راپۆرت
پرۆژەی رێڕەوی داود چییە؟
مەودا میدیا - سلێمانی |

ئەو ناوچانە كامانەن كە دەكەنە بەر پرۆژەی رێڕەوی داودی ئیسرائیلی؟
دەركەوتنی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بە نەخشەیەكەوە لە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی 2023 و راگەیاندنی هاوپەیمانی و سیستەمێكی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژەیەكی روون بوو بۆ تێگەیشتن لە دۆخی داهاتووی ناوچەكە بە گشتی.
ئیسرائیل ئامانجیەتی دەوڵەتی گەورەی ئیسرائیل دابمەزرێنێت و بۆ ئەمەش پرۆژەیەكی هەیە كە ناوی رێڕەوی داودە، ئەم بیرۆكەیەشی نوێ نییە، بەڵكو دەیان ساڵە سەركردەكانی جولەكە و ئیسرائیل كاری لەسەر دەكەن، بەڵام بەلای جولەكەوە ئێستا گونجاوترین كاتە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی رێڕەوی داود و دامەزراندنی دەوڵەتی گەورەی ئیسرائیل، ئەمەش چیتر تەنها سیناریۆیەكی گریمانەیی نییە، بەڵكو واقیعێكە كە ئیسرائیل هەوڵی بەدەستهێنانی دەدات، بە كەڵك وەرگرتن لە ئاڵۆزییەكانی ئێستای ناوچەیی و نێودەوڵەتی، كە بە گونجاوترین دەرفەتی دەزانێت، جا لە رێگەی شەڕی وێرانكەرەوە بێت یان لە رێگەی موزایەدە و دانوستانەوە بێت.
ئیسرائیل دەرفەتی زێڕینی 7ی ئۆكتۆبەری بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجەكانی قۆستەوە، هەروەها توانی گۆڕانكارییەكی ریشەیی لە رووی ئەوەی بە هاوكێشەی تێچوون و قازانج ناسراوە بخاتەڕوو بۆ جێبەجێكردن و گەیشتن بە ئامانجەكانی، هەرچەندە ئیسرائیل پێشتر چەند جارێك هەوڵیداوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە، بەڵام سەركەوتوو نەبووە، بۆ نمونە، ساڵی 1970 پلانێكی نهێنی دانا بۆ دابەشكردنی وڵاتانی دراوسێ و جێبەجێكردنی ئامانجەكەی، سەرەتاش هەوڵیدا كیانێكی تایبەت لە ناوچەی دروزەكانی سوریا دابمەزرێنێت بۆئەوەی ببێتە بەربەستێك لە نێوان خۆی و وڵاتانی عەرەبیدا، بەڵام دوای ئاشكرابوونی پلانەكە لەلایەن سەركردەكانی عەرەب و دەروزەكانی ئەوكاتەوە پوچەڵ كرایەوە.
پرۆژەی رێڕەوی داود بە كوێدا تێدەپەڕێت؟
لە رووی كردارییەوە پرۆژەی رێڕەوی داود لە بەرزاییەكانی جۆلانەوە دەستپێدەكات و بە پارێزگاكانی باشوری سوریادا تێدەپەڕێت بە تایبەتیش پارێزگاكانی قونەیتیرە و دەرعا كە نزیكن لە ئیسرائیل و ئوردنەوە، دواتریش درێژ دەبێتەوە بەرەو خۆرهەڵاتی سوەیدا لە چیای حوران و لەوێشەوە دەچێتە بیابانی سوریا بە ئاراستەی دەروازەی ستراتیژی تەنەف لە سنوری نێوان سوریا و عیراق و ئوردن، دواتریش لە پارێزگای دیرەزورەوە درێژ دەبێتەوە بۆ باكوری رۆژهەڵات تا دەگاتە رووباری فورات كە ئێستا هێزەكانی سوریای دیموكرات لەو ناوچەیە باڵادەستن، واتا بە گشتی پرۆژەكە لە رووباری نیلە دەستپێدەگات تا دەگاتە رووباری فورات.
ئێستا ئیسرائیل بە تەواوی دەستیكردووە بە جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە كە ئامادەیە باجی قورس لە پێناویدا بدات كە وەك پێشبینییەكی ئینجیل و لەژێر ناوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ دەیبینێت كە تیایدا جێگای هیچ میلیشیایەك و نیمچە دەوڵەتێك نابێتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەوە روون نییە كە ئایا بە تەواوكردنی پرۆژەی رێڕەوی داود و نەهێشتنی بزوتنەوەكانی حەماس و حزبوڵڵا و هێزەكانی حوسییەكان دەوەستێت و راگەیاندنی ئیسرائیلی گەورە بۆ ماوەیەك دوادەخات؟ یان لەسەر ئەو رێگا "ئینجیلییە" بۆ بەدیهێنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ بەردەوام دەبێت كە بەشێك لە ئوردن و میسریش دەگرێتەوە؟
لەم پرۆژەیەدا ئیسرائیل بە پشتگیری ئەمریكای هاوپەیمانی بە دوای چەند ئامانجێكەوەن، كە لە گرنگترینیان بریتین لە داڕشتنەوەی حكومەتێكی بێهێزی نوێ لە سوریا كە بە تەواوی بەرژەوەندییەكانیان لە ناوچەكە بپارێزێت، پرۆژەكە سوریا بۆ دوو بەش دابەش دەكات و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی نوێ لە باكور و رۆژئاواوە جیادەكاتەوە لە باشور و رۆژهەڵات كە دەوڵەمەندن بە نەوت و كانزا سروشتییەكان، بە كۆنترۆڵكردنی دەروازەكانی تەنەف و ئەلبوكەمالیش لەسەر سنوری عیراق و سوریا لەلایەن ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانیەوە ئەوا راستەوخۆ هەموو پەیوەندییە وشكانییەكانی ئێران بە هاوپەیمانەكانیەوە لە سوریا و لوبنان دەبڕێت.
لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا ئیسرائیل و هاوپەیمانەكەی ئەمریكا، تا كوێی رێگاكە دەڕۆن و تاچەند سەركەوتوو دەبن لە جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە؟
لە عەرەبییەوە
بیروڕا



