ئابووری

دڵشاد موانی: رێککەوتنی سێقۆڵی بۆ سێ مانگە

مەودا میدیا - سلێمانی |


دڵشاد موانی: رێککەوتنی سێقۆڵی بۆ سێ مانگە
مەودا میدیا-


شاره‌زایه‌كی بواری گرێبه‌ستی نه‌وتییەکان ئاشکرایکرد رێککەوتنی سێقۆڵی بۆ ماوەی سێ مانگ دیاریکراوە، سوود و ئاڵنگاریی گەورەی بۆ هەرێم بەدوای خۆیدا دەهێنێت، پرسیاری زۆر لەسەر لێکدانەوەی دەستووریی هەرێم دروست دەکات، و دەرگاش بۆ ناکۆکییەکانی داهاتوو لەسەر هەناردەی سەربەخۆی نەوت واڵا دەکات.

دڵشاد موانی، شارەزا لە بواری گرێبەستە نەوتییەکان بە مەودا میدیای راگەیاند "گرنگترین سوودی ئەم ڕێککەوتنە بریتییە لە دەستپێکردنەوەی دابەشکردنی مووچەی کارمەندانی حکومەتی هەرێم، کە ماوەیەکی زۆرە بەهۆی ناکۆکییەکان لەسەر داهاتی نەوت دوادەکەوێت، لەمەودوا بەغدا راستەوخۆ مووچەکان تەمویل دەکات، بەمەش کۆتایی بە سەرچاوەیەکی سەرەکیی ناسەقامگیریی دارایی لە هەرێمدا دێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەکانی کوردستانەوە لە رێگەی بۆریی نەوتی عیراق-تورکیا (ITP) دەستپێدەکاتەوە، کە داهاتێکی نوێ بۆ هەرێم و دەستڕاگەیشتنێکی باشتر بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان بەدی دەهێنێت. ئەم ڕێککەوتنە ستایشی زۆری لایەنە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت ئەمریکای لێکرا، کە رەنگە ببێتە هۆی گەشەکردنی وەبەرهێنانی بیانی و پشتیوانی سیاسیی زیاتر بۆ هەرێم".

ئەوەشی خستەڕوو "گەورەترین زیان بریتییە لە کەمبوونەوەی سەربەخۆیی هەرێم لەسەر سێکتەری نەوت و سیاسەتی ئابووریی خۆی، هەرێم دەبێت هەموو نەوتی بەرهەمهاتوو جگە لە (50) هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا (کە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی تەرخانکراوە) رادەستی سۆمۆ بکات، بەمەش کۆنترۆڵی خۆی لەسەر نرخ دانان، بازاڕکردن و بەڕێوەبردنی داهات لەدەست دەدات".

باسی لەوەشکرد "ئەم رێککەوتنە بەتایبەتی بۆ ماوەی سێ مانگ دیاریکراوە، و دەبێت پێداچوونەوە و دانووستانی لەسەر بکرێت، ئەم ماوە کاتییە بۆ تاقیکردنەوەی میکانیزمەکانی هەناردەکردنی نەوت، دابەشکردنی مووچە و وردبینیی هاوبەشە، لەگەڵ پلانێک بۆ پێداچوونەوەی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان (IOC) لەلایەن راوێژکارێکی سەربەخۆی پیشەسازییەوە وەک ( وود ماکینزی). دوای ئەم ماوەیە، مەرجەکانی رێککەوتنەکە یان دەتوانرێت نوێبکرێنەوە، یان پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan