عیراقی

گەڕاندنەوەی خێزانە عیراقییەکان لە کەمپی هۆل بەردەوامە

مەودا میدیا - سلێمانی |


گەڕاندنەوەی خێزانە عیراقییەکان لە کەمپی هۆل بەردەوامە
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ چوارشەممە 2025/4/2، کاروانێکی تری خێزانە عیراقییەکان لە کەمپی هۆل کە تایبەتە بە ژن و منداڵانی داعش لە رۆژئاوای کوردستان گەڕێندرانەوە عیراق و لە کەمپی  جەدعە لە باشووری موسڵ نیشتەجێکران.

ماڵپەڕی بەغداد ئەلیوم رایگەیاند "ئەمڕۆ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق 160 خێزانی تری عیراقی لە كەمپی هۆل بۆ كەمپی جەدعە لە موسڵ گواستووەتەوە، کە سەرجەمیان 600 كەس بوون و زۆرینەیان لە ژن و منداڵ پێکهاتوون".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "پڕۆسەی گەڕاندنەوەی خێزانە عیراقییەکان لە کەمپی هۆل بەردەوامە و لەچوارچێوەی پلانێکدا بەغدا لە ماوەی 23 قۆناغدا نزیکەی سێ هەزار خێزانی بە رەگەز عیراقی لە کەمپەکە گواستووەتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو "لەلایەن لیژنەیەکی ئەمنییەوە پشکنین بۆ دۆسییەی خێزانە عیراقییەکانی کەمپی هۆل دەکرێت و دواتر بڕیار لە گەڕاندنەوەیان دەدرێت، پڕۆسەکە بەردەوامە چەند کاروانێکی تر لە خێزانەکان لەوە کەمپە ماونەتەوەو ئەوانیش دەگەڕێندرێنەوە".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan