بۆیە وازی لە نواندن هێنا و ئامادە نەبوو جارێکی دیکە لە هیچ نمایشێکدا دەربکەوێتەوە بەبێ ئەوەی هاردی هاوڕێی نەبێت.

لۆرێل ساڵانی کۆتایی ژیانی لە شوقەیەکی بچووک لە هۆتێل ئۆشن لە سانتا مۆنیکا بەسەر بردووە، کاتەکانی بە وەڵامدانەوەی نامە و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی هەوادارانی بەسەر بردووە. 

لە پەیامێکدا بۆ هەوادارانی، لۆرێل ڕایگەیاند کە هەست بە ونبوون دەکات بەبێ ئەو هاوڕێیەی کە سی ساڵ لەگەڵیدا کاردەکات.

لە ئاکامدا ئەویش لە 23ی شوباتی 1965 لە تەمەنی 74 ساڵیدا، دوای ئەوەی تووشی جەڵتەی دڵ بوو، لە شاری سانتا مۆنیکا لە ویلایەتی کالیفۆرنیا ماڵاوایی لە ژیانکرد و لە پارکە یادگارییەکانی فۆڕێست لاون لە لۆس ئەنجلۆس بە خاک سپێردرا، لە بەشێک لە وەسییەت و ڕاسپاردەکەی خۆیدا نووسیبووی «ئەگەر کەسێک لە ڕێوڕەسمی مردنی مندا بگری ئیدی لەگەڵ ئەو نادوێم».

لۆرێل و هاردی لەگه‌ڵ ئه‌وه‌ى له‌ هەموو جیهاندا بەناوبانگن، بەڵام لە وڵات و زمانی جیاوازدا بە ناوی جیاواز ناسراون، ساڵانێک دواتر هەموو فیلمە رەش و سپییەکانیان رەنگاوڕەنگ کران.

پ ح ع 
Qaiwan
Qaiwan