راپۆرت

ئەنفال: زامێک بە جەستەی نیشتمانەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەنفال: زامێک بە جەستەی نیشتمانەوە
مەودا میدیا-

مێژووی جینۆساید:

جینۆساید بریتییە لە رەشەکوژیی و لەناوبردنی بە ئەنقەستی گرووپێکی رەگەزی، نەتەوەیی یان ئایینی بە تەواوی یان بەشێکی، تاوانی کوشتنی بەکۆمەڵ لە یاسا نێودەوڵەتییەکان لە رێککەوتننامەی رێگری و سزادانی کوشتنی بەکۆمەڵدا پێناسە کراوە. ئەم زاراوەیە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1933 لە کۆنفرانسێکدا لە مەدرید لەلایەن پرۆفیسۆر (ڕافایل لێمکین) بەکارهێنرا، بە فەرمی لە ساڵی 1944 تۆمارکراوە، دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم و دامەزراندنی رێککەوتننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ رێگری و سزادانی تاوانی جینۆساید (CPPCG)، ئەم رێککەوتنە لە (1948/1/9)  لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە پەسەند کرا و لە (1951/1/12) کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەنفال چییە ؟

-لەرووی ئایینیەوە: ئەنفال ناوی سوورەتی هەشتەمی قورئانە کە سەبارەت بە جەنگی بەدر دابەزیوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی غەنیمە (دەستکەوت) لە نێوان جەنگاوەرانی موسڵمان، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو دەستکەوتانە هی خودا و پێغەمبەرن و با جەنگاوەرانی موسڵمان بە یەکسانی لە نێوان خۆیاندا دابەشی بکەن.

-لە رووی سەربازییەوە: ئەنفال ماناى ئەو هەڵمەتە یەک لەدواى یەکانە بوو کە لەلایەن ژێمى پێشووی بەعس لە ماوەیەکى دیاریکراودا بەرانبەر گەلى کوردستان ئەنجامدا لەلایەن (عەلی حەسن مەجید)ەوە سەرکردایەتى دەکرا بۆ لەناوبردنى گەلى کورد و تاڵانکردنى سەرو سامان و خاکەکەی، ئەنفال یەکێکە لەهەرە دڕندانەترین پڕۆسە سەربازییەکان کە لە ساڵى 1988 دا رژێمى بەعس بە هەشت قۆناغ ئەنجامیدا، لەو پڕۆسەیەدا هێزە سەبازیى و فەرمییەکانى بەعس (فەیلەقی یەکەم کە بارەگاکەى لە کەرکوک بوو، فەیلەقی پێنجەم کەبارەگاکەى لە هەولێر بوو ، هێزى ئاسمانى، هێزى تایبەت، مەغاویر، گاردى کۆمارى، بەڕیوەبەرایەتییەکانى ئاسایش و هەواڵگیرى و هەواڵگیرى سەربازى، یەکە تایبەتەکان بەچەکە کیمیاوى و بایۆلۆجییەکان، سەرجەم دامەزراوەکانى تر) بەشدارییان تێداکرد..

قۆناغی یەكەم- ئەنفالی دۆڵی جافایەتی:

پرۆسەی تاواناریی ئەنفالی یەکەم لە 23ی شوبات تا 19ی ئاداری 1988 ئەنجامدرا، پەلامارەکانی سوپا رژێمی بەعس بۆ ناوچەكانی  دۆڵی جافایەتی و شارباژێر، سەرگەڵوو بەرگەڵوو لەسێ‌ لای سەرەکی و لە چەندین قۆلی جیاواز بە توندی دەستیپێكرد. بەپێی بەڵگەنامەکانی رژێمی بەعسی رووخاو لە نێوان 23 بۆ 26 شوباتی 1988 دەستیپێکردووە و بەپێی قسەی شایەتحاڵ و پێشمەرگە و لێدوانی خەڵکی ناوچەکە  ئەنفالی یەکەم لە 9ی شوبات دەستیپێکردبوو، ئەم شاڵاوە بە سەركردایەتی لیوا روكن (سۆلتان هاشم) فەرماندەی فەیلەقی یەك و بەشداری لیوا روكن نوعمە فارس حوسین فەرماندەی فەیلەقی پێنج، بەسەرپەرشتی راستەوخۆی فەریقی یەكەمی روكن (عەدنان خەیروڵڵا) وەزیری بەرگری و (عەلی حەسەن مەجید) بەرپرسی پرۆسەی باكووری حزبی بەعس، سەرۆكی ئەركانی سوپا بۆ كاروباری ئەركانی سوپا، فەریقی روكن (نزار عەبدولكریم خەزرجی) یاریدەری سەرۆكی ئەركانی سوپا بۆ كاروباری ئۆپراسیۆنەكان و فەریق (حسێن رەشید محەمەد تكریتی) جێبەجێ کرا.

قۆناغی دووەم: ئەنفالی قەرەداغ -:

لە 22ی ئازار تاوەکو 1/4/1988 هێزەکانی ڕژێم هێرشەکانی خۆیان بۆ گوندەکانی تەکیە، بەڵەکجاڕ، سەیوسێنان لە ناوچەی قەرەداغ دەست پێکرد و، خەڵکی ناوچەکە بە پیادە بەرەو شاخەکانی دەوروبەر هەڵهاتن کە لە ڕێڕەوی هەڵاتنی خەڵک بەرەو سلێمانی و کۆمەڵگەکانی نەسر و زەڕایەن و شاخی زەردە و ناوچەی گەرمیان، بەشێکی زۆری ئەو خەڵکە لە لایەن هێزەکانی ڕژێم و جاشەکان دەستگیر کران و لەوێوە بەرەو کەمپی دوبز و پاشان باشووری عێراق گوازرانەوە. لەم هێرشەدا، هەموو گوندەکانی ناوچەی قەرەداغ لەگەڵ خاک یەکسان کران. ئەم شاڵاوە بە سەرکردایەتی لیوا ڕوکن ئەیاد خەلیل زەکی سەرۆکی فەیلەقی دوو ناسراو بە هێزەکانی یەرمووک ئەنجامدراوە.

قۆناغی سێیەم: ئەنفالی گەرمیان-:

دوا بەدوای ئەنفالی دووەم‌ و دەست بەسەرداگرتن‌ و بێسەروشوێنکردنی خەڵكی ناوچەی قەرەداغ، ئەمجارە رژێم پەلاماری ناوچەی گەرمیانی دا، هێرش بۆ سەر گەرمیان كە بەگەورەترین‌ كاولكاری شاڵاوی سەربازی دەژمێردرێت لەقۆناغەكانی شاڵاوەكانی ئەنفالدا ،ئەنفالی سێیەم بە پێی بەڵگەنامەکان رژێمی بەعس لە گەرمیان بە سەركردایەتی لیوا روكن (سولتان هاشم)، فەرماندەی فەیلەقی یەك، لیوا روكن (كامل ساجت) فەرماندەی فەیلەقی دوو، بەسەرپەرشتی راستەوخۆی فەریقی یەكەمی روكن (عەدنان خەیروڵلا) وەزیری بەرگری (عەلی حەسەن مەجید) بەرپرسی پرۆسەی باكووری حزبی بەعس، سەرۆكی ئەركانی سوپا بۆ كاروباری ئەركانی سوپا، فەریقی روكن (نزار عەبدولكەریم خەزرجی) یارمەتیدەری سەرۆكی ئەركانی سوپا بۆ كاروباری ئۆپراسیونەكان و فەریق (حوسین رەشید محەمەد تكریتی) جێبەجێ‌ كرا، پەلاماردانی ناوچەی گەرمیان لە 7 تاوەکو 20ی نیسانی 1988 بووە کە تێیدا هەموو ناوچەكانی خورماتو، قادركەرەم، كفری، كەلار، چەمچەماڵ، تێلەكۆ، پێباز، سەنگاو، تەكیە، ئاغجلەر راماڵدران و وێرانكران، هەروەها زەرەرو زیانێكی یەكجار گەورەی گیانی‌ و مادی بە دانیشتوانی نزیکەی (500) گوندی ئەم ناوچەیە گەیاند، زیاتر لە (30) هەزار کەس لە خەڵکی ناوچەکە لە ژن‌ و منداڵ و پیرو گەنجیان دەسبەسەر وبێسەروشوێن كرد.

قۆناغی چوارەم: ئەنفالی چەمچەماڵ-:

لە 3/5 تاوەکو 8/5/1988 ئەو بەشە لە خەڵک و هێزی پێشمەرگە کە لە دەست هێزەکانی بەعس رزگاریان ببوو، بەرەو کەنارەکانی رووباری زێی بچووک لە جووڵەدا بوون و هێزەکانی رژێم لە ناوچەکانی گۆپتەپە، چەمچەماڵ، ئاغجەلەر، تەقتەق، کۆیە، خەلەکان، دووکان، تیلەکۆ و عەسکەر هێرشیان کردنەسەر و بە فڕۆکەیش بۆمبای کیمیاوییان بەسەر ناوچەکەدا باراند و، پاشان رژێم لێبوردنێکی گشتیی درۆینەکەیان راگەیاند و بە فریواندنی خەڵک توانیان کەسانێکی زۆر دەستگیر بکەن، کە پاشان ژنان و پیاوانیان لێک جیاکردەوە و بەرەو کەمپەکانی هەرمۆتە و تەقتەق گواستیانەوە، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا پتر لە سێسەد کەس بوونە قوربانی و شەهید بوون

قۆناغەکانی  پێنجەم و شەشەم و حەوتەم: شەقلاوە و رەواندز-:

لە 15/5 بۆ 26/8/1988، ئەم قۆناغەی ئەنفال لە ناوچەکانی شەقڵاوە، رەواندز، هیران،نازەنین، بالیسان، سماقووڵی، چوارقوڕنە، ڕانیە، چیای قەندیل، چیای باواجی، دیبەگە و پردێ جێبەجێکرا. هێزەکانی ڕژێم بۆ خۆیان وشەی پاکسازی (تطهیر)یان بۆ کردارەکانی کاولکردن و سووتاندن و کۆمەڵکوژیی بەکار دەهێنا و، عەلی حەسەن مەجید پێداگریی لەسەر بەکارهێنانی بەربڵاوی چەکی کیمیاویی دەکردەوە دژ بە هاووڵاتیانی کورد. ئەو خەڵکانەی کە لەم ناوچانەدا دەستگیر دەکران بەرەو کەمپەکانی تۆپزاوا، تکریت، دوبز، نوگرەسەلمان، قەڵای دهۆک و سەلامیە دەگوازرانەوە. ئەم کەمپانە کەمترین پێداویستییەکانی ژیانیان تێدا نەبوو و ژمارەیەکی زۆری خەڵک بە شێوەیەکی هەڕەمەکیی لە پیر و منداڵ و ئافرەت لەم کەمپانەدا جێگیر دەکران و کەمترین بنەما مرۆییەکانی تێیدا رەچاو نەدەکرا.  

قۆناغی هەشتەم: ئەنفالی بادینان-:

لە 9/6 تاوەکو 25/8/1988، هێزەکانی رژێمی بەعسی عیراق لە ناوچەی زیرەشکان چەکی کیمیاوییان بەسەر خەڵک و پێشمەرگە باراند و، رۆژی دواتر هێرشی بەربڵاوی فڕۆکەکانی سوپای عیراق بۆ ناوچەکە بەردەوامبوو هێرشەکان بۆ ناوچەی بادینان، کانی ماسی، بێگۆڤا، مانگیش، تووکا،  بیرجینی، تلاکرۆ، بەکرەقەرە، ورمیلی، بلیجان، ڕۆسی، شاخی گارە، بالووکە و هتد گرتەوە. بە هۆی ئەم هێرشانە ٤٣٠٠ کەس کە هەوڵیاندابوو بەرەو تورکیا هەڵبێن شەهید کران و، ژمارەیەکی زۆری خەڵکیش کە بە سێزدەهەزار کەس مەزەندە دەکران نەیانتوانی بگەنە سنوورەکانی تورکیا و لە لایەن ڕژێمەوە دەستگیرکران و بۆ قەڵای دهۆک گواسترانەوە و لەوێشەوە بۆ کەمپەکانی باشووری عێراق ڕاگوازران و پاشان بێسەروشوێن کران. فەیلەقی پێنج بە سەرکردایەتی فەریق ڕوکن یوونس زەرب سەرپەرشتی ئەم شاڵاوەی لە ئەستۆ بوو

ئەنجامەکانی ئەنفال و کاریگەریی لەسەر کوردستان:

یەکەم: وێرانکردنی زۆربەی گوندەکانی کورستان، کە ژمارەیان چوار هەزار و 500 گوند دەخەمڵێنرێت، لە هەموو شوێنەوارێكی بەردەوامبوونی ژیان سڕانەوە

دووەم: بێسەوشوێنکردن و لەناوبردنی زیاتر لە 182 هەزار مرۆڤی کورد

سێیەم: داتەپاندنی ژێرخانی ئابووری کوردستان، لە رێگای وێرانرکردنی گوندەکان و کێڵگە کشتوکاڵیەکان، کە بووە هۆی لەناوبردنی ڕێژەی هەرە زۆری سامانی ئاژەڵی ناوچەکانی کوردستان، لەگەڵ بەتاڵان بردنی ماڵ و سامانی گوندنشینەکان. 

چوارەم: تێکدان و تەختکردنی شوێنە مێژوویی و بەرستگاکان (مزگەوت کڵێسە) و ناوەندەکانی خوێندن و تەندروستی.

پێنجەم: پەیڕەو کردنی سیاسەتی زەوی سووتان، بە کیمیاباران و ژەهراویکردنی سەرچاوەکانی ئاو، بۆ سڕینەوەی هەموو شێوەیەکی ژیان لەم ناوچانەدا.

شەشەم: لەناوبردنی بنەماکانی ژیانی گوندنشینەکان و نیشتەجێکردنیان لە کۆمەڵگا زۆرەملێیەکان  و گۆڕینی تاکی کوردی لە بەرهەمێنەوە بۆ بەکاربەر، کاری کردە سەر دابەزاندنی ئاستی بژێوی دانیشتوانە ڕزگاربووەکە.

حەوتەم: هەڵوەشاندنەوەی شیرازەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردی و بڵاوبوونەوەی هەندێ دیاردەی ناشایستە، کە بە پێچەوانەی داب و نەریت و بەها کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کورد بوو.

کەیسی ئەنفال لە دادگای تاوانەکانی عیراقی دوای سەدام و بەعس:

هەر هەشت قۆناغەکەی تاوانی ئەنفال لەلایەن دادگەی باڵای تاوانەکانی عیراق بە تاوانی جەنگ، تاوانی دژەمرۆیی و جینۆساید ناسێندراون..

کەیسی ئەنفال لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى:

پڕۆسەى ئەنفال، بەپێی پیوەرە جیهانییەکان، تاوانێکى نێودەوڵەتییە، هەروەها بەتاوانى کۆمەڵکوژى ئەژمار دەکرێت، لەیەکێک لەکاردانەوەکاندا، لە 5ى کانونى یەکەمى سالى 2012، پەرلەمانى سویدى، پڕۆسەى ئەنفالى بەپڕۆسەیەکى کۆمەڵکوژى بەرامبەر بەکوردەکانى باشوورى کوردستان ناساند.

ب ح

Qaiwan
Qaiwan