
نەرمین عوسمان
پیسبوون بە تیشک
پیسبوون بە تیشک (Radioactive contamination)، واتە بوونی ماددەی تیشکدەر لە شوێنێک یان لەسەر شتێک کە بە شێوەیەکی سروشتی نابێت لەوێ بێت، یان بە ڕێژەیەک کە لە ئاستی سروشتی یان رێگەپێدراو بەرزترە. ئەم دیاردەیە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر تەندروستی مرۆڤ، ژینگە و کۆمەڵگە هەیە.
پیسبوون بە تیشک کاتێک روو دەدات کە مادە تیشکدەرەکان لەسەر رووکار یان ناوەوەی توخمەکانی ژینگەدا هەبن، وەک: هەوا، ئاو، خاک، رووەک، بینا و مرۆڤەکان، تەنانەت ئاژەڵەکانیش پیس دەبن ئەگەر بەرکەوتنیان هەبێت لەگەڵ مادە تیشکدەرەکان بە ئاستی سەروو رادەی رێگەپێدراو.
بەرکەوتن بە تیشک، جیاوازە لە پیسبوون بە مادە تیشکدەرەکان. تیشک جۆرێکە لە وزە، لە رێگەی شەپۆل یان تەنکۆلکەوە دەگوێزرێتەوە و بەر جەستە دەکەوێت و بە نێو لەشدا تێدەپەڕێت و نامێنێتەوە، واتە بەرکەوتن بە تیشک مەرج نییە پیسبوون بێت.
سێ جۆری سەرەکیی تیشک هەن، ئەوانیش:
1. تیشکی ئەلفا (a): گەردیلەی قورسی پێکهاتوو لە دوو پرۆتۆن و دوو نیوترۆن. ئەم تیشکە بەهێزە، بەڵام زۆر دوور ناڕوات و دەکرێت بە لاپەڕەیەکی کاغەز یان تەنانەت پێستی مرۆڤ دەربەست بکرێت، بەڵام ئەگەر ماددەیەکی تیشکدەری ئەلفا بچێتە ناو جەستەوە لە رێگەی (خواردن، هەناسەدان، یان برین)، دەتوانێت زیانی گەورە بگەیەنێت.
2. تیشکی بێتا (B): ئەلکترۆنی خێرای دەرچوو لە ناوکەوە. ئەم تیشکە لە تیشکی ئەلفا زیاتر دەڕوات، بەڵام دەکرێت بە لەوحێکی ئەلەمنیۆمی تەنک ڕابگیرێت.
3. تیشکی گاما (Y): شەپۆلی کارۆموگناتیسی بە وزەی بەرز. ئەم تیشکە زۆر بڕەڕە و دەتوانێت بە چەندین مادەدا تێپەڕێت. دیواری ئەستووری قوڕقوشم یان کۆنکرێت بۆ راگرتنی پێویستە.
سەرچاوەکانی پیسبوونی تیشکی
یەکەم: سەرچاوە سروشتییەکان: بە شێوەیەکی سروشتی تیشکدانەوە لە ژینگەدا هەیە و لە چەند رێگەیەوە دەکرێت ببێتە هۆی پیسبوون تیشک، وەک:
· تیشکی گەردوونی: تیشکی بە وزەی بەرز، کە لە بۆشایی گەردوونەوە دێت.
· ماددە تیشکدەرەکانی ناو زەوی: وەک یۆرانیۆم، سۆریۆم و پۆتاسیۆم-40.
· گازی رادۆن: گازی تیشکدەری بێ رەنگ و بێ بۆن، کە لە بەردەکان و خاکەوە دەردەچێت و دەتوانێت لە بیناکاندا کۆببێتەوە، بەتایبەتی لە ژێرزەمینەکاندا.
دووەم: سەرچاوە دەستکردەکان: پیسبوونی تیشکی بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە، کە لە چەند سەرچاوەیەکەوە دێت، وەک:
· رووداوەکانی وێستگەی ناوکی: وەک چێرنۆبڵ (1986) و فۆکۆشیما (2011).
· تاقیکردنەوەی چەکی ناوکی: بەتایبەتی ئەوانەی لە ساڵانی 1945-1963 ئەنجام دراون.
· پیشەسازی ناوکی: پاشماوەی بەرهەمهێنانی سووتەمەنیی ناوکی و چەک.
· جەنگ: بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو و مووشەکی هەڵگری کڵاوەی ئەتۆمی لە جەنگەکاندا.
· بەکارهێنانی پزیشکی: تیشکی ئێکس و ماددە تیشکدەرەکان بۆ تیشکدان و دەرمانکردن.
· رووداوەکانی پیشەسازی: بۆ نموونە؛ رووداوی گۆیانیا لە بەڕازیل (1987)، کاتێک ئامێرێکی پزیشکیی تیشکدەر بە هەڵە دۆزرایەوە و دوورخرایەوە.
بڵاوبوونەوەی پیسبوونی تیشکی
مادە تیشکدەرەکان دەتوانن لە چەند رێگەیەکەوە بڵاو ببنەوە:
· لە هەوادا: گەردیلە تیشکدەرەکان دەتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ لە هەوادا بمێننەوە و بەپێی بارودۆخی کەشوهەوا و قەبارەی گەردیلەکان بە دەیان و سەدان کیلۆمەتر بگوازرێنەوە.
· لە ئاودا: مادە تیشکدەرەکان دەتوانن تێکەڵی ئاوی ژێرزەوی، رووبارەکان، دەریاچەکان و دەریاکان بن، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر سیستمەکانی ئاوی خواردنەوە، ژیانی ئاوی و زنجیرەی خۆراک.
· لە خاکدا: تیشکدەرەکان بۆ چەندین دەیە و تەنانەت سەدان ساڵ لە خاکدا دەمێننەوە و کاریگەرییان دەبێت لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی، ئاژەڵەکان و ئاوی ژێرزەوی (لە رێگەی دزەکردنەوە.
· لە زنجیرەی خۆراکدا: مادە تیشکدەرەکان دەتوانن لە گیانەوەرە بچووکەکانەوە بۆ گەورەکان بگوازرێنەوە لە رێگەی خواردنەوە، کە لەم پرۆسەیەدا زۆر دەبن و چڕتر دەبنەوە (بایۆماگنیفیکەیشن – گەورەکردنی زیندەیی)، ئەمەش لە ئیکۆسیستمەکانی دەریایی، دارستان و سیستمەکانی کشتوکاڵیدا زۆر دەبینرێت.
جۆرەکانی پیسبوون بە تیشک
پیسبوون بە تیشک، بەسەر سێ جۆردا دابەش دەکرێت: تیشکی بەردەوام، تیشکی چرکەساتی، تیشکی بە رێکەوت. بەرکەوتنیش بە تیشک، بە دوو شێوە روو دەدات: بەرکەوتن بۆ ناوەوە، کە مادە تیشکدەرەکان لە رێگەی قوتدان، هەناسەدان، برین یان هەڵمژینی لە رێگەی پێستەوە روو دەدەن و ئەگەری ئەوەی هەیە بۆ هەمیشە لە ئەندامە جیاوازەکانی جەستەدا جێگیر بن، یان ئەگەری کردنەدەرەوە لەناوچوونیان هەیە لە رێگەی میز و ئارەق و پیساییەوە. بەرکەوتنی دەرەکییش، شێوازی دووەمە، کە مادە تیشکدەرەکان لەسەر شێوەی تۆز یان لەسەر رووی دەرەوەی پێست، قژ، جلوبەرگ جێگیر دەبن و ئەگەری ئەوەی هەیە بچنە ناو جەستەوە.
کاریگەرییەکانی پیسبوونی تیشکی
یەکەم: کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ:
مەترسییە تەندروستییەکان کە لە ئەنجامی پیسبوونی مادە تیشکدەرەکان دروست دەبن؛ دیارترینیان ژەهراویبوونی تیشکە یان نەخۆشیی تیشک (ARS)، کە نەخۆشییەکی مەترسیدارە و لە کاتی بەرکەوتنی کەسەکە بە ئاستێکی بەرزی تیشک تووشی دەبێت و ئەگەری ئەوەی هەیە لە ماوەیەکی کەمدا نیشانەکانی دەربکەون، یاخود بەهۆی بەرگریی لەشەوە لەدوای چەند رۆژێک دەربکەون. نیشانەکانی بریتییە لە: دڵتێکەڵهاتن، رشانەوە، سەرئێشە، سکچوون، لەبارچوون، پەرکەم، قژوەرین...
هەندێک جار بەرکەوتن بە تیشک، دەبێتە هۆی سووتان بە تیشک و نیشانەکانی پێک هاتووە لە: خوران، سڕبوون و ئاوسان... ئەویش بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو لە خانەکانی لەشدا. هەروەها مەترسیی نەخۆشیی شێرپەنجەی هەیە، بەتایبەتی بۆ کەسە بەتەمەنەکان و منداڵ و کۆرپەلەی سکی دایک.
دووەم: کاریگەری لەسەر ژینگە:
· گۆڕانی ئیکۆسیستم: تیشکی بەرز دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی هەمەچەشنیی بایۆلۆژی، گۆڕانی پێکهاتەی گونجاو لە رووەکەکان و گیانەوەرەکاندا، گۆڕانی پەیوەندیی نێوان نێچیر و راوچی...
· کاریگەری لەسەر رووەکەکان: لاوازبوونی گەشە، کەمبوونەوەی بەرهەم، زیادبوونی هەستیاری بۆ نەخۆشی و نۆرە، گۆڕانی بۆماوەیی...
· کاریگەری لەسەر گیانلەبەران: کەمبوونەوەی تەمەن، لاوازبوونی سیستمی بەرگری، کەمبوونەوەی هێزی زاوزێ و گۆڕانی بۆماوەیی...
سێیەم: کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان:
· گواستنەوەی خەڵک: چونکە ناوچە پیسبووەکان دەبێت چۆڵ بکرێن و خەڵکەکەی بگوێزرێنەوە بۆ شوێنی دیکە.
· کاریگەری لەسەر کشتوکاڵ: بەهۆی قەدەغەکردن یان سنووردارکردنی بەرهەمهێنانی خۆراک لە ناوچە پیسبووەکان.
· کاریگەری لەسەر پیشەسازی: ئەویش بەهۆی داخستنی پیشەسازی، وەک قەدەغەکردنی راوی ماسی لە ناوچە پیسبووەکان.
· تێچووی پاککردنەوە: تەرخانکردنی تێچوویەکی زۆر بۆ پاککردنەوەی ناوچە پیسبووەکان.
· ترس و دڵەڕاوکێ: دروستبوونی کاریگەریی دەروونی و کۆمەڵایەتی لەسەر خەڵکی ناوچەکە.
لە عیراقدا کێشەی پیسبوون بە تیشک، کێشەیەکە تا ئێستاش بەتەواوی چارەسەر نەکراوە. عیراق بەهۆی شەڕە یەک لەدوای یەکەکانی (ناوخۆ، ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان)، ژینگەکەی وێران بووە و تا ئێستا نەتوانراوە چارەسەری تەواوی بۆ بکرێت. یەکێک لەو زیانە قورسانە؛ پیسبوونە بە تیشک و تیشکی نەخوازراو.
یەکەم پیسبوون، لە کاتی لێدانی رێکتۆری تەمووزی ناوکی بوو لە ناوچەی توێسە، کە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ساڵی 1981 بۆردوومان کرا. هەروەها لە هەردوو شەڕی وێرانکەری ساڵی 1991 و 2003، کە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە زۆر ناوچەکەدا چەکی تازەی ئەوکات و مووشەکی رووپۆشکراو بە مادەی یۆرانیۆمی پیتێنراویان لە دژی ئالیاتی هێزەکانی عیراق بەکار هێنا، تەنیا لە (سەفوان، بەسرە) کە وەک گۆڕی ناشتنی ئەو ئالیاتە لێدراوانەیە و (1500) ئالیاتی جۆراوجۆری لێیە.
لە نیسانی 2009، هەڵمەتێکی نیشتمانیی دەستی پێ کرد لەژێر ناوی (پاککردنەوەی ژینگەی عیراق لە پاشماوەکانی مادە تیشکدەرەکان) ئەو هەڵمەتە تا ئەمڕۆش بەردەوامە و هێشتا تەواو نەبووە، هەرچەندە زۆرێک لەو ئالیاتانە دزراون و وەک سکراب بڵاو بووەتەوە و کۆکردنەوەیان ئەستەمە.
پیسبوونی تیشکی، کێشەیەکی ئاڵۆزە و کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ، ژینگە و کۆمەڵگە هەیە. تێگەیشتن لە سەرچاوەکانی و چۆنێتی بڵاوبوونەوەی و کاریگەرییەکانی، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دانانی ستراتیژی گونجاو بۆ خۆپاراستن و پاککردنەوە. بە پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و بەهێزکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی، دەتوانین بە شێوەیەکی باشتر رووبەڕووی ئەم گرفتە ببینەوە و لە رووداوەکان لە داهاتوودا خۆمان بپارێزین.
ر.س
ر.س