راپۆرت

گواستنەوەی فەڵەستینییەكانی غەززە بۆ لیبیا بەكوێ‌ دەگات؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


گواستنەوەی فەڵەستینییەكانی غەززە بۆ لیبیا بەكوێ‌ دەگات؟

مەودا میدیا-
ماوەیەكی زۆرە ئەمریكا و ئیدارەكەی ترەمپ بە دنەدانی ئیسرائیل پلانێكیان بۆ گواستنەوەی فەڵستینییەكانی جیشتەجێی كەرتی غەززە بۆ لیبیا داناوە و بەوپەڕی هێزەوە هەوڵی بۆ دەدەن، تا گەیشتووەتە ئەوەی سوپای ئیسرائیل هەر رۆژێك و پارچەیەك لە كەرتەكە لەگەڵ زەویدا یەكسان دەكاتەوە بەبێ‌ رەچاوكردنی بوونی هاوڵاتییانی مەدەنی تیایدا وەك ئەوەی تەنها دیواری چواردەوری بینا و باڵەخانەكان بن و كەسیان تێدا نەژین. 

ئیسرائیل هەرچی كردووە دەیكات بۆئەوەی كارێك بە غەززە بكات كە بە عەقڵی هیچ كەسێكدا نەیەت جارێكیتر ژیان لەو خاكەدا دووبارە ببێتەوە، ئەوەش تەنها لەبەرئەوەی قەناعەت بە خەڵكەكەی و جیهانیش بە تایبەت وڵاتانی عەرەبی بهێنێت كە بەڵێ‌، تەنها هەلی ژیان لە بەردەم فەڵەستینییەكانی غەززەدا چوونیانە بۆ لیبیا. 

ئیدارەكەی ترەمپ دەیەوێت نزیكەی یەك ملیۆن فەلەستینی نیشتەجێی كەرتی غەززە بۆ هەمیشەیی بۆ لیبیا بگوازێتەوە، بەڵام بۆئەمە رووبەڕووی چەند ئاڵەنگارییەك دەبنەوە و هەروا ئاسان نییە، بەتایبەت ئەگەر فەڵەستینییەكان خۆیان رازی نەبن. 


بەڵام لەلایەكی تریشەوە ئیدارەكەی ترەمپ لە بەرامبەر نیشتەجێبوونیان لە لیبیا بەڵێنێكی وای بە فەڵەستینییەكانداوە كە رەنگە رەتكردنەوەی قورس بێت ئەویش ئەوەیە كە هەر خێزانێكی نیشتەجێی كەرتی غەززە ئەگەر بچێتە لیبیا ئەوا لە بەرامبەردا خانووی تایبەتی خۆی پێدەدرێت و بۆ هەرتاكێكی خێزانیش مووچەیەكی بەرزی مانگانەی پێدەدرێت هەتا لە ژیاندا بێت.

پرسیارەكە ئەوەیە، لە كاتێكدا بارودۆخی لیبیا خۆی بۆخۆی ناجێگیرە و لە دوای كەوتنی رژێمەكەی موعەمەر قەزافییەوە تا ئێستا كە نزیكەی 15 ساڵە هێشتا سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینیوە، بۆچی ئامادەیە پێشوازی لە یەك ملیۆن فەڵەستینی بكات لە خاكەكەیدا نیشتەجێ‌ ببن بۆ هەتاهەتایە؟ 

دوای كەوتنی رژێمەكەی موعەمەر قەزافی سەدان ملیار دۆلاری لیبیا لە بانكەكانی ئەمریكادا دەستیبەسەردا گیرا و سڕكرا كە تا ئێستاش بەو حاڵەوە ماوەتەوە، ئێستاش لەلایەن ئیدارەكەی ترەمپەوە بەڵێنی دانەوەی ئەو ملیارەها دۆلارە بە لیبیا دراوە لە بەرامبەر ئەوەی یەك ملیۆن فەڵەستینی لە خاكەكەیدا نیشتەجێ بكات كە بەراورد بە پارە سڕكراوەكانی ئەوە شتێكی ئەوتۆ نییە. 

ئێستا پرسیاری گرنگتر ئەوەیە، ئەمریكا و ئیسرائیل بۆچی دەیانەوێت غەززە چۆڵ بكرێت و لەو پێناوەشدا پارە سڕكراوەكانی لیبیا دەدەنەوە و خانوو و مووچەی بەرزی مانگانەش  دەدەنە فەڵەستینییەكان؟ 

چونكە لە رووی ئابوورییەوە كەرتی غەززە خاكێكی بەپیتی هەیە و خاوەنی دەیان كانزای گرانبەهای جۆراو جۆرە كە لە هیچ خاكێكی تردا ئەستەمە بوونی هەبێت و بەهاكەشی ئەوەندە خەیاڵییە كە لە ئەژمار نایەت. 
ئەمە جگە لەوەی لە رووی سیاسیشەوە ئامانجێكی گەورەتریان هەیە. 

هەرچۆنێك بێت تا ئێستا رێككەوتنی كۆتایی نەكراوە و وردەكارییەكان و كاتی جێبەجێكردنیشی هێشتا روون نییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە لە جێبەجێكردنیدا، چونكە هێشتا هەڵوێستی هێزە چەكدارەكانی بزوتنەوەی حەماس روون نییە، چونكە بەشێك لە وڵاتە عەرەبییەكان ئامادەن هاوكاری ئاوەدانكردنەوەی كەرتی غەززە بكەن و بەشێكی تریشیان بە وتەی ئیدارەكەی ترەمپ ئامادەن هاوكاربن بۆ جێبەجێكردنی پلانەكەی ئەمریكا بە گواستنەوەی دانیشتووانی غەززە بۆ لیبیا. 
ئ پ 
Qaiwan
Qaiwan