راپۆرت
پێکهاتەکانى كوردستان، سەربەخۆن يان پاشکۆ؟
مەودا میدیا - سلێمانی |
ئینستتیوتی نارین- هێمن سەعید
كۆبوونەوەکەی 7ی ئایاری 2020ی پەرلەمانی كوردستان، كە تایبەت بوو بە هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی، هەڵوێستی ئەندام پەرلەمانەكانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی پەرلەمانی کوردستانی خستە بەردەم تاقیکردنەوە لەنێوان نوێنەرایەتیكردنی راستەقینەی نەتەوەکەیان و بەکارهێنانیان لەلایەن حیزبێکی دیاریکراوەوە بۆ مەبەست و ئامانجی تایبەتیی خۆی.
ئەگەرچی لە سەرەتادا وا دەرخرا، کە کەیسی سۆران عومەر و هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەری، بابەتێکی یاساییە و چەند پەرلەمانتارێکی دیکەی فراکسیۆنی جیاوازیش لەخۆدەگرێت، بەڵام لە کاتی دەنگدان لەسەر ئەو یاسایە و دەرکەوتنی ئەنجامەکەی، روونبووەوە سیناریۆیەکە و مەبەست بەئامانجگرتنی ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵی ئیسلامییە.
سۆران عومەر، ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووك، نووسیویەتی "پارتی، ستەم لە پێکهاتەی مەسیحی و تورکمان دەکات بەوەی نوێنەرایەتییەکەیانی قۆرغکردووە بۆ خۆی و ئاڕاستەیان دەکات بۆ مەرامی سیاسی و بەرژەوەندیی خۆی".
وەک دەزانرێت، ئەوە یەكەم جار نییە كۆتاكان لەلایەن حیزبێكی دیاركراوی كوردستانەوە بەكاردەهێنرێن. پێشتر لە 23ی حوزەیرانی 2015، پەرلەمانی كوردستان، خوێندنەوەی بۆ پرۆژەیاسای هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كرد. نوێنەرانی پێكهاتەكان، بە هەمان شێوەی دانیشتنی 7ی ئایار، پاڵیان دایە لای پارتی و دژی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەنگیان دا.
پاش ئەو دوو رووداوە؛ رای گشتیی هەرێمی كوردستان، ئەو گومانەی لا دروست بوو، كە كورسیی كۆتاكان بوون بە بەشێك لە گەمەیەكی سیاسیی نێوان حیزبەكان و رەوایەتی نوێنەرایەتی خۆیان لەدەستداوە. بەشێكیش لە هاوڵاتیان بەپێویستی دەزانن جارێكی دیكە هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان بكرێت و كورسیی كۆتاكان کەمبکرێتەوە.
پاش ئەو دوو رووداوە؛ رای گشتیی هەرێمی كوردستان، ئەو گومانەی لا دروست بوو، كە كورسیی كۆتاكان بوون بە بەشێك لە گەمەیەكی سیاسیی نێوان حیزبەكان و رەوایەتی نوێنەرایەتی خۆیان لەدەستداوە. بەشێكیش لە هاوڵاتیان بەپێویستی دەزانن جارێكی دیكە هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان بكرێت و كورسیی كۆتاكان کەمبکرێتەوە.
یەكێتی: گوزارش لە نوێنەرایەتی نەتەوەكانی خۆیان ناكەن
لوقمان وەردی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ئینستتیوتی نارینی راگەیاند "ئەگەرچی دەسەڵات و خەڵكی كوردستان رێزی زۆریان لە پێكهاتەكانی كوردستان ناوە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە؛ نوێنەرانی ئەم پێكهاتانە، ماوەی دوو خوولە گوزارش لە نوێنەرایەتی نەتەوەكانی خۆیان ناكەن و كار بۆ لایەنێكی حیزبیی دیاركراو دەكەن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا دەست دەخاتە ناو لیستی نوێنەرەكان و كادیر و ئەندامی خۆی دیاری دەكات و لەكاتی دەنگدانیش دەنگ بە نوێنەرەكانی خۆیان دەدەن، بۆیە كاتێك ئەم ئەندامانە دەردەچن، زیاتر نوێنەرایەتی حیزبی دەكەن نەوەك نوێنەرایەتیی نەتەوەكەی خۆیان. بۆ نموونە؛ لە چۆمان، یەك ئەندامی توركمانی تێدا نییە، بەڵام لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا 475 دەنگ درابوو بە یەكێك لە ئەندامانی پێكهاتەكان، كە ئەویش لەلایەن هێزەكانی زێرەڤانی و پێشمەرگە و لایەنگری پارتییەوە ئەو دەنگانە دراون".
هەروەها وتیشی "بەداخەوە، پارتی ئەم نوێنەرانە بۆ مەرامی خۆی بەكاردەهێنێت و لە دوو روانگەی جیاوازەوە زوڵمیان لێدەكات. یەكەم: لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا ئەندامەكانی خۆی دەردەچێنێت. دووەم: بەكاریاندەهێنێت بۆ ململانێی سیاسی و ساخكردنەوەی دەستكەوتەكانی خۆی".
ئەو ئەندامەی پەرلەمان، لە میانەی قسەکانیدا رایگەیاند "هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بەبێ جیاوازی رێز لە نوێنەرانی پێكهاتەكان دەگرن و هەرچی پرۆژەیاسایەك هاتبێتە پەرلەمان و تایبەت بووبێت بەوان، تێکڕا و بە بێ جیاوازی هەمووان پشتگیرییان كردووە و دەنگیان بۆ داوە. بۆ نموونە؛ كاتێك هەر سێ لایەنەكە (پارتی و یەكێتی و گۆڕان) رێکكەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەت، هەموو پێكەوە سووربووین لەسەر ئەوەی سكرتێری پەرلەمان لە یەكێك لە نوێنەرانی پێکهاتەكان بێت، بەڵام بەداخەوە؛ هەر ئەو سكرتێرە كاتێك جێگری سەرۆكی پەرلەمان هێرشی كردە سەر چەند لایەنێك لە هۆڵی پەرلەمان، سكرتێر بەتەنیشتییەوە سەری بۆ دەلەقاند و لەگەڵی بوو".
كۆمەڵی ئیسلامی: پێویستە پێكهاتەكانی كوردستان بەكارنەهێنرێن بۆ ململانێی سیاسی
عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ئینستتیوتی نارینی راگەیاند: "پێویستە پێكهاتەكانی كوردستان رێزی زۆریان لێبگیرێت و بەكارنەهێنرێن بۆ ململانێی سیاسی، پێویستە لەسەر ئێمەش داوا بكەین سەربەخۆ و ئازاد بن و هیچ لایەنێك نەتوانێت هەوڵی بەكارهێنانیان بدات، بەڵكو بە ئازادانە گوزارش لە بۆچوون و هەڵوێستی خۆیان بكەن و نوێنەرایەتیی راستەقینەی پێكهاتەكانی خۆیان بكەن".
عەبدولستار مەجید وتیشی "لە راستیدا نەدەبوو لیستی دەنگدانیان كراوە بوایە بۆ هەموو كەسێك دەنگیان بداتێ، چونكە خەڵكانی دەرەوەی پێكهاتەكان بە پلان و بەرنامەی سیاسی، لە دەرەوەی پێكهاتەكان خۆیان دەنگ دەدەن بۆ ئەو كاندیدەی خۆیان مەبەسیتانە و بەوەش ئەو كاندیدانەی دەبنە ئەندام پەرلەمان، نوێنەرایەتی راستەقینەی پێكهاتەكەی خۆی ناكات، هەر ئەوەشە بووە بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا خاڵە نەرێنییەكانی بەدیاربكەون".
بە پێچەوانەی هەموو ئەو بۆچوونانەوە، بەهەمەن كاكە عەبدوڵڵا، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ئینستتیوتی نارینی راگەیاند "پێكهاتەكان نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان دەكەن و ئازادن لە هەموو هەڵوێستێكی سیاسی، پارتی دیموكراتی كوردستان رێز لە سەربەخۆییان دەگرێت، بەڵام ئەگەر لە حاڵەتێکدا پشتیوانی پارتی بووبێتن ئەوا بە دڵنیایی پارتی لە زۆر حاڵەتدا پشتیوانیی كردوون و ئەوانیش هەمان هەڵوێستیان نواندووە، كە ئەوەش بەرژەوەندیی هەردوولا بووە كە ئەوەی خواستووە".
بەهمەن كاكە عەبدوڵڵا، ئاماژەی بەوەشكرد "ئەو پرسە زیاد لە قەبارەی خۆی گەورە كراوە و چەند لایەنێك دەیانەوێت بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان بەكاریبهێنن. ئەگەر ئەوە راست بێت، ئەوا یەكێتیش كۆمەڵ و گۆڕان و یەكگرتوو بەكاردەهێنێت كاتێك نەهاتنە پاڵ پارتی بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە یەكێك لە ئەندام پەرلەمانەكانی كۆمەڵ".
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی وت "كەیسەكەی سۆران سۆران عومەر كراوە بە كراسەكەی عوسمان، ئەویش ئەندام پەرلەمانێكە و لە سەرووی یاساوە نییە، كەیسەكە بابەتێكی یاساییە و ئەگەر لە خۆی رادەبینێت با بچێتە بەردەم دادگا و پەرێزی خۆی پاك بكاتەوە لەو تۆمەتانەی دروستیكردووە".
پاش راپەرینی هەرێمی کوردستان، بەپێی بڕیارێکی بەرەی کوردستانی لە 8ی نیسانی 1992، پێنج کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحیی دیاریکرا لە یەکەمین خولی پەرلەمانی کوردستانی عیراق و دانرا بە یاسای ژمارە یەکی ساڵی 1992ی ئەنجومەنی نیشتمانی، بەڵام ساڵی 2004، پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992 ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستانی هەموار كردەوە و ژمارەی كورسیی كۆتاكانی لە پێنج كورسییەوە زیاد كرد بۆ (11) كورسی، بەمەش ژمارەی تێكڕای كورسییەكانی پەرلەمان لە (105) كورسییەوە زیادی كرد بۆ 111 كورسی.
پاش راپەرینی هەرێمی کوردستان، بەپێی بڕیارێکی بەرەی کوردستانی لە 8ی نیسانی 1992، پێنج کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحیی دیاریکرا لە یەکەمین خولی پەرلەمانی کوردستانی عیراق و دانرا بە یاسای ژمارە یەکی ساڵی 1992ی ئەنجومەنی نیشتمانی، بەڵام ساڵی 2004، پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992 ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستانی هەموار كردەوە و ژمارەی كورسیی كۆتاكانی لە پێنج كورسییەوە زیاد كرد بۆ (11) كورسی، بەمەش ژمارەی تێكڕای كورسییەكانی پەرلەمان لە (105) كورسییەوە زیادی كرد بۆ 111 كورسی.
بەهەمان شێوەی كورسی كۆتاكان لە پەرلەمانی كوردستان، لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێم، بە تێكڕا 10 كورسی تەرخانكراوە بۆ پێكهاتەكان.
ئێستا پرسی كورسیی كۆتاكان لە ژێر گومانی گەورەدایە، بۆ پاراستنی مافی ئەو پێكهاتانە؛ پێویستە لایەنە سیاسییەكان كارێك بكەن نوێنەرانی ئەو پێكهاتانە سەربەخۆ و ئازادبن و نوێنەرایەتی راستەقینەی پێكهاتەكانی خۆیان بن و بەكارنەهێنرێن بۆ ململانێ، یان وەک گەمەیەكی سیاسیی نێوان حیزبەکان.
*ئەم راپۆرتە لەلایەن هێمن سەعید، توێژەر لە ئینستتیوتی نارین بۆ توێژینەوە و بڵاوكردنەوە بە پشت بەست بە سەرچاوەی تایبەت و ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان ئامادەكراوە.