راپۆرت

ئەمڕۆ رۆژی جیهانی ژنانە

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەمڕۆ رۆژی جیهانی ژنانە
مەودا میدیا-

هەموو ساڵێک لەسەر ئاستی جیهان 8ی مارس وەک رۆژی ژنان ناسراوە و لەناو گەل و نەتەوەکانی جیهاندا بە شێوازی جۆراوجۆر بەرزرادەگیرێت و ساڵی 1957 نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاریدا رۆژی 8ی مارس وه‌ک رۆژی جیهانی ژنان بناسێنێت.


مێژووی سەرهەڵدانی رۆژی جیهانی ژنان:

رۆژی 8ی مارسی ساڵی 1857، ژنانی کرێکار لەکارگەیەکی جلوبەرگ لە نیویۆرک خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان نیشانداو داوی کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارو زیادکردنی کرێ و باشترکردنی هەلومەرجی کاریان کرد، ئەگەرچی ئەم ناڕەزایەتییە لەلایەن پۆلیسەوە سەرکوتکرا بەڵام ئەو رۆژە بووە سەرەتایەک بۆ ناڕەزایەتی ژنانی کرێکار، (کلارا زیتکین) وەک ژنە رابەرێکی سۆشیالیست بۆ داکۆکی لە مافەکانی ژنانی کرێکار لە کۆبوونەوەی ژنانی سۆشیالیستدا داوایکرد 8ی مارس وەک رۆژی جیهانی ژنان بناسرێت.

ساڵی 1907 کە پەرەسەندنی خەباتی چینی کرێکار و یەکێتییە کرێکارییەکان و سۆشیالیستەکان بوو لەهەمانکاتدا خەبات و ناڕەزایەتی ژنانی کرێکار بۆ مافە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیان زیاتر چووەپێشەوە.

لە 8ی مارسی 1908دا ژنانی سۆشیالیستی ئەمەریکا خۆپیشاندانی گەورەیان ئەنجامدا، له‌ لە ساڵی 1909دا ژنانی گەڕەکی مانهاتن له‌ نیویۆرک خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان ئەنجاندا، ئه‌م خۆپیشاندانه‌ به‌ دوای مانگرتنێکی گه‌وره‌ی کرێکارانی ژن له‌ نیویۆرکدا هات که‌ تیایدا زیاتر له‌ 20 هه‌زار کرێکار ده‌ستیان له‌کارکێشایه‌وه‌‌و بۆ ماوەی چەندین هەفتە لەگەڵ سەرکوت و ده‌ستگیرکردن‌ و راوەدونانی پۆلیسی بەڵام مانگرتنه بەردەوام بوو.

ساڵی 1910 لە دووهەمین کۆنفراسی ژنانی سۆشیالیست لە کۆپنهاگن بەسترا کە نزیکەی 100 ژن لە 17 وڵاتانی جیهانەوە بەشداربوون (کلارا زتکین) یەکێک لە رێبەرانی کۆنفراسەکە و هەڵسوڕاوێکی سۆشیالیستی  ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە رۆژی نێونەتەوەیی ژنان دیاریبکرێت، کە پێش ئەمە ژنانی سۆشیالیستی نەمسا پێشنیاری یەکی ئایاریان کردبوو وەک رۆژی جیهانی چینی کرێکار، لەم کۆنفراسەی ژنانی سۆشیالیستدا رۆژی ژنانیان لە 19ی مارسدا دیاریکرد، بەڵام بڕیاردانی کۆتاییان بۆ دیاریکردنی رۆژی جیهانی ژنانیان سپارد بەکاتێکی تر.

ژنانی روسیا لە مانگی شوباتی ساڵی 1913دا یەکەم رۆژی جیهانی ژنانیان بەڕێوەبرد و کە سەروبەندی هەڵمەتی جەنگی جیهانی یەکەم بوو بۆ ئاشتی دوای ئەوە وادەی رۆژی جیهانی ژنان گۆڕدرا بۆ 8ی ئازار دوای چەندین گفتوگۆ، و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا لە 8ی ئازاری هەموو ساڵێکدا ئاهەنگ دەگێڕدرێت.

ساڵی 1914 کاتێک جەنگی جیهانی یەکەم دەستیپێکرد و ئەوروپا ناوەندی ئەو جەنگە بوو، ژنانی شۆڕشگێڕ لە خۆپیشاندانەکانی ساڵەکانی 1915 و 1916دا لەژێر دروشمێکی سەراسەریدا دژی جەنگەکە خۆپیشاندانی گەورەیان ئەنجامدا.

شوباتی ساڵی 1917 خۆپیشاندانەکانی ژنانی کرێکار لە پەترۆگراد دژی برسێتی و جەنگ سەرەتای بانگەوازی شۆڕشی روسیا بوو، کە بۆ پشتیوانی لەم خۆپیشاندانە بانگەوازی لە کرێکاران کرد و مانگرتنی گشتیان رێکخست، 8ی مارسی 1917 بە رۆژێکی لەبیرنەکراو لە مێژووی شۆڕشی روسیادا جێگیربوو و وەک رۆژێکی گرنگ لەدەستپێکی شۆڕشی شوباتی 1917ی روسیا کە بەدوای ئەم خۆپیشاندانەدا (تزار) دەستگیرکراو کۆتایی بەدەسەڵاتی هێنراو دواتر ئەم شۆڕشە مێژووی روسیاو جیهانی گۆڕی.

ساڵی 1921 کۆنفراسی ئەنتەرناسیونالیستی کۆمۆنیستی لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو، لە کۆنفراسەدا رۆژی 8ی مارس، وەک رۆژی جیهانی ژن بڕیاری لەسەردراو  ئەو کۆنفراسە ژنانی جیهانی بانگ کرد بۆ خەبات و خواستەکانیان دژی سیستمی چەوسێنەرانەی سەرمایەداری کە لە دنیادا هەیە ناڕەزایەتی دەببڕن، لەم کۆنفراسەدا (ئه‌لکساندرا کۆلۆنتای) وەک کەسایەتیەکی دیار و سۆشیالیست و هەڵسوڕاوێکی ژنان وە لەسەردەمی ده‌سه‌ڵاتی سۆڤێتدا 8ی مارسی وه‌ک رۆژێکی فەرمی راگه‌یاند.

رۆژی جیهانی ژنان لەئێستادا:

رۆژی جیهانی ژنان لە هەموو جیهاندا لە 8ی ئازاری هەموو ساڵێک بەڕێوەدەچێت، وەک چۆن لە زیاتر لە 25 وڵاتدا وەک پشووی فەرمی بەڕێوەدەچێت و لانیکەم 12 وڵاتی تریش هەیە کە ئەم رۆژە پشوویەکی نافەرمییە، لەمڕۆژەدا لە بەرازیل و نیپاڵ گوڵ و دیاری بە ژنان دەدرێت، هەزاران بۆنە بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی ژنان و دەستکەوتەکانیان، لەوانە کۆبوونەوەی سیاسی، کۆنفرانسی بازرگانی، نمایشی شانۆیی، نمایشی جلوبەرگ، زۆرێک لە چالاکییە حکومییەکان، و بازاڕە ناوخۆییەکانی پیشەسازی ژنان لەم کاتەدا، رۆژی جیهانی ژنان لەلایەن زۆرێک لە کۆمپانیاکانی جیهانییەوە پشتگیری دەکرێت.

ژنانی کورد لەبەرانبەر ژنانی وڵاتانی ئێسلامی و خێڵەکی هەموو کاتێک لە دژی زۆرداریی بە شێوەی جۆراوجۆروەستاونەتەوەو چەندین شۆڕش و قوربانیدانی ژنان تا ئەم ساتەوەختەش بووە بۆ هەوڵ و كۆششدان لەپێناو بەدەستهاتنی مافی خۆیان، هەر لەكاتی رژێمی بەعسی رووخاوەوە تا ئەم ساتەوەختە ژن بەشێكبووە لە قوربانیدان و هەوڵ و تێكۆشان، لە راپەڕینەكانی كوردستانیش ژنان لە پێشەوە بوون، دوای ئەوەش هەوڵدان بەردەوامبووە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان و چەندین بڕیارو یاساشیان دەركردووە.

ب ح
Qaiwan
Qaiwan