چاوپێكەوتن

ژنێک، لەنێو بەرداشى خێزان و خەباتدا

مەودا میدیا - سلێمانی |


ژنێک، لەنێو بەرداشى خێزان و خەباتدا
مەودا میدیا- 

ژیانی ژنێکی تەنیا و بەرپرسیاریەتی بەرانبەر ئەرکی پەروەردەکردنی منداڵ و تەحەدای کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو، کارێکی ئاسان نییە، ئەو رێگایەش کە دەبێ بیبڕێ تەنگ و بەردەڵان و دوور و درێژە، هێزێک و توانایەکی پۆڵاینی دەوێ، خاتوو شیرین محمود لە تەمەنی گەنجییەوە ئەو رێگایەی هەڵبژارد کە ئەرک و بڕینی رێگا سەختەکەیە.

پشتبەستن بە خۆ هەڵیبگری و بیبڕی، ژیان بۆ ئەو خاتوونە ئاسان نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا بە سەرکەوتوویی توانی بیبڕێ و جێگایەکی شایستە  بۆ خۆشی دابین بکات و وەفاداربێ بۆ ناوی شەهیدەکەی.

خاتوو شیرین مەحمود ساڵح لەدایکبووی ساڵی 1966ی شاری سلێمانییە لە چوارباخ، لە خێزانێکی ئاسایی لەدایکبووە، باپیری خەڵکی سۆڵەی لای دێلێژە ژیاوە و هاتووەتە سلێمانی، دایکی کچە شێخ بووە، یەکەم منداڵی خێزانەکەیەتی، باوکی لە ساڵانی حەفتاکان دەبێتە کارمەندی وەزارەتی کشتوکاڵ و دەیگوێزنەوە بۆ هەولێر و لەوێ دەچێتە بەر خوێندن، دوای هەرەسی شۆڕش 1975 دەگەڕێنەوە بۆ سلێمانی، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی تەواو دەکات و دەچێتە پەیمانگای مامۆستایان، باوکی ئەندامی حیزبی شیوعی بووە و کاریگەریی لەسەریان هەبووە، کتێب و شیعری نەتەوەیی بۆ خوێندونەتەوە وە بووەتە هاندەرێک بۆیان بۆ ئەوەی ئارەزووی خوێندنەوەی کتێب پەیدا بکەن، لە ساڵی 1985- 1986 بڕوانامەی پەیمانگا بەدەستدەهێنێ و هەر لە منداڵییەوە خولیای نووسین و شیعری هەبووە، لە ساڵی (1980) پەیوەندی کردووە بە ریزەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان و چووەتە حەڵقەی رۆشەنبیرییەوە، لەوێیش دەیان پرسیاری لا دروست دەبێ و زۆریش چالاک بووە.
 
"باوكم دەترسا بكەومە دەست دوژمن"

خاتوو شیرین گێڕایەوە وتی "خەڵکێکی زۆریان پێناساندبووم، هەتا 
جارێکیان باوکم وتی خەمی ئەوەم نییە کاری سیاسی دەکات، بەس دەترسم بکەوێتە دەستی دوژمن و ئەو هەموو خەڵکە دەناسێ و خۆڕاگر نەبێ"
. وتیشی "یەکەم پەیوەندیشم لەڕێگای خزمێکمەوە بوو کە لە ریزەکانی پێشمەرگە بوو لە دەرەوە و یەکەم کۆبوونەوەشم لەگەڵ کاک سوهام بوو لە دێلێژە کە رابەری سیاسی بوو، هەر بەردەوام بووم بەهۆی كەمیی تەمەنمەوە لە حەڵقەی رۆشنبیری ساڵێک مامەوە و دوای ئەوە تاقیکردنەوەیەکیان بۆ کردم و بووم بە ئەندام، تا ساڵی 1983 لە پۆلی شەهید نەبەز لە کەرتی مەلا عەلی بووم، لە کۆتاdی 1983 کاک بەرزان ئەحمەد کوردە بوو بە بەرپرسم.

دوای ئەوە چووم بۆ کەرتی شەهید لەیلا و گێلاس خان بەرپرسمان بوو، هیچ رۆژێک دانەبڕاوم، لە کاتی خۆپیشاندانەکان بەشداریی چالاکییەکانم دەکرد، بە هەڵواسینی پۆستەر و بەیانەکان، ئەو کاتەی کە لە ناوەندی بووم ست جەمیلە بەڕێوبەرمان بوو رێگای بۆ خۆشدەکردین، دوای ئەوەش چەند خۆپیشاندانێک خۆم سەرپەرشتیم دەکرد، بەڵام کاتێ لە پەیمانگای مامۆستایان بووم، بەرپرسی حیزبی بەعس و جێگری بەڕێوبەریشمان بە هەردووکیان بە قژ راکێشان رایاندەکێشام و کەوتمە سەر قادرمەکان و دوو پەراسویان شکاندم، هەندێ جار خوێندکارەکانیان کۆدەکردەوە و دەیانبردنە (عوجە) كە جێگای لەدایکبوونی سەدام حسێن بوو بۆ مەراسیمی بەعسییەکان من هەرگیز نەچووم، جارێک بەهۆی نەچوونم یەک هەفتە فەسڵیان کردم لە پەیمانگا، دوای ئەوەش لە ئەمنی سلێمانی بانگیان کردم و کەوتنە لێکۆڵینەوە لەگەڵمدا، لە تاوا بەڵگەی درۆم بۆ هێنانەوە، ئەو سێ ساڵەی پەیمانگا بە (30) ساڵ رۆیشت لام، کاتی دەرچوونم لە پەیمانگا و بەدەستهێنانی بڕوانامە لە قەڵادزە دامەزرام، فایلەکەمیان بۆ ئەوێ ناردبوو، لەوێش یاریدەدەری بەڕێوەبەرەکە خەڵکی شاری موسڵ بوو، هەرچەندە بەعس بوو، بەڵام پیاوێکی باش بوو، کە فایلەکەمیان بینی بوو، ئەو پیاوە بانگی کردم وتی شیرین فریای خۆت بکەوە، جارێ مۆڵەت وەربگرە و خۆت بگوێزەوە ترست لەسەرە، لەوێ نامەیەکم بۆ کاک نەوشیروان نووسی کە پێویستە بچمە دەرەوە پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە بکەم و ژیانم لە مەترسیدایە، بەڵام لە وەڵامی نامەکە وتیان لە شار بمێنەوە پێویستیمان پێتە لەوێ بی.

لەگەڵ هاوبیرێكی خۆی هاوسەرگیریی كرد

شیرین خان لە درێژەی وەڵامی پرسیارەكانمدا گێڕایەوە و وتی "لە ساڵی 1987 هاوسەرگیریم کرد لەگەڵ (شەهید عەلی حسێن محەمەد) کە هاوبیری خۆم بوو و یەکەمجار لە ماڵی پەروینی کاکە حەمە یەکترمان بینی، باوکمان برای شیری بوو ئەوانیش لە رێكخستندا بوون، لەگەڵ شەوقیەی کاکە حەمەش لە کەرتی شەهید لەیلا بەیەکەوە بووین، هەروەها کاک تەحسین قادریش بەرپرسی هەموومان بوو، ئەوکاتەی کە دەستگیرانداربووم بە شەهید عەلیم وت کە مەترسیم لەسەرە، لەڕێگای پورزایەکییەوە کە سەرپەرشتیار بوو گواسترامەوە بۆ سلێمانی، ئەو ماوەیەی کە لە سلێمانیش بوو زوو زوو بانگ دەکرام بۆ دەزگا ئەمنییەکان.

تا راپەڕین (6) شەش خوێندنگام کرد بۆ ئەوەی بتوانم خۆم ونبکەم لەدەست رەفیق حیزبییەکان، هەر لە ساڵی 1987 هاوسەرگیریمان کرد دوای (6) شەش مانگ دەستگیرانی، دوو کچم بوو بەدوای یەکدا (1989-1990) ئەو دوو ساڵەم کرد بە مۆڵەتی بێ مووچە ئیتر رزگارم بوو لەدەست ئەمن، بەڵام لە کاری رێکخستن نەوەستام و بەردەوام بووم، لەو ماوەیە دوو جار کاک تەحسین قادر گیرا، پێش ئەو بەشێک لە ئەندامانی رێکخستنی سلێمانی ئاشکرا بووبوون، بۆیە ئێمە لە ماڵەکەی خۆمان نەماندەتوانی بمێنینەوە، هەر رۆژە لە ماڵێکدا گوزەرانمان دەکرد.

پێش راپەڕین ئێمەیان ئاگادار کردبووەوە، کۆبوونەوە لە ماڵی ئێمە دەکرا بۆ چۆنیەتی ئامادەکاری بۆ راپەڕین و چۆنیەتی پەلاماری ئەمنە سوورەکە و دەربازکردنی هاوڕێکانمان لە زیندانی ئەمنە سوورەکە کە یەکیان لەوانە کاک تەحسین قادر بوو.

خاتوو شیرین گێڕایەوە وتی باوکم زۆر پشت و پەنامان بوو هەر کۆمەکێکیان کۆ بکردایەتەوە، دەیخستە پشت سەیارەکەی و لەگەڵمدا دەهات و دەمانگەیاندە شوێنی مەبەست و دیاریکراو، دایکیشـم مووچەی نەبوو باوکم خەرجی رۆژانەی ماڵەوەی دەدایە، ئەویش شتێکی لادەدا بۆ ئەوەی بیدا بە پێشمەرگە، هەموومان لەناو رێکخستن بووین و کارمان دەکرد، چەند جارێک پێشمەرگەی بریندارمان لە ماڵی خۆمان دەهێشتەوە بۆ چارەسەرکردنیان، یان دەمانەوە لە ماڵی ئێمە، شەوێکیان پێشمەرگە هاتبوونە ناو شار بۆ چالاکی یەکێکیان لێیان دابڕابوو و برینداربوو، دوای دوو رۆژ باوکم بە ئۆتۆمبێلەکەی بردی نە بە ئێمەی وت و نە وتیشی بۆ کوێی بردووە بۆ سەلامەتی هەموو لایەک بوو.

شیرین خان باسی راپەڕینیش دەكات

لە گێڕانەوەی یادەوەرییەكانی راپەڕیندا شیرین خان دەڵێت "کە راپەین بوو ئەو رۆژەی کە بۆ سلێمانی دانرابوو، رۆژێ زووتر دەستیپێکرد، شەهید عەلی لەگەڵ رێکخستنی ناوشار خۆیان ئامادەکرد و رۆیشتن، لە یەکەم رۆژی هەڵمەتی پەلاماری دامودەزگاکانی بەعس بەشدار بوو و شەوەکەی بۆی باسکردم چییان کردووە، من نەمدەتوانی لەگەڵیان بەشداربم بەهۆی ئەوەی کە ساباتی کچم تەمەنی شەش مانگان بوو، بۆی باسکردم کە چۆن (مەقەڕی حگین) کە ئێستا جێگای مەڵبەندە گرتوویانە و شەهید عەلی یەکەم کەس بووە دەرگاکانی کردووەتەوە، وا بەڵێن بوو چەکیان بۆ بێنن، بەڵام چەکەکان نەگەیشتن خۆیان لەو مەقەری بەعسییە هەندێ چەکیان گرتبوو و شەڕیان پێکردبوو، وتیشی لە یەکەم رۆژدا نەیانتوانی بوو ئەمنە سوورەکە بگرن و ترسا بوون ئەگەر هەڵمەتی تووندبێ ئەوا بەعسییەکان برادەرەکانیان لەناو زیندان بکوژن، ئیتر رۆژی دووەم بەیانییەکەی چوونە سەر ئەمنە سوورەکە و پەلاماری بدەن و هاوڕێکانیان دەرباز بکەن، چونکە دڵنیا بوون یەکێ لە هاوڕێکانیان کاک تەحسین قادرە و ماوە و لەناو ئەو زیندانەیە، کاتی رۆیشتن من چاوەڕێ بووم بگەڕێتەوە ماڵەوە و پەرۆشبووم هەواڵی تازەی راپەڕینم بۆ بێنێ، نە ئێوارە و نە شەو نەگەڕایەوە ئەو رۆژە 8/3/1991 بوو، شەو لەگەڵ برای شەهید عەلی کەوتینە گەڕان بە کۆڵانەکان لە ترسی ئەوەی نەوەک برینداربێ و لەو کۆڵانانە کەوتبێ و کەس فریای نەکەوتبێ، شار کش و مات بوو ترس کۆڵانەکانی پڕ کردبوو، ئیتر لەگەڵ شوبراکەم چووینە ماڵی وەستا حەسەن، خێزانەکەی دەرگای لێکردینەوە، سەری بەستبوو و چاوی گریاناوی بوو، لێم پرسی هەواڵی عەلی نازانی ئەم شەو نەهاتووەتەوە، وتی نە بەخوا هیچ هەواڵیان نییە وتم "ئەی وەستا حەسەن؟" وتی ئەویش نازانم، دیسانەوە پرسیم ئەی کاک تەحسین بەربووە وتی وابزانم رەنگە لە ماڵی یاسینی برای بێ، کە چووینە ماڵی کاک یاسین تەنیا تروسکاییەکی روناکی تێدا بوو لە دەرگاماندا لەوێ کاک یاسینمان بینی و کاک تەحسین هاتە دەرەوە لە خۆشیدا باوەشم پێداکرد و هەواڵی عەلیم لێپرسی، لەوە دەچوو هەموویان زانیبێتیان چی روویداوە، بەڵام وتی مەفرەزەیەک بەرەو کەرکوک رۆیشتوون رەنگە لەگەڵ ئەوان چووبێ بۆ رزگارکردنی کەرکوک، ئەم گەڕانە تا نزیک (12)ی شەوی خایاند، گەڕاینەوە ماڵەوە، تا بەیانی خەو نەچووە چاوم، بەیانی کاتژمێر (8) خێزانی شوبراکەم خۆی کرد بە ماڵ ئێمەدا، ئێمە لە سەرەوە دەژیاین و خەسوم لە خوارەوە، بوو بە دەنگە دەنگ بەپەلە هاتمە خوارەوە و پرسیاری عەلیم لێکرد هێوەر ژنەکەم وتی عەلی بریندارە و پرسیم لەکوێیە وتیان لە مزگەوتە، وتم باشە بریندار بۆ لە مزگەوت دەبێ ئیتر زانیم شەهید بووە، رامکرد بەرەو مزگەوت و لەوێ ئیتر زانیم کە عەلی شەهید بووە و کفنیش کرابوو، تەمەنم تەنیا ٢٤ ساڵ بوو دوو منداڵی بچووکیشم هەبوو، لەبەر ئەو دوو منداڵەم بڕیارمدا ژیانم بۆ ئەو دوو منداڵە تەرخان بکەم وئەو رێبازەی کە من و عەلی گرتبوومان وازی لێنەهێنم و بە وەفابم بۆ ناوی ئەو شەهیدە.

لەسەر رێبازی یەكێتی بەردەوامە

لە وەڵامی پرسیارێکمدا سەبارەت بەوەی دوای راپەڕین چۆن کاری حیزبی ئەنجامداوە وتی "
کە مەڵبەندی سلێمانی دامەزرا، دەستم بە ئیشکردن کرد هێشتا رەشی و سوتاوی بە دیوارەکانییەوە مابوو
، وەک ئەندام کەرت کارم دەکرد، لە جاران دڵسۆزتر بووم، چونکە پێیان دەوتم ژنە شەهید، پاراستنی ئەو ناوە بە لامەوە زۆر مەزنە، هەرچەند لە ناخەوە دەکوڵام و ئارەزووم بوو ئەویش ئەو ئازادییە کە لەپێناویدا شەهید بوو بەچاوی خۆی ببینیایە، ئێستاش رۆژی 8/3 دێت لەهەر ساڵێکدا دەزانم ئێستا شەهید بووە "کە ئەم قسەیەی کرد خاتوو شیرین خۆی بۆ نەگیرا و دایە پڕمەی گریان و منیشی لەگەڵ خۆیدا بە گریان هێنا و هەموو ناسۆرییەکانمان بیرکەوتبوونەوە".

خاتوو شیرین دوای وەستانەوەی فرمێسكەكانی بەردەوام بوو لە گێڕانەوەی سەرگوزشتەی ژیانی، ئەو وتی "لە کۆمیتە وەک بەرپرسی کەرتی ژنان و دواتریش کارگێڕی کۆمیتە دوای ئەوە لەسەر بڕیاری کاک عومەر فەتاح هاتمە ناو مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی و لە بەشی رێکخراوە دیموکراتییەکان کارم دەکرد، بەردەوام بووم تا ساڵی 1996 لە کۆنفرانسی مەڵبەندەکان خۆم کاندید کرد و بووم بە ئەندام مەڵبەند.

لە ساڵی(2000) گەڕامەوە بۆ خوێندن و لە کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان/ بەشی راگەیاندن وەرگیرام و لە ساڵی 2006 بڕوانامەی بەکالۆریۆسم وەرگرت ئەو دوو ساڵەش مۆڵەتم وەرگرت بەهۆی باری تەندروستیم و مردنی دایکم.

ئەوانەی هاوکارم بوون لە ژیانی تەنهایم و بەخێوکردنی منداڵەکانم (باوکم و دایکم وخوشکم و براکانم) بوون، وتیان تۆ بڕۆ بچوو بەلای کاری سیاسی و خوێندنتەوە ئێمە منداڵ بەخێودەکەین، لە ساڵی (2005-2006) چوومە مەڵبەندی (21) کە سەرپەرشتی کۆمیتەکانی دەرەوەی شاری سلێمانی دەکرد و درێژەم بە کاری سیاسی خۆمدا، لەو مەڵبەندە لەبەر دڵسۆزییم و مێژووم بڕیارمدا پێ بە پێی پیاوەکان لە هیچ شتێک درێغی نەکەم بە ئۆتۆمبێلی خۆم و لەسەر ئەرکی خۆم دەچوومە هەموو کون و کەلەبەرێک بۆ رێکخستن، کاتێ قەرەداغ بوو بە قەزا داوا لە مەڵبەندی (21) کرا کاندیدەکانیان بۆ قایمقامی قەرەداغ دەستنیشان بکەن و منیش سیڤی خۆمم دا بە مامۆستا مەحمود قەرەداغی، ئیتر بە پشتیوانی هەڤاڵ مام جەلال و سیڤییەکەم بووم بە یەکەم قایمقامی قەرەداغ، ماوەی دوو ساڵ لەوێ مامەوە دوای گۆڕانکارییەکان گەڕامەوە بۆ ناو شار و ناو پارێزگا لەو کاتەی کە کاک عیماد بوو بە بەرپرسی مەکتەبی رێکخستن وەک بەڕێوەبەری نوسینگەکەی کارم لەگەڵیدا دەکرد، لێرەدا دەمەوێ سوپاسی هەریەکە لە کاک عومەر فەتاح و کاک عیماد ئەحمەد و کاک مەلا بەختیار بکەم بۆ ئەو هاوکاریانەی لەوکاتەی قایمقامیەتم پێشكەشیان كردم.

دوای ئەوەی کاک عیماد لە مەکتەبی رێکخستن نەما چوومە بەشی هەڵبژاردن و بەردەوامیم بە کاری خۆمداوە و تا ئێستاش بەردەوامم و ئێستاش لە مەکتەبی رێکخراوەکانم، منداڵەکانیشم زانکۆیان تەواو کردووە.

لە میانەی گفتوگۆکەمان پێموت یەکێ لە شیعرەکانتم بۆ بخوێنەوە، ئەویش ئەم کۆپلە شیعرەی بۆ خوێندنمەوە کە بۆ یادی شەهیدبوونی شەهید عەلی وتووە کە دەکەوێتە رۆژی ژنانی جیهانیی 8ی مارت.

سوێی یادەکان

لە گوڵدانی یادەکانا ئازارەکانم پشکوتوون

یادەکانت هاتن و ئازارەکانی منیش

 سەریان هەڵدا

گوڵەکانت پشکوتوون و خونچەکانی منیش

هەڵوەرین

برینەکان ساڕێژ دەبن بە هاتنی یادەکانت

سویکانی منیش سەریان هەڵداو 

قەترە قەترە

چۆڕانەوە ناو ناخی بەستووم.

 *ئەم چاوپێكەوتنە لەلایەن بەڕێز نەرمین عوسمان-ەوە سازكراوە

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

رێنوسی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانی هاتوچۆی هەرێم هەڵەن

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

پارستنی ئاو وەکو ئەرکێکی بنەڕەتیی ژیان

لەلایەن د.مونیرە ئەبوبەکر


News

بۆ ناهێڵن عەرەبە ئاوارەکان بگەڕێنەوە؟

لەلایەن خەڵەف غەفور


News

نەرمین عوسمان؛ خەباتگێڕێکی کۆڵنەدەر

لەلایەن هیوا محەمەد