عارف قوربانی

عارف قوربانی

ئه‌مه‌ی روویدا سه‌ره‌تایه‌

له‌ ساڵانی رابردوویش زۆرجار ئه‌وه‌ روویداوه‌ كه‌ له‌ په‌رله‌مانی عیراق عه‌ره‌به‌كانی سوننه‌ و شیعه‌، سه‌ره‌ڕای بوونی ناكۆكی و كێشه‌ی زۆری نێوانیان، به‌ڵام له ‌به‌رانبه‌ر ماف یان داخوازییه‌كی كورد یه‌كهه‌ڵوێست بوون، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ پرسی كه‌ركوك یاخود بابه‌تێكه‌وه‌ هه‌بووبێت كه‌ به ‌تێڕوانینی ئه‌وان بۆ عیراق هه‌ستیار و چاره‌نووسسازه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان تایبه‌ت به‌ تێپه‌ڕاندنی پڕۆژه ‌یاسای بودجه‌ بۆ ساڵانی 2023 تاوەکو 2025 بینیمان، ده‌ركه‌وته‌یه‌كی نوێ‌ بوو، هه‌ڵوه‌سته‌ی ده‌وێت.

 سه‌رله‌به‌ری ئه‌و به‌ند و بڕگانه‌ی په‌یوه‌ست به‌ هه‌رێمی كوردستانن، وه‌كو ته‌ونی جاڵجاڵۆكه‌ بۆ له‌قاڵبدانی هه‌رێم چاندراوون، پڕن له‌ ته‌ڵه‌ی یه‌ك له‌دوای یه‌ك و رێكاری ده‌ستخستنی پاساو بۆ سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستاندا، گه‌رچی به‌هۆی ناكۆكی و ململانێی ناوخۆیی و لێدوانی ناڕاست و چه‌واشه‌كارانه‌ی هه‌ندێك له‌ په‌رله‌مانتارانی ناو فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان، بۆ ته‌خوینكردنی یه‌كدی و به‌لاڕێدابردنی سه‌رنجی خه‌ڵك، هێشتا به ‌باشی درك به‌و مه‌ترسییانه‌ نه‌كراوه‌، به‌ڵام زۆر نابات له‌ داهاتوودا وه‌كو بۆمبی ته‌وقیتكراو به‌ هه‌رێمدا ده‌ته‌قنه‌وه‌.

 هه‌رچه‌نده‌ خوودی یاساكه‌ پڕه‌ له‌ مه‌ترسی، به‌ڵام مه‌ترسیی گه‌وره‌تر ئه‌و وێنایه‌ بوو كه‌ له‌ په‌رله‌ماندا بینیمان چی رق و كینه‌ و دووژمنایه‌تییه‌ك له‌ هه‌ناوی ئه‌م نه‌وه‌ نوێیه‌ی عه‌ره‌به‌كاندا به‌رانبه‌ر كورد له‌ئارادایه‌. رق له‌ كوردبوون به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كه‌ رێگربوون له‌و بڕگه‌یه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان له‌ پاره‌ی زیاده‌ی نه‌وتی فرۆشراوی هه‌رێم بدرێته‌وه‌. پێشتر ئه‌وه‌یان كردبوو به‌ پاساو و به‌ بنێشته‌ خۆشه‌ بۆچی له‌ (پاره‌ی نه‌وتی به‌سره‌ بدرێته‌ هه‌رێمی كوردستان)، به‌ڵام كاتێك ده‌وترێت ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت له‌وه‌ به‌رزتر بوو كه‌ له‌ یاسای بودجه‌ دیاریكراوه‌، له‌و زیاده‌یه‌ی نه‌وتی كوردستان پاشه‌كه‌وتی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم بدرێته‌وه‌، په‌رله‌مانتارانی سوننه‌ و شیعه‌ پێكه‌وه‌ دژایه‌تیی ئه‌م داوایه‌ ده‌كه‌ن. ده‌بێت تێبگه‌ین كه‌ ئه‌وان به ‌هیچ جۆرێك نایانه‌وێت نه‌ك كوردستان، ته‌نانه‌ت نایانه‌وێت باخه‌ڵی تاكێكی كوردیش ببووژێته‌وه‌.

 به‌پێی ده‌ستووری عیراق زمانی كوردی شانبه‌شانی زمانی عه‌ره‌بی، زمانی فه‌رمییه‌ و وه‌كو سه‌ره‌تاییترین ماف ده‌بێت خوێندنی كوردی بۆ منداڵانی كورد فه‌راهه‌م بكرێت. رق له‌ كورد بوون گه‌یشتووەته‌ ئه‌و ئاسته‌ی له‌ناو په‌رله‌مان كه‌ شوێنی یاسادانانه‌ و ده‌بێت هه‌موو بڕیار و یاساكانی گونجاو بێت له‌گه‌ڵ ده‌ستوور، به‌ڵام كه‌ پێشنیازی گواستنه‌وه‌ی راژه‌ی مامۆستایانی خوێندنی كوردیی كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كان ده‌كرێت بۆ سه‌ر به‌غدا، به‌ سوننه‌ و شیعه‌وه‌ دژی ئه‌وه‌ن به‌غدا مووچه‌ بداته‌ ئه‌و مامۆستایانه‌ی له‌ كه‌ركوك به‌ زمانی كوردی وانه‌ ده‌ڵێنه‌وه‌.

 ئه‌م دوو نموونه‌یه‌ ده‌بێت كورد له‌و خه‌وی غه‌فڵه‌ته‌ به‌ئاگا بهێنێته‌وه‌ و بزانێت چاره‌نووسی كه‌وتووەته‌ ده‌ستی كێ‌؟ بیهێننه‌ پێشچاوی خۆتان ماوه‌یه‌كی دیكه‌ پرسی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور ببرێته‌وه‌ په‌رله‌مان، هه‌ڵوێستی ئه‌مانه‌ چی ده‌بێت له‌سه‌ر سیستمی فیدراڵی، له‌سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان، له‌سه‌ر چاره‌نووسی كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم؟ خۆ ئه‌گه‌ر له‌م خووله‌شدا ده‌ستوور نه‌هێندرێته‌وه‌ به‌ر باس، له‌ داهاتووی نزیكدا پڕۆژه ‌یاسای نه‌وت و غاز ده‌برێته‌ په‌رله‌مان. له‌دوای بڕیاری دادگەی فیدراڵی و ئه‌و رێكارانه‌ی له‌ یاسای نێوبژیوانیی پاریس گیرانه‌به‌ر بۆ رێگریكردن له‌ به ‌بازاڕكردنی وزه‌ی كوردستان، هه‌رێم ستراتیژی سیاسه‌تی وزه‌ و ئابووریی خۆی به‌ستووەته‌ ئه‌و ئومێده‌وه‌ كه‌ بتوانێت له‌ ده‌رچوواندنی یاسای نه‌وت و غازدا ببێته‌وه‌ خاوه‌ن سه‌رچاوه‌كانی وزه‌ی كوردستان، كه‌ ئێستا وا لێی زه‌وت ده‌كرێت.

 ئه‌مه‌ی ئێستا رووده‌دات له‌ به‌غدا له‌ بڕیاره‌كانی دادگەی فیدراڵییه‌وه‌ بۆ هه‌ڵوێستی یاسادانه‌رانی سوننه‌ و شیعه‌ له‌ په‌رله‌مان، ده‌ستپێكه‌ بۆ قۆناخێكی دژوارتر و مه‌ترسیدارتر بۆ كوردستان. ئه‌گه‌ر پێشهات و رووداوی گرنگ له‌ ناوچه‌كه‌ روونه‌ده‌ن و هاوكێشه‌كان وه‌كو ئێستا بمێننه‌وه‌، ره‌نگه‌ ساڵانی داهاتوو شایه‌ت و بینه‌ری كاره‌ساتی گه‌وره‌ بین.

 ده‌بێت راستییه‌كیش فه‌رامۆش نه‌كرێت له‌گه‌ڵ باڵاكردنی ئه‌و ئاراسته‌ و هزره‌ دووژمنكارییه‌ی به‌رانبه‌ر كورد له‌ به‌غدا له‌ تاوسه‌ندندایه‌، ئه‌وه‌ی وایكردووه‌ به‌ئاسانی هه‌رچییان بووێت به‌سه‌ر كورددا بیسه‌پێنن، به‌شێكی زۆری په‌یوه‌ندیی به‌ خۆمانه‌وه‌ هه‌یه‌. له‌لایه‌ك دابه‌شبوون و به‌ ئامرازبوونیان به‌ده‌ستی هێزه‌ ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ندێک وێستگه‌دا وه‌كو سه‌ربازی شه‌تره‌نج به‌كارده‌برێن، له ‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ هه‌ردوو هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی هه‌رێم ئه‌وله‌ویه‌تیان بووه‌ته‌ نه‌یاریكردنی یه‌كدی و قورساییان خستووەته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستی یه‌كدی بشكێنن. بۆ ئه‌وه‌ش هه‌موو رێگەیه‌كیان گرتووەته‌به‌ر، ته‌نانه‌ت به‌ بنكۆڵكردنی قه‌واره‌ تاقانه‌كه‌ی نزیکەی شه‌ست ملیۆن كوردیشه‌وه‌.

 دوای په‌سندكردنی یاسای بودجه‌ و نانه‌وه‌ی ئه‌و ته‌ڵه‌ ته‌وقیتكراوانه‌ بۆ كوردستان، رۆژانی داهاتوو بینه‌ری مه‌هزه‌له‌ی دیكه‌ش ده‌بین له‌لایه‌ن دادگەی فیدراڵییه‌وه‌. چی ئه‌وانه‌ی پێشتر روویانداوه‌ و ئه‌وانه‌شی له‌ داهاتوودا دێنه‌پێش هیچیان به‌ رێككه‌وت نین، به‌ڵكو به‌شێكن له‌ ستراتیژێكی قۆناغبه‌ندیی خه‌ڵكی دیكه‌ و له‌ شوێنی دیكه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێن.

 كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی بمێنێته‌وه‌ و به‌رگه‌ی ئه‌و سیناریۆ و پێشهاتانه‌ بگرێت كه‌ رووبه‌ڕووی ده‌كرێنه‌وه‌، پێویستی به‌وه‌یه‌ به‌دوای چاره‌سه‌ری په‌رچوئاسادا بگه‌ڕێت، كه ‌هیچ گومانی تێدا نییه‌ ئه‌وه‌ش له‌ توانای كورد خۆیدا نییه‌، ده‌بێت هه‌رێمیش ته‌ره‌فی دیكه‌ بهێنێته‌ ناو هاوكێشه‌كه‌وه‌، چونکە لە بنەڕەتدا ئەو شەڕەی بە کورد و هەرێمی کوردستانی دەگێڕن، عیراق بە تەنها نییە، پڕۆژەکە لەوە فراوانترە. هێزگەلی دیکەی هەرێمی و نێودەوڵەتی تێیدا بەشدارن و ئامانجەکەش پەیوەندیی بە جیۆپۆلەتیکی کوردستان و ناوچەکەوە هەیە.

 لەم هاوکێشەیەشدا راستە کوردستان زەرەرمەندی یەکەمە، بەڵام تەنها کورد نییە کە لە شکستی هەرێمدا زیانمەند بێت. دەبێت سیاسییەکانی هەرێم ئەو رایەڵانە بدۆزنەوە و بیانهێننە ناو هاوکێشەکانەوە.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan