راپۆرت

لە سودان چی دەگوزەرێت ؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


لە سودان چی دەگوزەرێت ؟
مەودا میدیا-

وڵاتی سودان، کەوتووەتە باکووری رۆژهەڵاتی ئەفریقا و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 45 ملیۆن کەسە، لە مانگی ئازاری 2023وە رووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی بووەتەوە و  ململانێی چەکداریی نێوان هێزە چەکدارەکان بە سەرۆکایەتی(عەبدولفەتاح ئەلبورهان) و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە سەرۆکایەتی (محەمەد حەمدان دەقلوو).

سودان بۆ ماوەی 30 ساڵی رابردوو لەژێر دەسەڵاتی رژێمی دیکتاتۆری (عومەر ئەلبەشیر)دا بوو کە بۆ رووبەڕووبوونەوە و سەرکوتکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە جۆراوجۆرەکان لە ناوچەی دارفور، میلیشیاکانی جەنجەوید کە دواتر بوون بە هێزی پشتیوانی خێرا بەکاردەهێنا، ئەو میلیشیایانە بەرپرسیار بوون لە تاوانی جەنگی و کوشتاری بەکۆمەڵ لە دارفور، کە ئەوکات لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بە جینۆساید ناسێندرا.

 مانگی نیسانی 2019، ناڕەزایەتی فراوانی جەماوەریی بووە هۆی رووخانی دەسەڵاتەکەی ئەلبەشیر، بەڵام لەبری دەستەبەرکردنی ئازادی و دامەزراندنی حکومەتێکی دیموکراسی، دەسەڵات لە نێوان سوپا و هێزی بەناو پشتیونی خێرا دابەشکرا، بەڵام هەر زوو گرژییەکان لەسەر یەکخستنی هێزەکانی پشتیوانی خێرا لەگەڵ سوپا و دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسی، پێکدادانی چەکداری لێکەوتەوە. 

رۆژی 2023/4/15، لە خەرتوم و شارەکانی تر شەڕ و پێکدادانی تووندی چەکداریی روویدا، شەڕەکە بە خێرایی پەرەی سەند و جگە لە پایتەخت ناوچەکانی تر بە تایبەت (دارفور و کۆردفان و خەرتومی گەورەشی گرتەوە، هێزەکانی پشتیوانی خێرا، بەشێکی زۆری وڵاتیان کۆنترۆڵکرد، بەتایبەت بەشێکی زۆر لە دارفور و چەند ناوچەیەکی گرنگ لە خەرتوم، بەپێی ئامارەکان شەڕوپێکدادانەکان بووەتەهۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس، بەشێوەیەک رێکخراوە مرۆییەکان تەنها ژمارەی قوربانیانی پێکدادانەکانی ئەم دواییانە بە نزیکەی 150 هەزار کەس دەخەمڵێنن، زۆرێک لەو کوژراوانە خەڵکی مەدەنین.

بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە شەپۆلێکی فرواوانی ئاوارەبوون بەهۆی شەڕی تووند و بوونی گرووپی چەکداریی تووندڕەو لە هەردوولای شەڕەکە زیاتر لە 11 ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتدا ئاوارە بوون،  نزیکەی سێ ملیۆن کەس روویان لە وڵاتانی دراوسێی وەک ( چاد، میسر، ئەیسیوپیا و سودانی باشوور) بوون، بەمەش قەیرانەکە بووەتە گەورەترین قەیرانی ئاوارەبوون لە جیهاندا، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 25 ملیۆن کەس لە نیوەی دانیشتووانی سودان رووبەڕووی قەیرانی خواردن و ئاو بوونەتەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مەترسیی بڵاوبوونەوەی برسێتی هۆشداریی دەدات بەهۆی ئەوەی کشتوکاڵ کە سەرچاوەی سەرەکی بژێوی ژیانی ئەو خەڵکەیە، ئیفلیج بووە و سیستمی دابەشکردنی خۆراک لەناو چووە، ژێرخانە تەندروستییەکان داڕماون و زیاتر 70%ی نەخۆشخانەکان بەتەواوی لەناوچوون، نەخۆشییە گواستراوەکانی وەک (کۆلێرا، سورێژە و مالاریا) تەشەنەی سەندووە، هەموو ئەمانە لەکاتێکدایە کە کەمیی دەرمان و کەرەستە پزیشکییەکان و هەروەها مردنی دایکان و منداڵانی ساوا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، دەستدرێژیکردن وەک ئامرازێکی شەڕ بەتایبەتی لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێراوە بە شێوەیەکی فراوان بەکارهێنراوە. هەزاران ژن و کچ ببوونەتە قوربانی توندوتیژی سێکسییەکان.

راپۆرتی رێکخراوە مرۆییەکان و ئاژانسە جیهانییەکان رۆژانە دیمەنی کوشتاری بەکۆمەڵ لە دارفور بە هۆکاری نەتەوەیی بەتایبەتی لەدژی هۆزەکانی غەیرە عەرەب بڵاودەکەنەوە،  ئەم کردەوانە دووبارەبوونەوەی جینۆسایدی دارفورە لە سەرەتای ساڵی 2000دا. هەردوولا بە ئەنقەست ناوچەکانی نیشتەجێبوون و نەخۆشخانە و بازاڕ و شوێنە گشتییەکانیان بۆردومان دەکەن. چالاکوانانی مافی مرۆڤ ئیماراتی عەرەبی بە پاڵپشتی سەربازیی و دارایی لە هێزەکانی پشتیوانی خێرا تۆمەتبار دەکەن و میسریش بە پاڵپشتیکردنی سوپای سودان تۆمەتبار دەکەن، هەروەها دەستێوەردانی روسیا بووەتەهۆی ئاڵۆزتر بوونی قەیرانەکە و درێژەکێشانی شەڕ. 

لێشاوی پەنابەران فشارێکی زۆری خستۆتەسەر وڵاتە دراوسێیەکانی کە خۆیان رووبەڕووی قەیرانی ئابووری و ئەمنیی جیددی بوونەتەوە، هەرەسهێنانی حکومەتی ناوەندی لە سودان، رێگای بۆ پەرەسەندنی گرووپە تیرۆریستیی و تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و ماددە هۆشبەرەکان خۆشکردووە. ئابووری سودان کە پێشتر زۆر لاواز بوو، بە تەواویی داڕماوە. هەڵاوسان و بێکاری و هەژاریی بەشێوەیەکی مەترسیدار هەڵکشاوە،  قەیرانی سودان کارەساتێکی فراوانی مرۆییە، کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەیان ساڵ دیکتاتۆرییەت و دابەشبوونی دەسەڵات لە نێوان دامەزراوە سەربازییەکاندا. 

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە رێگاچارەیەک بۆ ئەم قەیرانە بدۆزرێتەوە. ملیۆنان کەسی بێتاوان لەپێش چاوی رای گشتیی جیهان رووبەڕووی کوشتن و برسێتی و نەخۆشی و توندوتیژی بوونەتەوە، چارەسەری ئەم قەیرانەش نەک بە سەرکەوتنی سەربازیی یەکێک لە لایەنەکان، بەڵکو فشارخستنە سەر پشتیوانانی دەرەکی هەردوو لایەنی ئەو شەڕە و پاڵپشتییەکی جیددی دایە لە خەڵکی سودان بە مەبەستی رزگاربوونیان لەو دۆزەخە. مێژوو ئەم کارەساتە وەک یەکێک لە شکستە گەورەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لە سەدەی 21دا  تۆمار دەکات.

ب ح
Qaiwan
Qaiwan