ئابووری

پڕۆژەی رووناکی گەیشتە سلێمانی

مەودا میدیا - سلێمانی |


پڕۆژەی رووناکی گەیشتە سلێمانی
مەودا میدیا-

وەزارەتی کارەبا بڵاویکردەوە لەچوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، وەک قۆناغێکی ئەزموونی لە رێگەی پڕۆژەی رووناکییەوە هەڵدەستێت بەدابینکردنی کارەبای نیشتیمانی 24 کاتژمێری بۆ بازاڕی سلێمانی و بەشێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی وەک (ئیبراهیم پاشا، سابونکەران، دارۆغا، حاجی حان، مەولەوی، جادەی ئۆرزی، سەلیم بەگ و خانەقا) کە زیاتر لە 9,000 هەزار هاوبەشی کارەبای لەخۆگرتووە.

وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند "ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە پێشتر 17 گەڕەکی شاری هەولێر کارەبای 24 کاتژمێرییان لەلایەن پڕۆژەی رووناکی بۆ دابینکراوە و بەمشێوەیە بەکۆی گشتی نزیکەی 100 هەزار هاوبەش سوودمەند دەبن لەم خزمەتگوزارییە لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "پڕۆژەی رووناکی لە چالاکیەکانی بەردەوامە و بەمزووانە کارەبای 24 کاتژمێری بۆ کۆمەلێک گەڕەکی تر لە هەرسێ پارێزگای هەرێمی کوردستان دابیندەکات و تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێری".

ئەوەشی خستووەتەڕوو " هاوڵاتییان دەتوانن بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بکەن بە سەنتەری خزمەتگوزاری پڕۆژەی رووناکی لەڕێگای ژمارە 1992 سەنتەرەکە لە کاتژمێر 9ی بەیانی تاوەکو 9ی شەو بەردەستە".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan