کوردستانی

فراکسیۆنی گۆڕان: دۆخی ئێستای گۆڕان بووەتە مایەی توڕەیی و نیگەرانی خەڵک

مەودا میدیا - سلێمانی |


فراکسیۆنی گۆڕان: دۆخی ئێستای گۆڕان بووەتە مایەی توڕەیی و نیگەرانی خەڵک
مەودا میدیا-

فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت جارێکی دیکە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بردەوە بۆ بڕینی موچەی مووچەخۆرانی هەرێم، ئاماژەی بەوەشکرد ئەوەی جێگای نیگەرانییە ئەو بەشدارییە شەرمنانەیەی ئێستای گۆڕانە لەم دەسەڵاتە شکستخواردووەی هەرێم و دەستەوەستان و بێدەنگیی نوێنەرەکانێتی لەناو حکومەتدا لە بەرامبەر ئەجێندا دژە خەڵکەکەی دەسەڵاتی هەرێم. 

لە راگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت "وا بۆ جارێکی تر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای ناردنی 320 ملیار دینار لە بەغدا و سەرباری فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ بێ ناردنی یەک دینار و یەک بەرمیل نەوت بۆ بەغدا، جارێکی تر دوای دواکەوتنی زیاتر لە چل ڕۆژ، دەستی بردەوە بۆ بڕینی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، هەروەها هەموو ئەمانەش لە کاتێکدایە کە تا ئێستا نە داهاتی نەوت، نە داهاتی ناوخۆی هەرێم (داهاتی دەروازە سنورییەکان و باج و رسومات) شەفاف نین و، بەپێی زانیارییەکانمان هەریەک لەم داهاتانە زۆر زیاترن لەو بڕەی راگەیەندراوە.".

ئاماژەی بەوەشکرد "دەسەڵاتی هەرێم بە هۆی بەردەوام بوونی لە هەنگاوە چەوتەکانی رابردووی نەک هەر ناتوانێ ئەرکەکانی بەرامبەر هاونیشتیمانیان جێبەجێ بکات، بەڵکو پێگەی سیاسی و دەستوریی هەرێمی لە عێراق و بەرامبەر دراوسێکانی تا ئاستی وابەستەیی لاواز کردوە، دڵنیاشین بەم شێوەی ئێستای و بێ راست کردنەوەی هەڵە کوشندەکانی، هەرێم ناتوانێ ڕێکەوتنێکی دور مەودا و یەکجاری لەگەڵ بەغدا بکات کە لە بەرژەوەندیی خەڵک دابێت، ئەوەی جێگای نیگەرانیی قوڵی ئێمە و جەماوەرە دڵسۆزەکەمانە، ئەو بەشدارییە شەرمنانەیەی ئێستای گۆڕانە لەم دەسەڵاتە شکستخواردوەی هەرێم و دەستەوەستان و بێدەنگیی نوێنەرەکانێتی لەناو حکومەتدا لە بەرامبەر ئەجێندا دژە خەڵکەکەی دەسەڵاتی هەرێم".

ئەوەشخراوەتەڕوو "ئەم دۆخەی ئێستای گۆڕان جا چ لە تەقلیدی کردنەوەی کەرەستەکانی حیزبایەتی و گوتارە رەسمییەکەی و، چ لە شێوازی بەشداریی لە دەسەڵات، بوەتە مایەی نیگەرانی و توڕەییەکی گەورەی جەماوەری ناڕازی کە جاران پشتیوانی سەرەکی بون لێی. هەمو ئەمانەش بونەتە هۆی ئیحراجییەکی گەورەی ئێمە بەرامبەر بە دەنگدەرانمان".

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئەمانە هاوکاتن لەگەڵ داخورانی شەرعییەتی دامەزراوەکانی بڕیاردانی گۆڕان لە ئەنجامی دواخستنی بەردەوامی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و کۆنفڕانسی نیشتیمانیی گۆڕان".

لێرەوە و لە روانگەی بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر خەڵکی کوردستان و جەماوەری ناڕازی و گۆڕانخوازان، داوا دەکەین کە:

1-بە زووترین کات گۆڕان لەم بەشدارییە بێکاریگەریەی لە دەسەڵات بکشێتەوە و روبکاتەوە جەماوەرەکەی و، لەگەڵ سەرجەم هێز و کەسایەتییە چاکسازیخوازەکانی دیکەی هەرێم، دژی بێدادی و بەردەوامیی گەندەڵی و سەروەرنەبونی یاسا فشاری جدی دروست بکەنەوە. 

2-بە زوترین کات لەڕێی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی، شەرعییەت بۆ سەرجەم ئۆرگانەکانی گۆڕان بگەڕێنرێتەوە و نوێ بکرێنەوە. هەروەها لەڕێی ئەنجامدانی کۆنفڕانسی نیشتیمانی دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان، گۆڕان کێشە گشتی و تایبەتییەکان بخاتە ناو گفتوگۆی ئەندام و دڵسۆزانی و، جارێکی تر بە گوڕوتینێکی نوێوە درێژە بە ئەرکە سەختەکانی لە هەرێمی کوردستان بدات. 

س.س
Qaiwan
Qaiwan