راپۆرت

شەوی یەڵدا، درێژترین شەوی ساڵ

مەودا میدیا - سلێمانی |


 شەوی یەڵدا، درێژترین شەوی ساڵ
مەودا میدیا-

یەڵدا چییە ؟

شەوی یەڵدا (درێژترین شەوی ساڵ) دەكەوێتە كۆتا رۆژی وەرزی پایز و چوونە ناو یەكەم رۆژی زستانەوە، شەوی 20 لەسەر 21ی كانوونی یەكەم، ئەو گەلانەی رێوڕەسمی شەوی یەڵدا ئەنجامدەدەن پشت بە ئەفسانەی لەدایكبوون یان نوێ بوونەوەی خۆر دەبەستن، لە كەلتووری کوردیدا بە شەوی یەڵدا یان چلە ناسراوە و یەکێکە لە جەژن و بۆنە مێژووییە کۆنەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوبەشە لەنێوان نەتەوەکانی هیند و ئاری نەتەوەکانی میزۆپۆتامیا.

واتای ناوی یەڵدا:

وشەی (یەڵدا) لە زمانی سریانیدا واتە (لە دایك بوون) و بەپێی هەندێك لە سەرچاوە سریانیەكانیش (مەسیح) لەو شەوەدا لەدایك بووە. هەندێكی تر دەڵێن وشەی یەڵدا بەمانای (سەركەوتن)ی رۆژ دێت بەسەر تاریكیدا و بەشێكیش بە كودەتای سروشت ناوی دێنن.. دەگوترێت لە ئاینی زەردەشتی دا كە بەمانای لەدایك بوونەوەی خۆر دێت، واتە لە دایك بوونەوەی میترای خواوەندەی خێرەو كۆتایی هاتنە بە ئەهریمەن (خواوەندی شەڕ و خراپە).

شەوی یەڵدا لەرووی ئایینییەوە:

لەلای ئاینی زەردەشتی خەڵک لەو شەوەدا لە لای یەک کۆدەبوونەوە و بە خواردن و خواردنەوە و گۆرانی وتن و ھەڵپەڕکێ شەونخونیان دەکێشا و چاوەڕوانی ھەڵھاتنی خۆر دەبوون، ئەو سفرەیەی لەو شەوەدا دەڕازێنرایەوە لە لای زەردەشتیەکان بە “مەیزەد” ناسرابوو چەرەسەکەش پێی دەوترا “لۆرک”. لە نەزرگە و پەرستگەکانی میترایی نزا دەکرا بۆ سەرکەوتنی رووناکی بە سەر تاریکی و ئەھریمەندا ئەو نزایەش پێیدەوترا “نی یەد”. خەڵک کە بە ئاھەنگ گێران و شەونخونی شەوی یەڵدایان بەسەردەبرد.

شەوی یەڵدا لە مێژوودا:

شەوی یەڵدا وەک شەوێکی پیرۆزە لەلای ئێرانییەکان و لە ئێرانی کۆندا بوونی هەبووە، لە ساڵی 502ی پێش زایین لە سەردەمی داریوشی یەکەمەوە دەستیپێکردووە، چلە و جەژنەکانی دیکەی لەم جۆرە سوننەتێکی کۆنی ئێرانین، خەڵکی ڕۆژگاری دوور و ڕابردوو کە کشتوکاڵەکەیان بناغەی ژیانی خۆیانی پێکهێناوە و بە درێژایی ساڵ بە تێپەڕبوونی وەرزەکان و دژیەکە سروشتییەکان خوویان پێوە گرتووە، بەهۆی ئەزموون و کاتەوە توانیان بە سوڕانەوەی خۆر و گۆڕینی وەرز و بەرزایی و کورتی ڕۆژ و شەو و ئاڕاستە و جوڵە و پێگەی ئەستێرەکان چالاکیەکانیان ڕێکبخەن، تێبینی ئەوەیان کرد کە لە چەند ڕۆژ و وەرزێکدا خۆر زۆر بەرزە و لە ئەنجامدا دەتوانن لەو ڕۆژانەدا ڕووناکی و تیشکی خۆر زیاتر بەکاربهێنن، بەمجۆرەش بۆیان دەرکەوتووە کە کۆتا ڕۆژەکانی پاییز و سەرەتای زستان کورتترین ڕۆژەکانی ساڵن، لەدوای شەوی یەڵداوە وردەوردە ڕۆژەکان درێژ و شەوەکان کورت دەبنەوە.

 لە سەردەمی پێش ئیسلام لە کوردستان و ئێران، ساڵ دوو وەرزی بەهار (210رۆژ) و زستانی (150رۆژ) بووە و بە هاتنی سەرما و سۆڵە وەرزی پشوو و جەژنە میللییەکانی کورد دەستیان پێکردوە، چونکە لە وەرزەکەی تر بەکشتوکاڵ و ژیانی رۆژانە سەرقاڵبوون.

شەوی یەڵدا لەنێو ئەدەبیاتی کوردیدا جێگەی خۆی كردوەتەوەو بە دەیان شیعرو گۆرانی لەو بارەیەوە هەیە، لەنێو شیعری كوردیدا نموونە زۆرن و دیارترینیان شیعرە بەناوبانگەكەی (نالی) یە:

شەوی یەڵـدایە یا دەیجوورە ئەم شەو؟
کە دیدەم دوور لە تۆ بێنوورە ئەم شەو
دڵم وەک حاکمی مەعزوولە قــوربان
خەڵاتی وەسلی تۆی مەنزوورە ئەم شەو
دڵیش مایل بە دیدەی تۆیــە بۆیــە
لە من وەحشی و رەمیدە و دوورە ئەمشەو
کە تۆی شاهی کەج کولاهی دیدەمەستان
چ باکم قەیسەر و فەخفوورە ئەمشەو؟
لە خەو هەڵساوە یا ئاڵــوزە چــاوت ؟
هەمیشە وایە یا مەخموورە ئەمشەو؟
سوروشکم نەقشی چاوی تۆ دەکێشێ
کە جێم سەردارەکەی مەنسوورە ئەم شەو
موسوڵمانان ! دەپرسن حاڵـــی نالـــی؟
لە کونجی بێکەسی مەهجوورە ئەم شەو

ئەو وڵاتەنەی یادەکەی تێدا دەکرێتەوە:
کوردستان
ئێران
ئەفغانستان
تاجیکستان
پاکستان

ب ح
Qaiwan
Qaiwan