عارف قوربانی
کوردستان نموونەیەکی جیاوازە
په‌یدابوون و تهشهنهسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا حكومه‌تی وڵاتانی خسته به‌رده‌م دوو به‌رپرسیارێتیی گه‌وره‌وه، یه‌كیان چۆنێتیی پاراستنی ته‌ندروستیی هاووڵاتییانیان بوو، دووه‌میش چۆنێتیی مامه‌ڵه‌كردن بوو له‌گه‌ڵ لێكه‌وته ئابوورییه‌كانی كه به‌هۆی كه‌ره‌نتینكردن و داخستنی كارگه و كارخانه و بازاڕ و شوێنه گشتییهكانەوە خه‌ڵك بێكاربوون. جا ئه‌مه بۆ هه‌ڵه‌سه‌نگاندن و تاقیكردنه‌وه‌ی حكومه‌ته‌كانیش بووەته پێوه‌ر، له داهاتووشدا له هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئاڵوگۆڕی سیاسیی وڵاتاندا ره‌نگ ده‌داته‌وه.
هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌تا له گرتنه‌به‌ری رێكاره خۆپارێزییه ته‌ندروستییه‌كان به باشی چووه پێش، به به‌راورد به به‌شێكی زۆر له وڵاتان ئاستی مه‌ترسییه ته‌ندروستییه‌كانی له خاڵی سفر نزیك بوو، هه‌رچه‌نده له قۆناخی دووه‌مدا تهشهنەسەندنی ڤایرۆسه‌كه رۆژ له‌دوای رۆژ به‌رز ده‌بێته‌وه و رێژه‌ی تووشبوون و مردن هه‌ر له زیادبووندان. به‌ڵام له ئاستی لێكه‌وته ئابوورییه‌كانی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌و پلان و هه‌نگاوانه‌ی گرتیانه‌به‌ر نه‌ك سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، ئه‌نجامه‌كانی روون بوون كه ئه‌مه‌شیان نزیكه له ئاستی سفر.
ئێستا كوردستان له هه‌ردوو ئاسته‌كه‌دا، له رووی ته‌ندروستییه‌وه و له رووی ئابوریشه‌وه، له‌به‌رده‌م شكستی گه‌وره‌دایه. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به لایه‌نی ته‌ندروستییه‌وه هه‌یه تا ئه‌ندازه‌یه‌ك په‌یوه‌سته به دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ڤایرۆسه‌كه‌وه و تائێستاش زانستی پزیشكی له دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ردا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووە، بۆیه له‌و رووه‌وه حكومه‌ت كه‌متر لۆمه دەکرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به لایه‌نی ئابوورییه‌وه هه‌یه كه خه‌ریكه له رووی سیاسی و ئیداریشه‌وه كوردستان به چۆكدا ده‌هێنێت، حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌و دۆخه به‌رپرسه و ئهركیشیەتی چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزێته‌وه. واتە ئه‌گه‌ر دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ لایه‌نی ته‌ندروستی پێویستییه‌كی جیهانی بێت، به‌ڵام دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ گرفته ئابوورییه‌كانی به‌رپرسیارێتییه‌كی ناوچەیی حكومه‌تی وڵاته‌كان خۆیانه كه نه‌هێڵن هاوڵاتییه‌كانیان رووبه‌ڕووی كێشه‌ی دارایی و نه‌بوونی ببنه‌وه.
له وڵاتانی دنیادا له‌سه‌ر حیسابی هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كانیانه‌وه بە لای كه‌مەوە تائێستا نه‌یانهێشتووه كاریگه‌رییه ئابوورییه‌كانی له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵك ره‌نگ بداته‌وه. ته‌نانه‌ت حكومه‌ته‌كان قه‌ره‌بووی زیانی كۆمپانیا گه‌وره‌كانی وڵاته‌كانیشیان گرتووەته ئه‌ستۆ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م كهرتهش دانه‌ڕووخێت. به‌شێكی زۆر له حكومه‌تی وڵاتان بۆ ئه‌وه‌ی له‌م پلانه‌یاندا سه‌ركه‌تووبن خۆیان خستووەته ژێر قه‌رزی گهورهوە، په‌نایان بردووەته به‌ر بانك و رێكخراوه كۆمه‌كبه‌خش و قه‌رزده‌ره‌كان. به‌شێكیان به بڕی زۆر گه‌وره ده‌ستیان بۆ پاره‌ی یه‌ده‌کی وڵاته‌كانیان برد، هه‌ندێک وڵات كه‌وتنه فرۆشتنی زێڕی خهزنكراو و زۆر رێگەی دیکە گیرانه‌به‌ر. هه‌موو ئامانجه‌كه‌ش یه‌ك خاڵ بوو كه نابێت رێگه‌بده‌ن كاریگه‌ریی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌سه‌ر ئابووری و ئه‌و قه‌یرانانه‌ی لێیكهوتوونهتهوه له‌سه‌ر حیسابی هاووڵاتییان بێت.
به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی دنیا تاكه نموونه‌ی جیاوازه و حكومه‌ت هه‌رچی كردووه له‌و باره‌یه‌وه له‌سه‌ر حیسابی ئه‌وه بووه هاوڵاتییه‌كانی باجه‌كه‌ی بده‌نه‌وه نه‌ك حكومه‌ت. وه‌ك تهحەددایهك بۆ ئه‌وه‌ی رێكاری قه‌رز نه‌گرێته‌به‌ر، هه‌موو میلله‌ته‌كه‌ی قه‌رزدار كردووه. خه‌ڵك بێكار و هه‌ژار كه‌وتوون. له وڵاتان حكومه‌ت په‌نا ده‌باته به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی قه‌رزدار بکات بۆ ئه‌وه‌ی بژێوی ئه‌وانه‌ش ده‌سته‌به‌ر بكات كه له كه‌رتی تایبه‌ت و بازاڕ كارده‌كه‌ن و مووچه‌خۆر نین. کەچی حکومەتی هه‌رێمی کوردستان مووچه‌ی ئه‌وانه‌شی پێ‌نادرێت كه مووچه‌خۆری حكومه‌تن.
حكومه‌ت بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قه‌یرانه چی ده‌كات؟ چاوه‌ڕوانیكردنی ئه‌وه‌ی به‌غدا ده‌ستی بگرێت، به دڵنیاییه‌وه وا ده‌كات بێشێوو سه‌ر بنێته‌وه. دروستكردنی ئومێد به هه‌نگاوه كیسهڵئاساكانی جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی چاكسازی، وه‌همێكه ده‌یگه‌یه‌نێته سهراب. رۆژ له‌دوای رۆژ باری ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك خراپتر ده‌بێت، مامه‌ڵه‌كردنی خوێنساردانه‌ی ناوه‌نده‌كانی بڕیار له كوردستان له به‌رانبه‌ر ئه‌م دۆخه سه‌خته‌ی ئابووریدا كوردستان رووبه‌ڕووی مه‌ترسیی زۆر گه‌وره‌تر ده‌كاته‌وه. ده‌یان رێگە هه‌بوون و ئێستاش كه‌ناڵی جۆراوجۆر هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت به‌رپرسیارێتیی بخاته ئه‌ستۆی خۆی و خه‌ڵك له‌و مه‌ینه‌تییه رزگار بكات كه ئێستا مه‌ترسییه ئابوورییه‌كانی و ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌گه‌ر به ئه‌ندازه‌ی لایه‌نه ته‌ندروستیه‌كه مه‌ترسیدار نه‌بن، كه‌متریش نین، به‌ڵام به‌م شێوه‌یه‌ش نامێنێته‌وه و زۆر خراپتر ده‌بێت.
له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی كۆرۆناوه زۆر ناوه‌ندی ستراتیجی هوشیاریی ئه‌وه‌یان بڵاوكرده‌وه كه ئه‌م ڤایرۆسه مه‌ترسییه‌كانی بۆ سه‌ر كه‌رتی ئابووری ده‌گۆڕێت، به‌و هۆیه‌وه به‌شێك له حكومه‌تی وڵاتان پلانی دوورمه‌ودایان داڕشت كه دڵنیایی ئه‌وه‌یان بداتێ بۆ چه‌ندین ساڵ نه‌هێڵن كاریگه‌رییه‌كانی بگاته سه‌ر هاوڵاتییه‌كانیان. لای ئێمه چیمانكرد؟ كامه‌یه پلان و به‌رنامه‌ی رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ئه‌م قه‌یرانه؟ زۆر كه‌سی شاره‌زا هاتنه ده‌نگ و پێشنیاز و به‌رنامه‌ی جۆراوجۆریان خسته‌ڕوو تا حكومه‌ت بتوانێت له چۆنیەتیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ لێكه‌وته ئابووریه‌كانی له‌سه‌ر كوردستان كه‌ڵكیان لێببینێت، به‌ڵام له راستیدا ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی گیراونه‌ته‌به‌ر و كراونەته كردار هیچ ئاماژه‌یه‌كی دڵخۆشكه‌ریان ده‌رنه‌خستووه كه كوردستان له‌مه زیاتر به‌رگه بگرێت.
هه‌موو كه‌س دركی به‌وه ده‌كرد سه‌ره‌تاییترین شتێك حكومه‌ت بیكات ده‌بێت به‌شی ئه‌وه پاره‌ی یه‌ده‌کی بكه‌وێته ده‌ست کە بەلای كه‌مەوە بۆ شه‌ش مانگ وه‌ك دۆخێكی كاتی به‌رچاوی روونبێت له‌وه‌ی نه‌هێڵێت ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك تێكبچێت. پێشنیازی جۆراوجۆر هه‌بوون به‌وه‌ی به‌شێك له به‌رپرسیارێتی بخاته ئه‌ستۆی ئه‌و سه‌رمایه‌داره ههڵتۆقیوانهی له‌سه‌ر حیسابی دادۆشینی كوردستان بوونه‌ته ملیاردێر کە بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یران یه‌كی بڕێك پاره وه‌ك باج لێیان وه‌ربگرێت كه زه‌مینه‌ی رای گشتی بۆ پشتیوانیی حكومه‌ت له گرتنبه‌ری رێكارێكی له‌م جۆره‌دا زۆر له‌بار بوو، کەچی حكومه‌ت ئه‌مه‌ی نه‌كرد.
پاره‌ی خه‌ڵك له‌لایه‌ن چه‌ند به‌رپرسێكی حكومییه‌وه به قه‌رز درابوون چه‌ند كۆمپانیا و سه‌رمایه‌دارێك، هاواری زۆر كرا کە تا زووه لێیان وه‌ربگیرێته‌وه. حكومه‌ت ئه‌مه‌شی نه‌كرد. پاره‌ی حكومه‌ت و هاووڵاتییان له بانكه‌كان بوو و وه‌ك مه‌لا به‌ختیار ئاشكرایكرد خرانه ژێر زه‌مینه‌كانه‌وه و ئاوه‌وئاو چوون كه ئاشكرایه لای كێن. حكومه‌ت هیچ رێكارێكی بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌یان نه‌گرته‌به‌ر. پاره‌یه‌كی زۆر له كه‌ناڵی جۆراوجۆره‌وه برابوونه ده‌ره‌وه‌ی كوردستان، داواكرا حكومه‌ت رێكار بۆ گێڕانه‌وه‌ی لای كه‌می بگرێته‌به‌ر. ئه‌مه‌شی نه‌كرد.
له‌به‌رانبه‌ر هه‌رزانفرۆشیی نه‌وتدا له رێگه‌ی بۆریی نه‌وتی كوردستان-جه‌یهانه‌وه چه‌ند پاڵاوگه‌یه‌كی ناوخۆیی و كارگه‌كانی چیمه‌نتۆ و ئاسن ئاماده‌ییان ده‌ربڕی دووقاتی ئه‌و نرخه‌ی له بازاڕ ده‌یفرۆشن، ئه‌وان وه‌ك هاوكارییه‌ك به‌شێك له‌و نه‌وته به گرانتر له حكومه‌ت بكڕن. بەڵام حكومه‌ت ئه‌مه‌شی نه‌كرد. پێشنیازی جۆراوجۆر هه‌بوون بۆ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی بازاڕ و دروستكردنه‌وه‌ی جووڵه‌ی بازرگانی و ئابووری، وه‌ك ده‌رفه‌تێك بۆ رزگاركردنی خه‌ڵك له بێكاری و هه‌ژاری، حكومه‌ت ئه‌مانه‌شی نه‌كرد. هاواری زۆر كرا بۆ رێگری له‌و تاڵانی و بهههدهرچوونانهی له ده‌روازه سنوورییه‌كان و كێڵگه نه‌وتییه‌كان رووده‌ده‌ن. بۆ ئه‌مه‌ش هیچی نه‌كرد؟ پێشنیاز خرایه‌ڕوو به‌شی زۆری داهاتی نه‌وت بۆ كۆمپانیای سیكیوریتیی ئه‌هلی ده‌ڕوات و له‌بری ئه‌وه پۆلیسی ناوخۆ ئه‌و ئه‌ركه بگرنه ئه‌ستۆ تاوەکو داهاته‌كه‌ی بۆ حكومه‌ت بگه‌ڕێته‌وه. بۆ ئه‌مه‌ش هیچی نه‌كرد. ئه‌ی پێم ناڵێن حكومه‌ت ده‌یه‌وێت چی بكات و چۆن رووبه‌ڕووی قه‌یرانی دارایی و ئه‌و مه‌ترسی و لێكه‌وتانه‌ی ببێته‌وه كه روویان له كوردستان كردووه؟
ئایا هه‌ر به‌م شێوه‌یه ده‌یه‌وێت ژیان و حوكمڕانییه‌كه‌ی به‌رده‌وام بێت وه‌ك تاكه نموونه‌یه‌ك له جیهاندا كه حكومه‌ت هیچ باجێك نه‌دات و به باجدانی خه‌ڵكه‌كه‌ی بیه‌وێت به‌سه‌ر كۆرۆنا و لێكه‌وته ئابورییه‌كانیدا سه‌ربكه‌وێت؟ تازە بۆ هەندێک رێگەی دیکە درەنگە. تاوەکو ئەمەشیان تێنەپەڕیوە، ئه‌گه‌ر ئه‌وه راسته كه حكومه‌ت 27 ملیار دۆلار قه‌رزاره، وه‌ك ده‌گوترێت كه‌س نازانێت بۆچی قه‌رزاره، بڕۆ هیچ نه‌بێت سێ ملیار بۆ خه‌ڵك قهرزبكه با حیسابه‌كه رێكببێتهوه. هیچ نه‌بێت خه‌ڵك ده‌زانن ئه‌م قه‌رزه‌یان بۆ مووچه‌ی مووچه‌خۆرانه.