عیراقی

لێخۆشبوونى عیراق بۆ کڕینى غاز لە ئێران کۆتاییهات

مەودا میدیا - سلێمانی |


لێخۆشبوونى عیراق بۆ کڕینى غاز لە ئێران کۆتاییهات
مەودا میدیا-

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە چوارچێوەی هەڵمەتی زۆرترین فشار دژی ئێران، ئەو لێخۆشبوونەی هەڵوەشاندەوە کە رێگەی بە عیراق دابوو بۆ کڕینی غاز لە ئێران تاوەکو کارەبای وڵاتەکەی پێ دابینبکات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە "بڕیاری نوێ نەکردنەوەی لێخۆشبوونەکەی واشنتۆن، دڵنیایی ئەوە دەدات کە رێگە بەهیچ لایەنێک نادرێت یارمەتی ئابووری و دارایی پێشکەش بە ئێران بکات".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "ئامانجی هەڵمەتەکەی دۆناڵد ترەمپ لە دژى ئێران کۆتاییهێنانە بە هەڕەشە ئەتۆمییەکەی و کەمکردنەوەی بەرنامە موشەکیی و پشتیوانی گرووپە چەکدارەکانە".

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عیراق رایگەیاندبوو "بەغدا چەند سیناریۆیەکی داڕشتووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر پێشهاتێکی پەیوەندیدار بە راگرتنی هاوردەکردنی غازی ئێران".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "عیراق 50 ملیۆن پێی سێجا غاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، کە ئەمەش یەک لەسەر سێی بەرهەمی وزەی ئێران پێکدەهێنێت و بەغدا هەموو سیناریۆکانی داناوە لە ئەگەری نوێبوونەوە یان نوێنەکردنەوەی لێخۆشبوونەکان".

ئەوەشی خستەڕوو "بەمنزیکانە کێشەی هاوردەکردنی غاز لە تورکمانستان چارەسەر دەبێت و رەنگە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا لە رێگەی ئێرانەوە بگاتە وێستگەکانی کارەبای عیراق".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan