راپۆرت

ئەمڕۆ 50 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتی-دا تێدەپەڕێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەمڕۆ 50 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتی-دا تێدەپەڕێت
مەودا میدیا-


شوێن و مێژووی دامەزراندنی یەکێتی:

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە 1975/5/22، لە گەڕەکی ئەبوروومانەی دیمەشق لە سوریا یەکەم کۆبوونەوەی دامەزراندنی بە ئامادەبوونی هەریەک لە (مام جەلال تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفا، د.فوئاد مەعسوم، د.کەمال فوئاد، عادل موراد، عەبدولڕەزاق فەیلی و عومەر شێخ مووس) کە بەدەستەی دامەزرێنەی یەکێتی ناسراون، ئەنجامداو پرۆژەی دروستکردنی ئەو حزبەیان گەڵاڵە کرد، کۆبوونەوەی دووەم لە بەرلین و لە 1975/5/27، بە سەرپەرشتی مام جەلال تاڵەبانی ئەنجامدراو لە رۆژی 1975/6/1 بە فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیەندرا.

یەکگرتنی ئاڕاستە جیاوازەکان:

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یەکگرتنی  سێ رێکخراوی جیاواز دروست بوو، ئەوانیش (کۆمەڵەی مارکسی- لینینیی کوردستان، بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان و  خەتی گشتی)

پێکهێنانی شانە چەکدارەکان و دیاریکردنی سکرتێری گشتیی:

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 1976 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ساڵێک دوای دامەزراندنی چەند مەفرەزەیەکی پارتیزانیی دروستکرد و دواتر یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی سەرکردایەتی لە کوردستان لە 1977/8/31 کرا و 12 رۆژی خایاند لە کۆبوونەوەکەدا مام جەلال تاڵەبانی بە سکرتێری گشتیی دیاریکرا.
لە مانگی ئاداری 1978دا دووەم کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی بۆ رێکخستنی پێشمەرگە، دارایی، دانانی نەخشە و پلان، دروستکردنی ھەشت ھەرێمی جیاواز ئەنجامدرا.

کۆنفرانس و جیابوونەوەی ئاڕاستەکان لە یەکێتی:

یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو لە شاخ چەندین کۆنفرانسی بەستوون، وەک کۆنفرانسی (کۆمەڵە لە ساڵی 1983 و 1984، کۆنفرانسی ھەردوو باڵی خەتی گشتیی و بزووتنەوەی سۆسیالیست) دوای جیابوونەوەی بەشێکی بزووتنەوەی سۆسیالیست لە یەکێتی، لەو کۆنفرانسەدا یەکیان گرت و ناویان نا (یەکێتیی شۆڕشگێران) و یەکێتی بووە دوو باڵ (یەکێتی شوڕشگێران و کۆمەڵەی رەنجدەران).

دوای 17 ساڵ لە دامەزراندنی یەکەمین کۆنگرەی خۆی لە 1992/1/28 بەست، ھەردوو باڵی کۆمەڵە و یەکێتیی شۆڕشگێران توانەوە و بڕیاری یەکخستنی ھەردووکیان درا و مام جەلال تاڵەبانی بە سکرتێری گشتیی هەڵبژێردرایەوە.

کۆنگرەی دووەمی لە 2001/1/30 و نۆ ساڵ دوای کۆنگرەی یەکەم لە سلێمانی بەسترا و دیسان مام جەلال وەک سکرتێری گشتیی هەڵبژێردرایەوە، هەروەها دوای 9 ساڵ و لە 2010/5/1 دا کۆنگرەی سێیەمی بەست و مام جەلال بووەوە سکرتێری گشتیی یەکێتی.

جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا لە یەکێتی:
جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی تری یەکێتی و دروستکردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە 2009/8/25، بەشێکی زۆری بنکە جەماوەرییەکەی دابەش کرد و باڵێکی گەورەی یەکێتی جیابووەوە.

دروستبوونی ئاڕاستەی جیاواز لەناو یەکێتی لەسەردەمی نوێدا:

بەهۆی نەخۆشکەوتنی مام جەلال ناکۆکیی تازە لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەری هەڵدایەوە و تاوەکو لە 1ـی ئەیلوولی 2016دا ناوەندی بڕیار دروست بوو کە کۆسرەت رەسوول و بەرهەم ساڵح جێگرانی یەکەم و دووەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرپەرشتییان دەکرد و ژمارەیەک  ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی تێیدا بوون.
دواتر بەرهەم ساڵح بە تەواوی وازی لە یەکێتی هێنا و لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار وەک قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بەشداریی کرد و دوو کورسیی بە دەستهێنا.

کۆنگرەکانی چوار و پێنج ، گۆڕانکاریی نوێ لەناو یەکێتیدا:

رۆژی 2019/12/21، بەبەشداریی زیاتر لە هەزار ئەندام کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەژێر ناوی (کۆبوونەوەی نوێبوونەوە) لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد و دوو رۆژی خایاند کە تێدا (بافڵ جەلال تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی) بە هاوسەرۆکانی یەکێتی هەڵبژێردران.

رۆژی 8ی تەمموزی 2021 بافڵ جەلال تاڵەبانی، گەڕێکی نوێی گۆڕانکارییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی دەستپێکرد و لە کۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسیدا سەرجەم دەسەڵاتەکان لە لاهور شێخ جەنگی وەرگیرایەوە.

رۆژی چوارشەممە (27ی ئەیلوولی 2023)، پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بەشداری 600 ئەندام و ژمارەیەک لە سەرکردە و نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق بەڕێوەچوو هەر لە رۆژی یەکەمی کۆنگرەکەدا (بافڵ جەلال تاڵەبانی) بە سەرۆکی یەکێتی هەڵبژێردرا.

ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەپێی دوایین هەڵبژاردن 18 کورسیی بۆ پەرلەمانی عیراق بە دەستهێناوە، لە پەرلەمانی کوردستانیش لە هەڵبژاردنی 2024/10/20دا 23 کورسیی بە دەستهێناو لەئێستادا ئامادەکاریی دەکات بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق کە بڕیارە لە 2025/11/11، بەڕێوەبچێت.

ب ح
Qaiwan
Qaiwan