راپۆرت
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەنگێكی تری وێرانكەر بەخۆوە دەبینێت
مەودا میدیا - سلێمانی |

گرژییەكانی نێوان هندستان و پاكستان كە ماوەیە دەستیپێكردووە گەیشتە پێكدادان و هێرشی مووشەكی.
پاكستان فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی هندی خستە خوارەوە و هندستانیش هێرشی مووشەكیی دەستپێكرد، سنوورەكەش بە تۆپ و تۆپباران ئاگری گرتووە.
ئەمە مەترسیدارترین جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە كە لە ماوەی رابردوودا دەگمەن بووە، چونكە هەردوو وڵاتەكە خاوەنی چەكی ئەتۆمین و ئەگەر پێكدادانەكانیش بەردەوام بێت دوور نییە بگاتە بەكارهێنانی ئەو چەكە ترسناكە و كارەساتی مرۆیی گەورەی لێبكەوێتەوە.
گرژییەكانی نێوان هندستان و پاكستان بۆچی و چۆن دەستیپێكرد؟
لە ٢٢ی نیسانی ئەمساڵدا لە كشمیر هێرش كرایە سەر گروپێكی گەشتیاری هندی و بەهۆیەوە ٢٦ كەس كوژران، دواتریش هیندستان گروپێكی پاكستانی تۆمەتبار كرد بە ئەنجامدانی ئەو كارە و بەو هۆیەشەوە چەند بڕیارێكی دژی پاكستان دەركرد لەوانەش، راگرتنی رێكەوتنی هاوبەشیكردنی ئاوی رووباری ئیندوس، داخستنی سنووری وشكانی بەرووی پاكستاندا، دەركردنی دیپلۆماتكاران و راگرتنی ڤیزای وڵاتەكە و ئاگاداركردنەوەی هاوڵاتیانی وڵاتەكەشی لە گەشتكردن بۆ پاكستان.
لە بەرامبەر ئەو بڕیارانەی هندستاندا، پاكستانیش چەند بڕیارێكی دژی ئەو وڵاتە دەركرد و گرژییەكانی نێوان هەردوو وڵاتەكەی زیاتر كرد لەوانەش، دەركردنی دیپلۆماتكارانی هیند، داخستنی ئاسمانی پاكستان بەرووی هندستاندا، راگرتنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، جگە لەوەش ئاگاداركردنەوەی توندی دایە هندستان لە هەر دەستكاریكردنێكی رێكەوتنی ئاو.
دواتریش پاكستان فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی هیندی خستە خوارەوە، چونكە پێشتر بڕیاری داخستنی ئاسمانی وڵاتەكەی بە روویدا راگەیاندبوو، بەو هۆیەشەوە هندستان لە شەشی ئایار، جێبەجێكردنی "ئۆپەراسیۆنی سیندور"ی راگەیاند و نۆ شوێنی پاكستانی كردە ئامانج، لەنێویاندا ناوچەكانی كشمیر و پەنجاب و دواتریش رایگەیاند، "ژێرخانی تیرۆریستی"یان كردووەتە ئامانج.
ئێستا شەڕی چەكداری زەمینی لە نێوان هەردوو وڵاتەكەدا سەریهەڵداوە و تۆپبارانی یەكتریان لە سنووری كشمیر دەستپێكردووە.
بەهۆی زیادبوونی گرژییەكانیشەوە كەشتی فڕۆكە هەڵگری "ڤیكرانت"ی هیندستان لە كەناراوەكانی پاكستان نزیك بووەوە، لە بەرامبەریشدا پاكستان بە مەشقی دەریایی راستەوخۆ وەڵامی دایەوە.
هەرچەندە زۆرێك لە وڵاتان هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخەكەیان لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا دا، لەوانەش نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەمریكا، چین و رووسیا، بەڵام گرژییەكان هەر بەردەوامبوون.
ئێستا بەهۆی ئەو بارودۆخەوە خەڵكی هەردوو وڵاتەكە بە تایبەتیش پاكستان لە ترس و دڵەراوكێدا دەژین و خەڵكی خەریكی هەڵكەندنی پەناگەن، چونكە پاكستان لە جەنگەكەدا زەرەرمەندی یەكەم دەبێت، لەبەرئەوەی ئێستا بەهۆی وەستانی ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە دەرمانە پزیشكییەكان لە تەواوبووندان و قەیرانی دەرمان لەو وڵاتە سەریهەڵداوە، لەلایەكی تریشەوە ئابوری وڵاتەكە بە تەواوی لە داڕماندایە بەجۆرێك بۆرسەی پاكستان سێ هەزار خاڵ دابەزیوە و روپیە بە تەواوی شكاوە، زۆربەی كۆمپانیاكانیش كارەكانیان راگرتووە.
ئێستا مەترسییەكە تەنها لەسەر هندستان و پاكستان نییە، چونكە ئەو دوو وڵاتە بەیەكەوە خاوەنی زیاتر لە ٣٠٠ كڵاوەی ئەتۆمین و هەر پەرەسەندنێكی جەنگی لە نێوانیاندا رەنگە لە تۆپبارانەوە بگۆڕێت بۆ بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی و ئەوكات كارەساتێكی ئەتۆمی وێرانكەر لە ناوچەكەدا روودەدات.
لە عەرەبییەوە
بیروڕا



