عارف قوربانی

عارف قوربانی

عیراقی عەرەبەکان

بەپێی بڕیاری کۆمەڵەی گەلان کە لە کۆتایی ساڵی 1925 چارەنووسی ویلایەتی موسڵ و باشووری کوردستانی بە عیراقەوە بەستەوە، دەبوو دەوڵەتی تازە دامەزراوی عیراق نیشتمانی هاوبەشی کورد و عەرەب بێت. هەروەها بەپێی رێککەوتنی نێوان عیراق و بەریتانیا لەهەمان ناوەندی ئەوکاتی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی عیراق لەژێر ئینتیدابی بەریتانیا دەربچێت، مافی کورد و هاوبەشییان لە بەڕێوەبردنی وڵات مەرجێکی سەرەکی ئەو پەیماننامەیە بووە.
 
لە ناوخۆی عیراقیشدا لە یەکەم ئاڵوگۆڕی سیستەمی پاشایەتی بۆ کۆماری، دەستووری عیراق پابەندێتی ئەوەی بۆ حوکمڕانانی وڵات دروستکردووە کە عیراق لە هەردوو گەلی کورد و عەرەب پێکهاتووە. لە دەستووری هەمیشەیی عێراق لەدوای رووخانی سەددام، رێوشوێنی مافەکانی کورد و سیماکانی هاوبەشی لە بەڕێوەبردن زیاتر رەنگی داوەتەوە. بەڵام هیچکام لەم پابەندێتییە نێودەوڵەتی و دەستوور و ڕێسا ناوخۆییانەی عێراق نەیانتوانیوە نەک دەرگایەک بۆ هاوبەشی کورد لە عیراق بکەنەوە، بەڵکو بەهەموو ئەمانەش نەتوانراوە رێگە لەوە بگیرێت عیراق سیمای عەرەبی نەگرێت.
 
تەماشای مێژووی سەت ساڵی رابردووی دامەزراندنی ئەم دەوڵەتە بکەیت لە دروستبوونییەوە بۆ ئێستا، زۆر ئاماژەی روون دەبینیت کە عیراق وەک وڵاتی عەرەب لە ناوەندە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان دەرکەوتووە، لە ئەندامێتی لە کۆمکاری عەرەبی، لە هەوڵەکانی سەددام لە ئەنجوومەنی هاریکاری عەرەبی، لەو بیرۆکانەی هەبوون بۆ یەکخستنی وڵاتانی عەرەب و ..... هتد.
 
دوای کەوتنی سەدام و بەشداریی کورد لە بونیادنانەوەی عیراق، دوای ئەوەی دەستوورێک نووسرایەوە کە جۆرێک دڵنیایی ئەوە دەستەبەر بکات کە عیراق سیما و خەسڵەتی هاوبەشی هاونیشتمانییەکانی بێ، بەڵام لەم قۆناخەشدا نەک نەتوانرا سیما عەرەبییەکەی داماڵدرێ، بەڵکو سیمای مەزهەبیشی بەسەردا بڕا.
 
ئەگەر پێشتر عیراق، عیراقی عەرەبی سوننە و بەشێک لەو جەمسەربەندییە عەرەبییەی وڵاتانی سوننەی عەرەب بووبێ، دوای 2003 عێراق بووە وڵاتی عەرەبە شیعەکان و بەشێک لە جەمسەربەندی شیعە لە ناوچەکە. لێرەشدا کورد وەک بەشێکی سەرەکی پێکهاتەی وڵاتەکە جارێک بەهۆی سیما عەرەبییەکەی عیراق و جارێکی دیکەش بەهۆی سیما مەزهەبییەکەی عیراقەوە، لەم قۆناخەشدا سڕایەوەو نەیتوانی بەو هەموو هەوڵ و رۆڵانەی لە عیراقدا گێڕای، ببێتە بەشێک لە سیمای وڵاتەکە، یان هیچ نەبێ ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی رێگە لە سیمای عەرەبیبوونی عیراق بگرێت.
 
ئێستا هەست بەوە دەکرێت وڵاتانی رۆژئاوا ، ئەمریکاو ئەوروپا جارێکی دیکە لە هەوڵی ئەوەدان خولێکی دیکەی دەوران بە عیراق بدەنەوە، بەڵام نەک بۆ ئەوەی سیما عەرەبییەکەی کاڵ بکەنەوە، بەڵکو ئامانجە سەرەکییەکە دەرهێنانی عیراقە لەژێر هەژموونی ئێران و دوورخستنەوەی عیراقە لە میحوەری ئێران. ئەوەی لە دیداری لووتکەی عیراق - ئەمریکا لەنێوان کازمی و ترەمپ جەختی لێکرایەوە، لە رووکەشدا دوورخستنەوەی عیراقە لە میحوەربەندی هەرێمایەتی، بەڵام جەوهەرەکەی تەنیا هەوڵدانە بۆ دوورخستنەوەی عیراق لە ئێران، نەک بە عێراقیکردنەوەی عیراق. ئەوەتا بەدیوێکی دیکەدا عیراق دەبەسترێتەوە بە میحوەرێکی دیکەی هەرێمایەتییەوە، کە ئەمجارە سیما عەرەبییەکەی تۆختر دەکاتەوە.
 
ئەوەی ئێستا لە  عیراق بەدیدەکرێت روو وەرچەرخانی خێرای بەلای سعودیە و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، هەروەها ئەو جەمسەربەندییە سێقۆڵییەی لەگەڵ میسر و ئوردن، کە ئەمەریکا ئاراستەی دەکات و هاوکاتە لەگەڵ پرۆژەی رێککەوتنی سەدە کە ترەمپ وەک ستراتیژی نوێی ئەمەریکا بۆ ناوچەکە خستییەڕوو، هەروەها ئەم روو وەرچەرخانەی عیراق کە هاوکاتە لەگەڵ کردنەوەی کەناڵی تازەی پەیوەندی ئیسرائیل بە ناوچەکەوە لە رێگەی ئیمارات و دور نییە لە داهاتووی نزیکیشدا دەرگای وڵاتانی دیکەی کەنداو بۆ ئیسرائیل واڵا بکرێن. 
 
ئەم هاوکێشە تازەیە و گۆڕینی ئاراستەی عیراق بەرەو ئەم جەمسەربەندییە تازەیە ئەوەمان پێدەڵێت ئەم قۆناخەش کە لەدوای سەت ساڵەی تەمەنی عیراقەوە دەستپێدەکات، سیمای عیراق لە جاران تۆختر دەکاتەوە وەک وڵاتی عەرەبەکان و کورد لێرەشدا ناتوانێ لەناو عیراق و لەژێر پەچەی عەرەبیبوونی وڵاتەکەدا هیچ داهاتوویەک بۆ خۆی بونیاد بنێ. پێویستە ئەم وێستگەیە بکاتە دەرفەتێکی دیکە بۆ گەڕان بەدوای دۆزینەوەی سیماو ناسنامە و رۆڵی خۆی لە داهاتووی ناوچەکەدا.
 
ئەگەر سەت ساڵی پێشوو  بەهێزو تواناو وزەو خوێنی لاوەکانی توانی بەرگریی لە پاراستنی ناسنامەکەی بکات، رەنگە داهاتوو بەمانەوەی لەناو عێراقی عەرەبەکان و بەشێک لە میحوەربەندی عەرەبیدا، ئەوەی سەت ساڵی رابردوویشی پێنەکرێت.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan