کوردستانی

بەپێی راپرسییەك %53 ی كرێكارانی پارێزگای سلێمانی خاوەن بڕوانامەن

مەودا میدیا - سلێمانی |


بەپێی راپرسییەك %53 ی كرێكارانی پارێزگای سلێمانی خاوەن بڕوانامەن
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

بەپێی راپرسییەكی رێكخراوی دابین، كە بە هاوكاری رێكخراوی نید‌ی ئەمەریكی ئەنجامی داوە، %96 ی كرێكاران ئەندامی سەندیكای كرێكاران نین، %53 شیان خاوەن بڕوانامەن،هەروەها لە %71 یان گرێبەستی كاركردنیان نییە.

ئەمڕۆ 19ی ئابی 2020 لە پاركی نالی شاری سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی راپرسییەك دەربارەی رەوشی كرێكاران لە سنووری پارێزگای سلێمانی خرایەروو.

وەك دینە دلێر، ئەندامی رێكخراوی دابین ئاماژەی پێدا، لە راپرسییەكەدا  450 فۆڕم بەسەر كرێكاراندا دابەشكراوە، كە تەمەنیان 16 بۆ 63 ساڵ بووە، 215  لە رەگەزی نێر بووە، 231 لە رەگەزی مێ بووە،لەو ژمارەیەش  %53 یان خاوەنی بڕوانامەی زانكۆ و پەیمانگا و ماستەرن.

بەگوێرەی راپرسییەكە، كرێكارانی سنووری پارێزگای سلێمانی %71 یان  گرێبەستی كاركردنیان نییە، %89 شیان بەشداری دەستەبەری كۆمەڵایەتی نین، %96 یشیان لە هیچ سەندیكایەكی كرێكاراندا ئەندام نین، %72 شیان زانیارییان لەبارەی یاساكانی تایبەت بە كرێكاران نییە.

بەپێی  دەرئەنجامی ئەو راپرسییە دەركەوتووە "جگە لەوەی كە زۆرینەی كرێكارەكان گرێبەستی كاركردنیان نییە، ئەمەش هۆكار بۆ ئەوەی هەر كات خاوەن كار بیەوێت كرێكارەكە لە كارەكەی دووربخاتەوە، زۆرینەی كرێكاران زیاتر لە هەشت كاتژمێر كار دەكەن، زۆرینەشیان بەشدار نین لە دەستەبەری كۆمەڵایەتی و وەك خۆیان باسیان كردووە باوەڕیان بە دادگا و سەندیكاكان نییە و زۆرینەشیان لەبارەی یاساكانی تایبەت بە كرێكاران ئاگادارنین، ئەمەش هۆكارە بۆ ئەوەی زۆرجار لەلایەن خاوەن كارەكانیانەوە مافەكانیان پێشێل بكرێت".

Qaiwan
Qaiwan