راپۆرت

ئەگەرەکانى گەڕانەوەى ئەردۆغان بۆ خاڵى سەرەتا

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەگەرەکانى گەڕانەوەى ئەردۆغان بۆ خاڵى سەرەتا
مەوداپرێس- خەڵەف غەفور

لە دامەزراندنییەوە تائێستا، قۆناغى سیاسی ئێستاى تورکیا، وەکو یەکێک لە قۆناغ و وێستگە سیاسییە هەر ئاڵۆزەکان وێنا دەکرێ، سێ کودەتاى سەربازیی کران و دەسەڵاتەکانیان گۆڕی، بەڵام دەستکارى سیستمى پەرلەمانییان نەکرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ساڵى 2003ەوە کەوا پۆستى سەرۆک وەزیرانى وەرگرت تائێستا دەیان گۆڕانکارى سیاسى کردووە، دواترینیشیان گۆڕینى سیستمى سیاسى تورکیا بوو لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتى کە زۆرێک لە چاودێرانى سیاسى تورکیا ئەمە بە "کودەتاى هەڵبژاردنى ئەردۆغان ناودەبەن".

ئەردۆغان چۆن دەستیپێکرد
رەجەب تەیب ئەردۆغان ساڵى 1954 لە ئیستانبوڵ لەدایکبووە، گەنجێکى مسوڵمان بووە و ئامادەیی وتاربێژیی تەواوکردووە، دواتریش ساڵى 1981 کۆلیژى زانستى ئابووری و بازرگانیی گشتى تەواوکردووە.
ژیانى سیاسى ئەردۆغان لە پارتى رەفاه دەستپێدەکات، ساڵى 1994 دەبێتە سەرۆکى شارەوانیی ئیستانبوڵ و دواتریش ساڵى 1997 بە کۆمەڵێک هۆکار بڕیارى دوورخستنەوەى و زیندانیکردنى دەدرێ. دواى زیندانیکردنى بۆ ماوەى 4 مانگ ئازاد دەکرێ و دواتریش لە 14ى ئابی 2001 لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێکانی پارتى داد و گەشەپێدان "ئەکەپە" دادەمەزرێنن.

یەکەم ئەزموونى تاکڕەوی ئەردۆغان
ساڵى 2002 هەڵبژاردنى پەرلەمان تورکیا ئەنجامدرا، پارتى داد و گەشەپێدان توانى زۆرینەى کورسییەکانى پەرلەمان بباتەوە، دواى ساڵانێکى زۆر حکومەتى یەک حزبی پێکهات، بەڵام بەهۆى کۆتوبەندی سیاسى لەسەرى ئەردۆغان نەیتوانى ببێتە سەرۆک وەزیران و لەبرى ئەو عەبدوڵڵا گویل پۆستەکەى وەرگرت.

زۆرى نەبرد کۆتوبەندە یاساییەکان لەسەر ئەردۆغان لابران، لە ساڵى 2003 فشارى لە گویل کرد بۆ وازهێنان و لەهەمان ساڵیشدا خۆى بووە سەرۆک وەزیران، ئەو هەنگاوەى ئەردۆغان یەکەم زەنگی مەترسی بوو بۆ خۆویستى و تاکڕەوی و دواى ئەوەش نیشانەکانى دەرکەوتن.

سەرکەوتن: رێگایەک بۆ تاکڕەوی
پارتى داد و گەشەپێدان لە دووەم ئەزموونى هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا ساڵى 2007 توانى رێژەى 46.6% دەنگەکان بەدەستبهێنێت، ساڵى 2011 دەنگەکانى زیاتر بوو بۆ 49.8%، لەنێوانى ئەو ساڵانەشدا ئەکەپە زۆرینەى هەڵبژاردنەکانى بردەوە و بەو هۆیەیشەوە ئەردۆغان کەوتە گۆڕینى یاساکان لە بەرژەوەندی خۆی.

سەرۆک ئەردۆغان
رۆژى 10ى ئابی 2014 رەجەب تەیب ئەردۆغان بووە دوازدەیەمین سەرۆک کۆمارى تورکیا، بەڵام ئەوە کۆتایی خەونەکانى نەبوو، چونکە دەستوور رێگەى نەدەدا سەرۆک کۆمار لەهەمانکاتدا سەرۆکى پارتەکەشی بێت، لە 16ی نیسانى 2017 دەستوورى تورکیا هەموارکرایەوە و لە 21ى نیسانى 2017 لە کۆنگرەیەکى نائاساییدا ئەردۆغان بووەوە سەرۆکى ئەکەپە.
رۆژى 24ى حوزەیرانى 2018، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە بەدەستهێنانى رێژەى 52.59%ى دەنگەکان بووە سەرۆک کۆمارى تورکیا لە سیستمێکى سەرۆکایەتیدا.

خەونى ئەردۆغان هاتەدی، بەربەستەکان لاچوون، بووە خاوەن حزب و دەسەڵاتى حکومى، لەگەڵ ئەوەشدا کێشە کەڵەکەبووەکان دەرکەوتن و پاشەکشەى ئەردۆغانیش هەستیپێکرا.

کێشەکان چى بوون
لەماوەى حوکمڕانیى ئەردۆغان زۆر دەستکەوت بەدەستهاتن، بەڵام بەهۆى تاکڕەوی و سیاسەتى ئەکەپە زۆر شت پێچەوانە بوونەوە. بۆ نموونە:
یەکەم: دۆخى ئابوورى لە سەردەمى ئەردۆغان زۆر گەشەى کرد، زۆرى کێشەکان و ئاڵۆزبوونى دۆخى سیاسى ناوخۆیی و ململانێى لەگەڵ زلهێزەکان وایکرد، لەئێستا ئابوورى تورکیا لە خراپترین دۆخیدایە.
دووەم: ئەکەپە وەکو نموونەیەکى ئیسلامی باش وەرگیرا، تەنانەت لە زۆر وڵات داوا دەکرد چاوی لێبکرێ، ئێستا دۆخەکە پێچەوانە بووەتەوە و رەتدەکرێتەوە.
سێیەم: لە سەرەتاوە هەوڵدرا کێشەکان سفر بکرێنەوە لەگەڵ وڵاتان، لەئێستادا تورکیا لەگەڵ چەندین وڵات کێشەى هەیە و کاریگەریی نەرێنى لەسەر ئابوورییەکەى دروستکردووە.
چوارەم: ئەردۆغان بەهۆى بوونى لە پارتى رەفاهی ئیسلامى زیندانیکرا و داواى فرەیی سیاسى دەکرد، لە سەردەمى حوکمی خۆیدا ئازادییە سیاسییەکان لە قاڵبدرا و ئێستا زیندانییەکان پڕن لە سیاسەتمەداران و نەیارەکانى ئەردۆغان.
پێنجەم: ئازادیی رۆژنامەوانیی کەمبووەتەوە و بەپێى راپۆرتە جیهانییەکان تورکیا بووەتە زیندانی رۆژنامەنووسان.
 
پشتکردن لە کورد
لە مێژووى سیاسى تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەموو سەرۆکەکانى دیکە بەڕووى دۆزی کورددا کرایەوە و بەڵێنى چارەسەرى دا، تەنانەت لە کۆبوونەوەیەکى جەماوەریدا لە شارى ئامەد وتى "کێشەى کورد کێشەى منە و چارەسەرى دەکەین".
هەندێک هەنگاوی سەرەتایی نران، کرانەوەی میدیایی، کردنەوەى تەلەفزیۆن و رادیۆ بەزمانى کوردی و قسەکردن بە کوردی لە ناوەندە رەسمییەکان، تەنانەت گفتوگۆی زۆر لەنێوان پارتى کرێکارانى کوردستان و میتى تورکیا بەڕێوەچوون، بەڵام دەیان هۆکار وایانکرد پرۆسەى ئاشتى سەرنەگرێ و ئەردۆغانیش بەتوندی رووبەڕووى نوێنەرانى کورد ببێتەوە و دەستبکاتەوە بە چەوساندنەوەى کورد.

تورکیا لەئێستادا سێ مەترسی جدی لەسەر هەیە بەم شێوەیە:
یەکەم: رەجەب تەیب ئەردۆغان سیاسەتێکى تاکڕەوانە پەیڕەو دەکات، ئەوە گرفتى زۆرى بۆ بۆ سیاسەتى ناوخۆ و دەرەوەى تورکیا دروستکردووە، لەسەر ئاستى ناوخۆ کێشەى کورد پشتگوێخراوە و شەڕێکى سەربازیی و ئابووری و میدیایی بەڕێوەدەچێت. گویلەنییەکان سەرکوتکراون، نەیارەکانى ئەردۆغان بەردەوام ژیانیان لەمەترسیدایە، بەشێوەیەک جەستەى سیاسى تورکیا شەکەتە و ئەگەر خراپتربوونى زیاتری هەیە.
دووەم: ویستى ئەردۆغان بۆ زیندووکردنەوەى عوسمانیەتى نوێ و دروستکردنى کاریگەریی زیاتر لەسەر ئاستى هەرێمایەتى و جیهانی وایکردووە ئەردۆغان تووشی کێشەى زۆر ببێتەوە. بۆ نموونە لەگەڵ ئەمەریکا لەسەر کڕینى سیستمى بەرگریی رووسی ئێس 400، لەگەڵ ئیسرائیل، یەکێتى ئەوروپا، سعودیە و میسر و قوبرس و دەیان دەوڵەتى دیکەیش کێشەى دروستکردووە. دەرەئەنجانى ئەوە خراپبوونى دۆخى ئابووری تورکیا و دابەزینى بەهاى تورکییە، رێژەى بێکارى بەرزبووەتەوە، دەیان کێشەى دیکە. 

سێیەم: لەناوخۆى حزبەکەیدا ئەردۆغان زۆر تاکڕەوە، پرۆژەى زیهنى خۆى تەوزیف دەکات بۆ پرۆژەى حزب و حکومەت، گوێ لە هاوڕێکانى ناگرێ، بەو هۆیەیشەوە دەیان سەرکردە و هاوڕێی خۆى لە ئەکەپە چوونەتە دەرەوە و لەئێستادا لەگەڵى لە ململانێدان. دیارترینیشیان دامەزراندنى پارتى ئاییندە بوو لەلایەن ئەحمەد داود ئۆغڵو.
رەجەب تەیب ئەردۆغان باش دەستیپێکرد و بۆ ماوەیەک لەسەر رێگا راستەکە بوو، وردە وردە ویستى تاکڕەوی لە هاوڕێکانى و رێگا راستەکەى دوورخستووەتەوە، دەرەنجامێکى خراپ هاتووەتەدی و لە باشترین بژاردەدا ئەردۆغان دەگەڕێتەوە خاڵى سفر.

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان