عوسمان  گوڵپی

عوسمان گوڵپی

سەرۆك و جێگرەكەی، كەستان لێرە دەوەستێ؟

گەرمە و پلەی گەرمی سەروو چلە، پیاو و ژنانێك دەبینی لە بن دیواری بینایەك كە ناویان لێناوە بانك یان شوێنی دابەشكردنی مووچە، وەستاون و بەڕیز سەرەیان گرتووە، بۆ مووچەی كەی؟ مووچەی ساڵێك پێشتر، هی چی؟ مووچەی خانەنشینی، بۆ كێ؟ پیاوێك یان ژنێكی خانەنشین، واتە سەروو 62.

دەبێ چەند كاتژمێر لێرە بووەستن؟ ئایا ئەمڕۆ سەرەیان دێت و وەریبگرن یان نا؟ مووچەكەش هێندە نییە، دوو سەد هەزارێك، زیاتر یان كەمتر.
ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە، دابەشكردنی مووچە و میكانیزم و بە سیستمكردنی، چ هونەرێكی تێدایە؟ كە نەتانكردووە، یانی بچوكترین نموونەی شكستخواردن، ئەوە نە دەوڵەتی سەربەخۆیە تا گەلەكۆمەكێی وڵاتانمان لەسەر بێت و نە نەوتی كەركوكە چاوی چەندین وڵاتی لەسەر بێت و نە پرۆژەی سەد مەتری سلێمانییە تا ملیارانی بوێ، تەنیا عەقڵێكی ئیداری دەوێ، تەنیا دڵسۆزی و سەلیقەی حوكمڕانی پێویستە، چاودێری و لێپرسینەوەی گەرەكە، بەداخەوە و هەزار جار بەداخەوە كە تائێستا نەمان بووە.

من ئەوەی بینیم سلێمانییە كە پایتەختی رۆشنبیرییە، سلێمانی واتە ئیدارەدانی یەكێتی، ئێستا نوێنەری ناوچەی سەوز جێگری سەرۆكی حكومەتە كە قوباد تاڵەبانییە، رووكردنە ئەو واتە رووكردنە تەواوی بەرپرسان ( وەنەبێ حاڵی ناوچەی زەرد زۆر باشبێ).

 كاك قوباد پێم خۆشە بزانم كێ لە كەسوكاری تۆ روودەكاتە شوێنی وەرگرتنی مووچە و لەبەر تیشكی خۆر لە ریزدا دەوەستێت، كێ لە بنەماڵەكەت لە ناو ئەو ژن و پیاوانەدا وەستاوە بۆ مووچە و تەمەنی سەروو شەست ساڵە؟ ئەسڵەن ئەوەش نا! كەستان هەیە مووچەكەی 200 هەزاربێ؟  تۆ دەزانی دایكێكی ماندووی ئەم وڵاتە بە تەمەنی سەرو 60 ساڵ و دەیان نەخۆشی و سەوەفانی ئەژنۆوە لە ژێر پلەی گەرمی چلدا و لەبەر خۆر و لەناو تەپوتۆزی سەر شەقامەكاندا بە چەند كاتژمێر وەستان چ ئازارێكی هەیە؟ تۆ دەزانی ئەوە بێ نرخكردنی مرۆڤە؟ تۆ دەزانی ئەوە بە سوك سەیركردنی بە تەمەنەكانی ئەم وڵاتەیە؟ كە دەبێ رێزیان بگرین، نەك بۆ وەرگرتنی مووچەیەكی كەم بێڕێزیان پێ بكرێت.

ئێوە لە بێنرخكردنی خەڵك بەرپرسن، لە هەژاری و بێ مووچەیی و بێ نانی و نەبوونی كرێی خەڵك بەرپرسن، ئەرێ بەڕاست تاكەی هەست بە بەرپرسیارێتی ناكەن؟ ئێوە وادەزانن كە حوكمڕانی بریتی نییە لە پێدانی زەوی بازرگانی و نیشتەجێبوون بە كۆمپانیا نزیكەكانتان، حوكمڕانی تەنیا قسەكردن و مقەست هەڵگرتن نییە بۆ كردنەوەی شتانێك كە دواجار بەرپرسەكان سودمەند دەبن، تەنیا دانانی بەردی بناغە نییە بۆ ئەو پرۆژانەی بەتەنیشتییەوە سەدان ملیۆن دۆلاری بۆ بەرپرسەكانە، حوكمڕانیەك هاوڵاتیان لە پاڵیدا خۆشگوزەران نەبن و هەژارەكان سودمەند نەبن، هەموو شتێكە حوكمڕانی نەبێ،  نە بەرپرسیارێتی ئاوایە و نە حوكمڕانی و نە سیاسەت.
باوەڕ بكەن ئەوەی ئێوە دەیكەن لە هەردوو ئیدارەكە، ناچێتە نێو هیچ جۆرە ئیدارەدانێكەوە، ئەم حوكمڕانی و دەوڵەتدارییە هیچ پێناسەیەك نایگرێتەوە، نە ئیشتراكییە و نە دیموكراسی و نە سۆسیالیستی و نە سەرمایەداری و نەهیچ شتێك، تەنیا یەك پێناسە هەڵدەگرێ، ئەویش (حكومڕانیە هەر بە هەوەس).
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan