راپۆرت

گەنجانی رانیە بەكۆمەڵ كتێب دەخوێننەوە و بیرۆكەی نوێ دەدۆزنەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


گەنجانی رانیە بەكۆمەڵ كتێب دەخوێننەوە و بیرۆكەی نوێ دەدۆزنەوە
مەودا میدیا- دێرین رەسوڵ

گەنجانی شاری رانیە جیاوازتر لەهەموو شوێنێک بیرۆکەی نایاب هەڵدەگرن، لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەرەنتینەدا دوور لە هەواڵەکانی تووشبوون و گیانلەدەستدان، ئەوان بۆ ئەوەی کاتەکانیان بێ سوود تێنەپەڕێت پڕۆژەی بە کۆمەڵ خوێندنەوەی کتێب ئەنجامدەدەن، لەو پڕۆژەیەدا کۆمەڵێک گەنج لەکاتێکی دیاریکراودا لەگەڵ جێبەجێکردنی رێنماییەكانی تەندروستی کۆدەبنەوە و کتێب دەخوێننەوە و پاشان قسە لەسەر ناوەڕۆکی کتێبەکە دەکەن.

هۆكار جەبار

هۆكار جەبار، خاوەنی بیرۆکەی بە كۆمەڵ خوێندنەوەی كتێبە لە رانیە، لە لێدوانێكیدا بە مەودا میدیای وت "بێگومان هۆکاری سەرهەڵدانی بیرۆکەیەکی لەم شێوەیە دەگەڕێتەوە بۆ گرنگی خوێندنەوە و ئەو هێزە شاراوەیەی کتێب لە ناوەڕۆکی خۆیدا هەڵیگرتووە".
وتیشی "خوێندنەوە لای تاکی کورد نەبووەتە دیاردە، بەڵکو بەپێچەوانەوە وەک ئامرازی کات بەفیڕۆدان لای زۆرێکیان سەیر دەکرێت کە ئەمەش بەداخەوە دەبێتە هۆی تێنەگەیشتنی خوێنەر لە کتێب و نزمی ئاستی رۆشنبیری و بەرەوپێش نەچوونی کۆمەڵگا".

"دوای خوێندنەوە، گفتوگۆ لەسەر كتێبەكە دەكەین"
دەربارەی وردەکاریی پڕۆژەکە، هۆکار جەبار دەڵێت "ژمارەیەك گەنج بەشداربوونە لەو پڕۆژەیە و بەردەوامن لە خوێندنەوە، لەلایەکی تریشەوە رێکخراوی ئەنجومەنی گەنجانی کوردستان بازنەی راپەڕین وەک هاوکارییەک و هاندانێک کتێب بۆ بەشداربووانمان دابیندەکەن ئەگەر ژمارەی خوێنەر دوازدە کەس بێت، ئەوا دوازدە کتێبیان پێدەدرێت لە هەمان جۆر، پاشان دوو هەفتە مۆڵەتیان پێدەدرێت تاوەکو کتێبەکە بخوێننەوە و دیراسەی بکەن دوای تەواوبونی دوو هەفتەکە کاتێک دیاری دەکرێت بۆ ئەوەی ئەندامان لە شوێنێک کۆببنەوە و راوبۆچوونی خۆیان دەربارەی کتێبەکە پێشکەش بکەن، بەم شێوازە گفتوگۆیەکی سودبەخش لەنێوان خوێنەراندا دروست دەبێت و کاتێکی پڕ لە دەستکەوت و بەدەستهێنانی زانیاری بەیەکەوە بەڕێدەکەن".

ئەوین ئەحمەد

"پرۆژەكە سوودی زۆرە"
ئەوین ئەحمەد، یەکێکە لە بەشداربووانی پرۆژەی بە كۆمەڵ خوێندنەوەی كتێب ئاماژە بەوە دەکات کە سودێکی زۆری لەو پرۆژەیە بینیوە و دەڵێت "بیرۆکەی ناوازە لەو پرۆژەیە وەردەگرم و پاش خوێندنەوەی کتێبەکان شتە گرنگەکانی ناو کتێبەکە لای خۆم دەنووسمەوە و شتە گرنگەکان لای خۆم دەهێڵێمەوە و پاشان لەگەڵ هاوڕێکانم گفتوگۆی لەسەر دەکەین و بیروڕا ئاڵوگۆڕ دەکەین لەسەر ناوەڕۆک و پەیامی کتێبەکان".

"بە دەنگی زۆرینە كتێیەكان بۆ خوێندنەوە دیاری دەكەین"
سەبارەت بە جۆری کتێبەکان ئەوین دەڵێت "زیاتر بابەتی کۆمەڵایەتی و فکری و رۆشنبیرین، هەر کتێبێک بمانەوێ بیخوێنینەوە بەپێی هەڵبژاردن و رای زۆرینە دەستنیشانی دەکەین و گفتۆگۆی لەبارەوە دەکەین".

خ.غ



Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

چینی ئۆزۆن

لەلایەن نەرمین عوسمان



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان